رۆژنامەی ھەولێر

کــــــــــــــــــــــــــــ ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــەلار

خوســــــــرەو جـــــــــــــــــــــــــــاف
لە کتاوخانەکەمدا بە دوای کتاوێکدا دەگەڕام گێژووێژ هەرچیم دەكرد نەمئەدۆزیەوە، لەپڕ چاوم کەوتە سەر ناوی کەلار، ڕوانیم چەند ساڵێک لەمەوپێش هەڵبەستێکم بۆ کەلار نوسیوە، بۆخۆم لە بیرم چوبووەوە کە لە کوێدا پاراستوومە، ئەمڕۆ ڕێکەوتی ٢-٧-٢٠٢٦ کە ڕۆژی کۆچی دوای ئازیزترین کەسم [ئەشی خێزانمە] شەش ساڵ و یانزە مانگ و یەک ڕۆژە [ئەشی] ئازیزم لە جیهان دەرچووە، ئەوە خەمێکی گەورە و هەمیشەییە بۆ من. هەڵبەستی گومبووی کەلارم بە ڕێکەوت دۆزیەوە تیشکێکی ڕووناکی کەوتە دڵ و دەروونە تاریکەکەم، هەر نەبێت لەم تاریکستانەی دنیادا بەو تیشکە ڕازیم و نەختێکیش خۆشحاڵ!

کەلار
خۆشحاڵم بەوەی کە دەبینم کەلاری ئەمڕۆ خانمانە و سەلار و نازدار لە چەقی شێروانە و لێواری ڕووباری سیروانە شێتەی ئەوسا و هێمن و ئارامی ئێستادا لەنگەری خستووە و شانی داداوە و نیونیگا دەڕوانێتە قەڵای شێروانەی پڕ زەرافەت و سەرفرازی پڕ لە ودەکاری جیهانی تەلارسازی. ئەگەربە وردی بڕوانی هەردووکیان غەزەلخوانی یەکترن و تەواوکەری یەکترن.
بڕوانە لە ڕوانگەیەکی ڕوون و گەشا
دوو ڕووحن لە یەک لەشا
زەرافەت و خانومانیی بەهاری شێروانەش سەرباقی!
ئەوە حاشاهەڵنەگرە سیحر و جادووی شێروانە نە یەکە و نە دوانە، پڕە لە ئەفسانە، پڕە لە ڕاز پڕە لە ناز، پڕە لە شادی و پڕە لە ژیان پڕە لە داهێنان و سەرکێشی.
ڕۆشنبیرانی ئەم دەڤەرە سەرقاڵی چراڕفێنی شەون بۆ مافی ڕەوا دەست بە یەخەی ئەم و ئەون.
ئەوانیش وەک من سوورن لە سەر سوێنیان و دەڵێن کەلار سوێن بێ بە جادووی ئاور و نیگا بە سەومەعەی تەمەننا، بە ئاوێنەی بێدەنگی و ئارامی، بە بت و پەیکەری سەرسامی، بە ئەوان سوێن خوارین بە تاپۆی زیندەگانی، بە حورمەتی پەشیمانی و بە کەژاوەی کەنین. بە هەسوونە زێڕینەی بەخت، بە هەندەسەی خەفەت…

خەفەت
شێروانە و کەلار و قەڵا
ئێمە قەزاوەگێڕی باڵاتین
وەک با لە دەوری ئاڵاتین
ئەوە شەست ساڵە لە کەلارەوە بە دوورم
شاران گەڕام لەندەن و پاریس و ڕۆما
درەنگ زانیم خۆمە وێڵم بە دوای خۆما
ئەو کارانەی بۆم نەکراوە
ئەو دەرگانەی لێم نەداوە
ئەو سوێنانەی بۆم نەخوراوە
لۆژ لۆژ ڕۆیشتم بە دوایانا
ئەوەی گورج بوون، ئەوان سرک بوون!
نەگەیشتم بە پایانا
ئێدی یاران…
زۆر تامی وەهم چێشتووە
زۆر چەپڵەی خنکاوم بیستووە
لە هەروەهابوونی بێ تەگبیرا، شەقەی باڵی فڕینی جیهانێ نامۆم دەبیست،
دەمویست بگەمە هەوارگەی شەرمنی
تیشکی عەشق و بەرەبەیانی ئومێد
ئەو باڵدار و منیش تازەکار
بێ پەڕ و باڵ و بێ پا، ساڵ بە دوای ساڵا
گوزەرا منی لاوێکی ئەو کەلارە کۆنە
لە غوربەتیا وێڵ بووم بە دوای خۆما
لە دڵەکوتەی تیاچوونا
لە بنوبێخی ونبوونا
لە بێدەنگی موتڵەقا، قوفڵی دەروازەی حەقیقەتم!
بەڕماڵی خەیاڵم ڕادەخست
بێ دەربەست لە ساردی و زەردەخەنەدا یان شەو پەلامار نائومێدی
ئیدی وێڵ بووم لە پەرستگای ڕەهادا لە میحرابی مەستانەدا
پارێزیم دەكرد لە تەڵەی تاوان، لەو غەریبستانە نغرۆی هۆشیاری دەیبرژاندم
بەڵام لەپی سەرگەردانیم لە سەرسنگ
دائەنا و دەموت:
لێگەڕێ ساڵێکی تر و مەودایەکی تر.
هەر وای کەیل و وێڵ شەماڵ بۆنی وڵاتەکەمی دەگاندە کەپوو و ئاوزم
وەک ساوای بێ دایک خۆم دەلاواندەوە
دەمزانی غوربەت ئینجیلێکی بێ تەقسیرە، بێ تەکبیرە…
یاران ..
ئەوە شەست ساڵە وەک ئاوارەی
وڵاتانم لە مێژووی ماندووا و هەروا ڕۆژژمێرم
هێشتا سەرگەردانی ئەبەدیەتم، سنگم پڕ لە
ئۆکسجینی ڕووداوە، هێشتا نەگەیشتومەتە
دەروازەی یەقین و حەقیقەت، سۆفیانە خەمبارم، کەلارباوانەکەم.
نابینی سەروڕشم تێکەڵەی ماش و برنجە
بە نرخی گەنجی سەندوومە، سەرمایەی دەرد و ڕەنجە.
ئاخر مەڵێ کوڕە کەلار کەلاری چیتە؟
ئەم هەموو ڕووداوە لە ژیانتا دیتە؟
هێشتا کەلار دەقی خەیاڵە
یان بەڵێنە و لە عەوباڵە؟
هەرکامیان بێ جێی سەرسوپردەم
دەستەمۆی ئەو ژیان و دەردەم!
ئەگەرچی پیری یەخەی پێگرتووم
هێشتا سەرزیندوو و نەمردووم
کاتێک نەمام لە ناو ڕیزا
تۆخوا بمنێژن لە تەنیشت ئازیزا.