رۆژنامەی ھەولێر

نەخشی بیرەوەرییەکانم نەرمین کاوانی

یاسین قادر بەرزنجی
خاتوو نەرمین کاوانی یەکێکە لە هونەرمەندە خاوەن پەیامەکان کە بە نواندنە جوان و کاریگەرەکانی بووەتە مایەی شانازیی بۆ هونەری کوردی و هونەرمەندە هاوکارەکانی و ژنانی سەرفرازی نەتەوەکەمان.
ئەم ئەکتەرە هەڵکەوتووە دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی بەشی شانۆیە و دوای خزمەتێکی چەندین ساڵەی مامۆستایی، لە ئێستادا سەرپەرشتیاری هونەرییە لە چالاکی قوتابخانەکانی سلێمانی.
لە ساڵی ١٩٩٢دا چووەتە سەر شانۆو دەستی بە کاری هونەریی کردووە، ئیدی بە هۆشیاریی تەواوو بەهرەمەندیی زۆرەوە بووەتە گوڵە ئەستێرەی چەندین نمایشی شانۆیی و دراماو فیلمی سینەمایی.
لای کاوانی هونەر واتە جوانی و داهێنان، بەڵام تا ئێستا لای ئێمە هونەر ڕوو لە گەشەی پێویست نییەو لایەنە پەیوەندیدارەکان بایەخی ئەوتۆی پێ نادەن.
خاتوو نەرمین دەڵێت
[لێرە هونەر زۆر قورسە، بێگومان بۆ ئافرەت دوو ئەوەندە قورسترە، ئافرەت لە یەک کاتدا دایکەو کاری دەرەوە و ماڵەوەش دەکات، بێ لەوانەش ڕووبەڕووی داب و نەریتە دواکەوتووەکانی کۆمەڵگەش دەبێتەوە].
نەرمین لەو ئەکتەرانەیە هەڵپەی زۆر کارکردنی نییە، بەڵکو بە هەستیارییەوە بەرهەمی هونەریی باش دەکاتە پڕۆژەی کارکردنی، بە شێوەیەک شتێک بخاتە سەر خەرمانی کارەکانی پێشووتری.
ئەم هێژایە ئەکتەرێکی بە جورئەتە، بوێرانە لە درامای (ئارەزوو)دا ڕۆڵی (سەباو)ی بەرجەستە کرد، لەو بارەیەوە دەڵێت:
[دوای بەشداریکردنم لە ئارەزوودا، بە ڕچەشکێن ناویان دەبردم، خۆشحاڵم کە ڕێگام بۆ هەندێ لە کچانی بەهرەمەند کردووەتەوە، من کچی شانۆم، هەر لەوێش چاوم بە دنیای نواندن هەڵهێناوە، خونچەی خۆشەویستیم بۆ هونەری نواندن لە شانۆدا بووەتە گوڵی گەش].
نەرمین خان لە دامەزراندنەوەی تیپی هاوڕێیانی گەزیزەدا دەستەی دامەزرێنەر بووەو لەگەڵ خاتوو گەزیزەدا چەندین کاری ناوازەیان پێشکەش کردووە.
ئەم هونەرمەندە لە چەندین کاری بەنرخدا ئەکتەری دیارو سەنگین بووە، لەوانە شانۆگەرییەکانی:
*ئەنتیگۆنا
*میوانی ئەم ئێوارەیە
*خۆشترین گۆرانی
*جەنگی ژوورەکان(کە لە سلێمانی و هەولێرو ئێران و سوید نمایش کراوە)
*تارماییەکانی ئیبسن (دوا کاری بوو کە لەم ڕۆژانەدا کۆتایی بە نمایشی هات و جارێکی دیکە ئەفراندنی خۆی خستەوە بەرچاومان).
هاوکات لە ١٠ کاری درامیی تەلەفزیۆنیدا بەشداریی کاریگەری هەبووە، لەوانەش:
کاتێک خەم گوڵ ئەگرێت، ژیلەمۆ، ئارەزوو.
بەشداریشی لە فیلمی سینەماییدا ٤ فیلمی درێژو ٦ کورتە فیلمە، هەر لەمساڵدا:
*فایلی یەکی سۆنیا جەلیل زەنگنە
*تاریکترینی هەردی سەلامی
*قەفەزی سپیی ئەحمەد سەلام کە چاوەڕێی نمایشە.
لەو دەرهێنەرانەش کە کاری لەگەڵ کردوون:
گەزیزە عومەر،بەدیعە دارتاش، ئەحمەد سالار، جەلیل زەنگنە، ئەرسەلان دەروێش، مەریوان ئیبراهیم، بەکر ڕەشیدو سدیق عەزیز.
مایەوە بڵێم، بەخت یارمان بوو، من و خاتوو نەرمین لە دوو شانۆگەری و دوو درامادا پێکەوە ئەکتەر بووین، بێ لە نواندنە جوانەکانی، هەمیشە ڕێزی زۆری لە خۆی و هونەرەکەی و ئەکتەرە بەشدارەکان دەگرتوو دەیسەلماند کە سیمبولێکی نواندنە، هەر بۆیە بینەران لە هەموو شوێنێکەوە بە چاوی ڕێزەوە لێی دەڕوانن.
بەردەوامی و تەندرووستی باش و سەرفرازیت بۆ دەخوازم هاوڕێی بەنرخ و خوشکی ئازیزم خاتوو نەرمین کاوانی، ئەکتەرە درەوشاوەکەی هونەری کوردی و خۆشەویستی کوردان لە هەر کوێیەک بن.