ئاشنا ئەمیر
بردنەوە لە شەترەنج ماتکردنی پاشا نییە، بردنەوە ئەو ساتەیە کە تێدەگەی پاشاکەی ناوەوەی خۆت بپارێزی. ئێمە وا فێرکراوین، کە بردنەوە واتە؛ بەزاندنی خەڵکی تر، کۆکردنەوەی زۆرترین، هاوارکردن بە دەنگی بەرز، بەڵام لەسەر تەختەی شەترەنجدا فێردەبیت، کە ئەمە هەمووی درۆیە. بردنەوەی ڕاستەقینە دەنگەدەنگ نییە و ژمارە نییە، بردنەوە تێگەیشتنە.
لە ژیاندا، وا دەزانین دەبێت خەڵک ببەزێنین تا ببینە براوە. لە شەتڕەنجدا فێردەبین براوە ئەوە نییە کە زۆر پارچەی خواردووە، بەڵکو براوە ئەوەیە کە کەمتر هەڵەی کردووە. وەک کاسپارۆڤ دەڵێت: “بردنەوە لە شەترەنجدا ئەوە نییە کە تۆ باشترین جووڵە دەکەیت، ئەوەیە کە کاتێک بەرامبەرەکەت خراپترین جووڵە دەکات، تۆ ئامادەیت.”، هەمان شت لە ژیانیشدا ڕوودەدات، ژیان خەڵاتت ناکات لەبەر ئەوەی زۆر بەهێزیت، خەڵاتت دەکات لەبەر ئەوەی لە ساتە گرنگەکاندا هێمنیت و وریایت.
نیچە دەڵێت: “ئەوەی ناتکوژێت، بەهێزترت دەکات.” هەر دۆڕانێک لەسەر تەختەی شەترەنج وانەیەکە. هیچ مامۆستایەک وەک دۆڕان فێرت ناکات بیربکەیتەوە. بۆیە براوە ئەوە نییە کە زۆرتر دەبات، براوە ئەوەیە کە کەمتر خۆی لەبیردەکات. ئێمە زۆرجار لە شەترەنجدا بە خۆمان دەدۆڕێین، نەک بە بەرامبەرەکەمان تووڕە دەبین، پەلە دەکەین، لە ترسان پارچەیەک دەبەخشین. ژیانیش بە هەمان شێوە، بۆیە زۆربەی جار دۆڕانمان لەبەر ئەوەیە، کە گوێ لە دەنگی ناوەوەی خۆمان ناگرین.
لە شەترەنجدا فێردەبیت؛ هەموو پارچەیەک بەهای خۆی هەیە، بەڵام هیچیان پاشا نین!، ئێمە لە ژیاندا گرنگی زۆر بە وەزیر و قەڵاکان دەدەین و سەربازەکانمان لەبیردەچێت. لە کاتێکدا بۆبی فیشەر دەڵێت: “سەربازەکان ڕۆحی شەترەنجن.”، ئەو مرۆڤە بچووکانەی کە ڕۆژانە بەلایاندا تێدەپەڕین، ئەو ساتە بچووکانەی کە گرنگییان پێ نادەین، ئەو بابەتانەی بەلامانەوە گرنگ نین، لە کۆتاییدا، هەمان ئەوانەن کە چارەنووس دەگۆڕن. سەربازێکی بچووکیش دەتوانێت ببێتە هۆی ماتکردنی پاشا، ئەگەر لە شوێنی دروستدا بێت و لە کاتی دروستدا جووڵە بکات.
سەن تزو، جەنەڕاڵ و بەرپرسی هەواڵگریی چین، کە نووسەری کتێبی “هونەری جەنگ”ـە دەڵێت: “هەر جەنگێک پێش ئەوەی دەستپێبکات، براوە و دۆڕاوەکەی دیارە.”، واتە بردنەوە لە مێشکدا دەست پێ دەکات، نەک لەسەر تەختەکە. ئەو کەسەی کە پێش یارییەکە خۆی ناسیوە، ترسەکانی ناسیوە، ئارەزووەکانی کۆنترۆڵ کردووە، لە سەرەتاوە براوەیە. شەترەنج تەنها یاری نییە، بەڵکو ئاوێنەیە. لەوێ دەبینیت کاتێک تووڕەدەبیت چۆن دەدۆڕێیت، کاتێک پەلە دەکەیت چۆن دەدۆڕێیت، و کاتێک ئارام دەبیت چۆن هەموو شتێکت بۆ ڕوون دەبێتەوە. سۆکرات دەڵێت: “ژیانێک کە تێیدا بیرنەکرێتەوە شایەنی ژیان نییە.”، شەترەنجیش فێرت دەکات بیر بکەیتەوە بۆ ئەوەی ژیانەکەت شایەنی ژیان بێت!
لە کۆتاییدا تێدەگەی، براوەی ڕاستەقینە ئەو کەسە نییە کە پاشاکەی بەرامبەری مات کردووە. براوە ئەو کەسەیە کە پاشاکەی ناوخۆی ناسیوە و توانیویەتی ئارامی بپارێزێت لە ناوەڕاستی هەموو ژاوەژاوەکاندا. وەک ماندێلا کە فەرمووی: “من هەرگیز نادۆڕێم، یان دەبەمەوە یان فێردەبم.”، ئەمە فەلسەفەی شەترەنجە، فەلسەفەی ژیانیش بە هەمان شێوەیە ئێمە لە هەڵەکان و شکستەکانەوە فێردەبین.
شێوازی یاریکردنت لە شەترەنجدا، شێوازی ژیانتە. گرنگترین شت لە شەترەنجیشدا دوو شتە؛ (جووڵە و مانەوە)، جووڵە واتە بڕیار. هەر جووڵەیەک لە شەترەنجدا بڕیارێکە و هەر بڕیارێکیش ناتوانیت بیگەڕێنیتەوە وەک ژیان وایە، کاتێک جووڵە دەکەیت دەبێت بەرپرسیارێتی هەڵبگریت. یاریزانی لاواز هەموو ڕۆژێک دەیەوێت جووڵە بکات، دەیەوێت خێرا شتێک بخوات، خێرا هێرش بکات، بەڵام یاریزانی بەهێز، دەزانێت هەندێکجار باشترین جووڵە، جووڵە نەکردنە. مانەوەش هونەرە! مانەوە واتە ئارامی، واتە چاوەڕێکردن، واتە خۆڕاگری. لە شەتڕەنجدا زۆرجار دەبێت بمێنیتەوە، بەرگری بکەیت، پاشاکەت بپارێزیت، تەنانەت ئەگەر هەموو دونیا پێت بڵێت هێرش بکە.
لە ژیانیشدا هەمان شتە، هەندێکجار بردنەوە لەوەدایە، کە بمێنیتەوە، نەک هێرش بکەیت. ئەوەی دەمێنێتەوە و خۆی دەپارێزێت، لە کۆتاییدا ئەوەیە کە دەرفەتی بۆ دەرەخسێت. وەک قەڵایەک وایە لەسەر تەختەکە، ناجووڵێت، بەڵام هەموو یارییەکە دەپارێزێت. بۆیە شەتڕەنج فێرت دەکات، کەی جووڵە بکەیت و کەی بمێنیتەوە. ئەوەی ئەم دوو هونەرە بزانێت، لە شەترەنجدا نادۆڕێت و لە ژیانیشدا ون نابێت.
* بەرپرسی لقی سۆرانی سەنتەری ڤاڵا

