رۆژنامەی ھەولێر

جوانترین وەڵامی خەڵکی سلێمانی

هاودەنگ فارووق
سلێمانی ڕەمزی خۆڕاگرییە، کڵپەی شۆڕشی نەتەوەی کوردە و لانکەی یەکەم حکوومەتی کوردییە. سلێمانی، بە گۆیژە و ئەزمڕ و هەموو یادەوەرییەکانی کوردایەتییەوە، چۆن دەبێتە خەنجەری لەتکردنی نیشتمانێکی لەتکراو؟
تەنانەت بیرکردنەوە لە لەتکردنی نیشتمانی کورد، گوناهێکی گەورەی مێژوویی و سیاسی و نەتەوەییە. ئاخر ئێوە، لەبری ئەوەی سلێمانی گەشە پێ بدەن، شەقام و ئۆتۆبان و باڵەخانەی هەوربڕی تێدا دروست بکەن و ئاو و کارەبای بۆ دابین بکەن، چۆن دێن دەیکەنە ڕەمزی لەتکردنی نیشتمانێکی داگیرکراو و وێرانکراو؟
ئایا ئەمە پاداشتی ئێوەیە بۆ سلێمانی؟ ئایا ئەمە پاداشتە کە شکستی خۆتان بخەنە ئەستۆی سلێمانی؟ ئەوانەی ئیمزایان کۆ دەکردەوە، چ وەڵامێکیان بۆ ئەم پرسیارانە هەیە؟ چ وەڵامێک دەتوانێت سلێمانی ڕازی بکات؟
لەو هەڵمەتە کەم‌دەنگەی لەبەردەم باخی گشتیی سلێمانی، بە ناوی هەرێمکردنی سلێمانی، بەڕێوە چوو، ئەوەی سەرنجی ڕادەکێشا، هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەی خەڵکی شار بوو. هیچ کەسایەتییەکی دیار، هیچ حیزبێک و هیچ چالاکوان و هونەرمەند و ڕۆشنبیرێک بەشداریی هەڵمەتەکەی نەکرد و پشتیوانیی لێ نەکرد. هەڵمەتەکە بێ پشت‌وپەنا مایەوە و بووە مایەی شەرم و شورەیی. تەنانەت بەشێکی زۆر لە میدیاکانیش ئامادە نەبوون هەواڵی هەڵمەتەکە بڵاو بکەنەوە.
ئایا ئەمە جوانترین و ڕوونترین وەڵامی سلێمانی نییە بۆ جیابوونەوە لە کوردستان؟ ئەم دیمەنە خۆی بەسە. تەنانەت ئەگەر سلێمانی تا قولەپێ لە قوڕ و لیتاوی ململا‌نێی حیزبەکاندا بچەقێت و حیزبەکان لە پەراوێزخستنی شارەکەدا بەرژەوەندیی خۆیان ببینن، خەڵکی سلێمانی لە ساتێکی ئاوادا بە کرداری خۆیان وەڵام دەدەنەوە. بۆ خەڵکی ئەم شارە مایەی شەرمە ناویان بە هەڵمەتێکی ئاوا بەدناوەوە ببەسترێتەوە. ئەم هەڵوێستەی خەڵکی سلێمانی، ڕۆشنبیران، کەسایەتییەکان، خەڵکی بەڕێز و چالاکوانانی شارەکە، وەک لاپەڕەیەکی زێڕین لە تۆماری پڕ لە سەروەریی سلێمانی و هەموو کوردستاندا دەنووسرێتەوە.
ئەم هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوەییەی خەڵکی سلێمانی هاوکات بوو لەگەڵ بڕیارێکی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق. دادگا سکاڵایەکی ڕەت کردەوە کە سەبارەت بە کاراکردنەوەی پەرلەمان پێشکەشی کرابوو. ئەو بڕیارە جارێکی تر پێگەی هەرێمی کوردستانی نیشان دایەوە و دەریخست کە ئەوانەی هەرێم بەڕێوە دەبەن، بە وردی هەنگاو دەنێن و دەزانن کەی هەنگاو بنێن و کەی قسە بکەن. لە ئەنجامدا، هەڵوێستی خەڵکی سلێمانی و بڕیارەکەی دادگا پێگەی هەرێمی کوردستانیان بەهێزتر کرد و ئەوانەیان بێ‌هیوا کرد کە پلانی لەتکردنی هەرێمی کوردستان دادەنێن.