ئەمڕۆ چوارشەممە 11/11/2026، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیوانی پارێزگای هەولێر، لەگەڵ ژووری ئۆپەراسیۆنی بەڕێوەبردنی قەیران، کۆبوونەوەیەک بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بەڕێوەچوو.
ئامانجی کۆبوونەوەکە ئامادەکاری و هاوئاهەنگی نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکان بوو، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بارانبارینی زۆر و ڕێگرتن لە مەترسییەکانی لافاوی پێشبینینەکراو.
لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوەڕۆی هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری، سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، تیمەکانی پارێزگا، لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندازیارانی پسپۆڕ بەشدار بوون.
لە دانیشتنەکەدا، دۆخی لافاوی ڕابردوو و زیانەکانی کۆبوونەوەی ئاوی باران، بە تایبەتی ئەو ئاوانەی لە ناوچە بەرزاییەکان و دەرەوەی شاری هەولێرەوە ئاراستەی شار بوونەوە، بە وردی تاوتوێ کران و هۆکارەکان و ڕێکارەکانی چارەسەرکردنیان خرانە بەرباس.
هەروەها، جەخت لەسەر پێویستیی دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی و درێژخایەن کرایەوە، بە تایبەتی ئامادەکردنی ماستەرپلانی گشتگیری ئاوەڕۆی باراناوی بۆ شاری هەولێر، بە شێوەیەک کە بتوانێت ئاوی باران لە سەرجەم ناوچەکانی شار و دەوروبەری کۆبکاتەوە و بە ڕێڕەوی گونجاو ئاراستەی بکات.
لە کۆتاییدا، گرنگی بەردەوامی هاوئاهەنگی و هاوکاری نێوان هەموو دەزگا پەیوەندیدارەکان خرایە ڕوو، بۆ دانانی پلان و ڕێکاری زانستی و پراکتیکی، بە مەبەستی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو و پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان و ژێرخانی شاری هەولێر .

