سەردار ئەکرەم -بەریتانیا
لە دامەزراندنی تیپە شانۆییەکانەوە تا پاراستنی دەق و ئەرشیف؛ ئەمەگەشتی تەمەنی مامۆستایەکە لە خزمەتی هونەر و ڕۆشنبیریی.
لە هەر شارێکدا نمایشێک بەداخستنی پەردەکەی کۆتایی دێت، بەڵام چیرۆکی ئەو نمایشە نابێت لەگەڵ داخستنی پەردەکان لەبیر بچێت. شانۆ تەنها نواندنێک نیە لەسەر تەختە ؛ بەشێکە لە یادەوەریی شار، لە دەنگی نەوەکان و لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان. لە کۆیەدا، مامۆستاجەواد حەمەبەگی ڕەوانشاد بە نووسین، کاری شانۆیی و پاراستنی دەقە کۆنەکان، هەوڵی دابوو ئەو یادەوەرییە لە ونبوون بپارێزێت و بە مێژوویەکی نووسراو بیگەیەنێتە نەوەکانی دواتر.
حەمەبەگ لە کۆتاییی شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە ژیانی بە قەڵەم و خزمەتکردنی ئەدەب و هونەرەوە گرێدابوو. ماوەیەکی درێژ لە بواری ڕۆشنبیری و شانۆدا چالاک بووە و بە تایبەتی کارەکانی لەکۆیە لەوە زیاترە کە تەنها چیرۆکی شانۆی شارەکەی بنووسێتەوە. بەڵکوو بەشداریکردن لە دامەزراندنی تیپ و کۆمەڵە هونەرییەکان، هاندانی چالاکیی شانۆیی و کۆکردنەوەی بەڵگەی مێژوویی، هەمووی بەشێکن لە خزمەتێکی بەردەوام و دووردرێژی مامۆستا.
لە ساڵی ١٩٦٩دا تیپی شانۆی کەکۆن دامەزرا و ساڵێک دواتر تیپی شانۆی میللی کۆیە پێکهێنا. لە ١٩٧١دا تیپی شانۆی قوتابخانەی (خەرابە)ی دامەزراند و لە ١٩٧٣ له کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کۆیەدا چالاکیەکانی خۆی دەست پێ کرد. مامۆستا لە دامەزراندن و کارکردنی ئەم کۆمەڵانەدا ڕۆڵی هەبووەو دواتریش بەشداری لە دامەزراندنی لقی کۆیەی بنکەی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی گەلاوێژ لە ١٩٩٨دا هەبووە. ئەم ڕێکخراوانە تەنها ناوێکی تۆمارکراو نەبوون؛ بەڵکوو مەیدژانێک بوون بۆ کۆبوونەوەی هونەرمەندان، پەروەردەکردنی نەوەی نوێ و بەردەوکامکردنی شانۆ لە شارێکدا کە چالاکیی هونەریی خۆی بە هەوڵی تاکەکەس و گرووپە ناوخۆییەکان پێش بردووە.
یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی کارەکانی مامۆستاجەواد، گرنگیدان و پاراستنی دەق و ئەرشیفی شانۆییە. لە منداڵییەوە هەر شانۆگەرییەکی بینی بێت، هەوڵی بەدەستهێنانی دەقەکەی دەدا؛ ئەگەر بەدەستیشی نەگەیشتبا، خۆی دەینووسییەوە. هەندێک دەقی کۆنی لەناولاپەڕە زەردەکان و دڕاو دۆزیوەتەوە و نوێی کردوونەتەوە. بەشێکی دیکەی دەقەکانیشی لە شانۆکارانی دێرینی کۆیەوە بە زارەکی وەرگرتووە و تۆماری کردوون. بەم شێوەیە، ئەوەی دەکرد و تا بەتێپەڕبوونی کاتدا ڕزگاری کردن، بە نووسین و کۆکردنەوە دەیپاراستن.
پاراستنی نمایشەکان لە کاتی خۆیدا لەسەر تەختە، ئەگەر دەق و نمایشەکان تۆمار نەکرێن، خوێنەری داهاتوو ناتوانێت بزانێت چ نمایشێک پێشکەش کراوە، کێ بەشداری تێدا کردووە و شانۆ چۆن لەگەڵ ژیانی شار پەیوەندیی گرتووە. کۆکردنەوەی ئەرشیفی تیپە شانۆییەکانی کۆیە، دەرفەت بۆ توێژینەوە و خوێندنەوەی مێژووی هونەریی شارەکە دروست دەکات و یادەوەریی هونەرمەندان لە چوارچێوەیەکی بەڵگەداردا دەپارێزێت.
بەرهەمی مێژووییی ناسراوی مامۆستاجەوادحەمەبەگ، کتێبی «مێژووی سەرهەڵدانی شانۆ و دراما لە کۆیە»یە کە ماوەی ١٩٣١ تا ٢٠٠٧ دەگرێتەوە. لە کتێبەکەدا مێژووی شانۆی کۆیە بە چەند قۆناغێک پۆلێن کردووە؛ لە سەردەمی شانۆی قوتابخانەکانەوە، بۆ گواستنەوەی شانۆ بۆ دەرەوەی قوتابخانە، قۆناغی زێڕینی شانۆی کۆیە و ئاوێتەبوونی شانۆ بە سیاسەت، تا قۆناغەکانی لاوازی و هەستانەوەی چالاکیی شانۆیی. لەکتێبەکە دا قۆناغی ڕاپەڕین و ماوەی ٢٠٠٣ تا ٢٠٠٧ دەگرێتەوە. ئەم پۆلێنکردنە مێژووی شانۆ وەک پرۆسەیەکی بەردەوام پیشان دەدات، نەک وەک چەند نمایشێکی جیاواز و بێپەیوەندی.
گرنگیی ئەم بەرهەمە لەوەدایە کە مێژووی هونەر لە چوارچێوەیەکی دیاریکراوی ناوخۆییدا تۆمار دەکات. مێژووی شانۆی کوردی لە شار و ناوچە جیاوازەکاندا بە شێوەی جیاواز گەشەی کردووە؛ بۆیە بۆ دروستکردنی وێنەیەکی تەواو، پێویستە مێژووی هەر شوێنێک و ئەو کەسانەی خزمەتیان کردووە بنووسرێنەوە. کتێبی حەمەبەگ بە تەرخانکردنی سەرنج بۆ کۆیە، بەشێک لەو وێنەیە تەواو دەکات و بەرهەمێک دەخاتە بەردەستی ئەوانەی دەیانەوێت شانۆی کوردی و قۆناغەکانی گەشەی بناسن.
هەوڵەکانی حەمەبەگ تەنها لە شانۆدا نەوەستان. ئەو لە بیرۆکەی بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵ بەژداربووە.
مامۆستاجەوادحەمەبەگ لە هەڵسەنگاندنی ژیانی کاری خۆیدا پێداگری لەوە کردووە کە خزمەتکردنی ئەدەب و هونەر بە مەبەستی وەرگرتنی پاداشت نەبووە. خۆشەویستیی خاک و خزمەتکردنی هونەر بوونەتە هۆی بەردەوامبوونی. لە ماوەی کارەکەیدا لەلایەن چەند لایەنێکەوە ڕێزی لێ گیراوە و خەڵات کراوە، بەڵام ئەوەی لە کارەکەیدا دیارە تەنها خەڵات و ڕێزلێنان نییە؛ بەڵکوو ئەو بەڵگە و دەقانەن کە بۆ داهاتوو بەجێی هێشتوون.
لە دیدی مامۆستادا، بەشێک لە کێشەی شانۆی کۆیە نەبوونی هۆڵی شیاو و کەمگرنگیپێدان بە هونەرە. پێویستە شانۆکاران دەرفەتی ئەوەیان هەبێت کات و توانایان بۆ کاری شانۆیی تەرخان بکەن و ڕێزگرتن لە وێژەکار و هونەرمەندان بگەڕێتەوە. ئەووتەی مامۆستا کە دەڵێ «وڵاتی بێ شانۆ وەک گۆڕستان وایە» پوختەی باوەڕێکی قووڵە بە گرنگیی ئەم هونەرە؛ چوونکە شانۆ تەنها شوێنی خەندە و خەم نییە، بەڵکوو دەرفەتێکە بۆ بینینی کێشەکانی کۆمەڵگا، بیستنەوەی دەنگی مرۆڤ و پاراستنی هۆشیاریی ڕۆشنبیری.
جەواد حەمەبەگ بە قەڵەم، تیپە شانۆییەکان و ئەرشیفی کۆکردوە، بەشێکی گرنگی مێژووی هونەریی کۆیەی پاراستووە. نووسینەکانی یادمان دەخاتەوە کە هونەر تەنها بە نمایشکردن بەردەوام نابێت؛ پێویستی بە کەسانێک هەیە کە دەقەکان بنووسنەوە، بەڵگەکان بپارێزن و چیرۆکی هونەرمەندان بە نەوەکانی داهاتوو بگەیەنن. لەو مانایەدا، بەرهەمی حەمەبەگ تەنها گەڕانەوەیەک بۆ ڕابردوو نییە، بەڵکوو بنیاتنانەوەی یادەوەرییەکی هاوبەشە بۆ داهاتووی شانۆی کوردی.

