مەشخەڵ كەوڵۆسی
لەساڵی 2011 و سەرەتای بەهاری عەرەبی و ئەو پرۆسەی ئاڵوگۆڕەی كە دەزگا هەواڵگرییەكانی دنیا لەچەند وڵاتێكی عەرەبی دروستیان كرد، هەندێك چالاكوان و مینی سیاسی دەستیانكردە جوڵەیەكی تەقلیدی و بەزۆری زۆرداری دەیانویست ئەوەی لە تونس ڕوودەدات، لەكوردستانیش دووبارە ببێتەوە، بەبێ ئەوەی لەو ڕاستییە تێبگەن كە حساباتی تونس جیایە لەهەر وڵاتێكی تر، هەرچۆن بێت، هاتنە سەرشەقام و هەوڵیاندا كۆپی ئەو بارودۆخە بكەنەوە.
بەپێوەرەكانی سیاسەت و لۆژیكی جوڵەی زلهێزەكان، هەر چاودێرێكی ئاسایی دەیتوانی تێبگات لەوەی كە ئەوەی لەكوردستان دەكرێت نەخۆڕسكە و نە بەرهەمیشی دەبێت! هەر ئەوكاتە لەڕۆژنامەی ئاسۆ چوار ئەڵقە وتارم نوسی بەناوی” پێكەوە بەرەو تێپەڕاندنی شەپۆلەكە” و لەوێدا بەوردی باسم لەو هۆكارانە كردبوو كە پێم وابوو دەبنە هۆكاری ئەوەی جوڵەكەی كوردستان هیچی لێ سەوز نەبێت و، تەنها بەداخەوە جەرگی كۆمەڵێك دایكی كورد سوتا و، كۆمەڵگەی كوردی دابەشبوو، هەندێكی دیكەش بەهۆی ئەو ناسۆرانەوە گەیشتنە پلەو پۆست و ئیمتیازات و بوونە پەرلەمانتار و، ئیدی ئاوبێنە و دەست بشۆ!.
لەئێستاشدا كەشێكی پڕلەنیگەرانی كوردستانی گرتۆتەوە، خەڵكی هەرێم لەژێر چەندین جۆری فشاری ئابووری و خزمەتگوزاری و دەرونی وسیاسیدایە. لەئێستادا دیسانەوە بەشێك لە مینی چاودێر و نوسەرەكان و، بەشێك لە میدیا و پەیچەكانیش بوونەتە ژمارەیەكی ئیزافی و، دەستیان كردۆتە شاڵاوێكی دەروونی ترسناك و تەپڵی تێكچوونی دۆخەكە و دووبارە دابەشبوونەوەی كوردستان لێدەدەن و، ئەوەش بەجارێ گوشاری سەر دڵ و دەروونی خەڵكی ئێمەی زیاد كردووە.
لەهەردوو حاڵەتەكەدا هۆكارێكی سەرەكی وامان لێدەكات پێمان وابێت ئەم شەپۆلەش تێدەپەڕێت، ئەویش ئەوەیە وەك لە كاردانەوەی زۆربەی وڵاتان و بەتایبەتی ئەمریكا دەردەوێت، هێشتا پێگەی كوردستان وەك هەرێمێكی یەكگرتوو لەناو چواچێوەی بەرژەوەندییە جیۆستراتیژییەكاندا نەگۆڕاوە، بەڵكو هەمان پێگەی لەنێو هاوكێشەكاندا هەیە.
دەمەوێ لێردەدا ئاماژە بە بابەتێكی گرنگ بدەم، كە ڕەنگە تەنها لەدۆخی كوردستاندا ئەو تایبەتمەندییە هەبێت، ئەویش ئەوەیە: ئەگەر بەراوردی كوردستان بكەین بۆ نمونە بە لوبنان یان بەحرەین، تێدەگەین سەبارەت بە بەحرەین سیاسەتی ئەمریكا و بەرژەوەندییەكانی سعودیە و ئێران، جیاوازن و ئەگەر بەرژەوەندی سعودیە لەپاراستنی تەناهی ئەو وڵاتەبێت، بەرژەوەندی ئێران بۆ فشاركردن لە سیاسەتی سعودیە ئەوەیە دۆخی ئەو وڵاتە بگۆڕێت، هەروەها بۆ لوبنان و ناوچەكانی تریش وایە. بەڵام بۆ كوردستان تەماشا دەكەین تاكە جوگرافیایەكە كە هەموو وڵاتانی یار و نەیار، بەهەموو جیاوازییەكانیانەوە هاوڕان لەسەر ئۆقرەیی و بەهێزی هەرێم.
بۆ زیاتر ڕوونبوونەوەی مەبەست، لە لێكەوتەكانی كاراكردنەوەی پەرلەماندا، دەستبەجێ ئێران لەڕێی ئاغای مسگەرییان و ئەمریكا لەڕێی مستەر تۆم باراكەوە، پەیامی خۆیان گەیاند و، ئەوەیان ڕوونكردنەوە كە سیاسەتی ئەوان چییە. بۆیە پێویستە ئەو دوو سیگناڵە هاوكاریمان بكات بۆ ئەوەی تێبگەین لەوەی كوردستان تایبەتمەندییەكی زۆر جیاوازی هەیە تەنانەت لە هەستیارترین خاڵی وەك لوبنان و بەحرەینیش ناچێت و، تاكە جێگەیەكە یار و نەیار لەسەر مانەوەی دۆخەكەی بەم شێوەیە و تێكنەچوونی باڵانسەكانی یەكڕان و سیاسەتیان دەبێتە یەك ئاراستە.
بێگومان ئەگەر پاڵنەرەكانی ئێران بۆ تەبەنیكردنی سیاسەتێكی لەو شێوەیە پەیوەندیی بە دۆخی سنورەكانییەوە هەبێت، ئەمریكاش پەیوەندی بەكۆی مەشهەدی سیاسی عێراق و ئاسایشی وزەوە هەبێت، توركیاشی دێتە سەر كە ئەویش ئیعتیباری دیكەی هەیە و، لەئێستاشدا عێراقیشی هاتۆتە سەر و، لەكۆتاییشدا هەر هەموویان یەكڕان لەسەر ئەوەی دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە، پێكەوە ئەم شەپۆلەش تێپەڕێنین.

