رۆژنامەی ھەولێر

مەترسیی سستبوونی گورچیلەکان و دووبارەبوونەوەی هەوکردنی میز لە منداڵاندا

ماکوان عێزەت – هە‌ولێر

دووبارەبوونەوەی هەوکردنی کۆئەندامی میز لە منداڵاندا تەنها نەخۆشییەکی کاتی نییە، بەڵکوو دەکرێت ئاماژەیەکی مەترسیدار بێت بۆ بوونی کێشەیەکی پەنهان لە کۆئەندامی میزەڕۆدا. پسپۆڕێکی نەشتەرگەریی میزەڕۆ هۆشداری دەداتە دایکان و باوکان کە دەستبەجێ بەدەم نیشانەکانەوە بچن و پشتگوێی نەخەن، چوونکە دواکەوتنی چارەسەر مەترسیی لەکارکەوتنی گورچیلەکانی لێ دەکەوێتەوە.

لەوبارەیەوە، د. سامان ساڵح فەخرەدین، پسپۆڕی نەشتەرگەریی کۆئەندامی میزەڕۆ (پڕۆستات و میزڵدان و بەشی خوارەوەی جۆگەی میز) جەختدەکاتەوە: ئەگەر منداڵەکەت بەردەوام تووشی هەوکردنی بۆرییەکانی میز و میزڵدان دەبێت، پێویستە زۆر بەئاگا بن و بەزوویی سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن. کاتێک منداڵەکە دەرمان وەردەگرێت و لە ماوەیەکی کەمدا نەخۆشییەکەی سەرهەڵدەداتەوە، ئەوە زەنگێکی مەترسییە و نابێت بێدەنگیی لێ بکرێت.
ئەو پسپۆڕە پەیامێکی ئاراستەی دایک و باوکان کرد، بەتایبەتی ئەوانەی منداڵی کچیان هەیە و وتی: ئەگەر منداڵەکەت بەردەوام نیشانەکانی وەک هەوکردنی میزڵدان، کزانەوە، یاخود لەرز و تای هەیە، نابێت پشتگوێ بخرێت؛ لەوانەیە کێشەیەکی گەورەتر لەپشت ئەم دووبارەبوونەوەیە هەبێت، ئەویش گەڕانەوەی میزە لە میزڵدانەوە بەرەو گورچیلەکان (Vesicoureteral Reflux). ئەم دۆخە ئەگەر بێ چارەسەر بمێنێتەوە، لە ماوەی چەند ساڵێکدا گورچیلەکان بەرەو سستبوون دەبات و کاریگەرییەکی خراپ لەسەر کارکردنیان دروست دەکات.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی دەستنیشانکردنی ئەم گرفتە کە زۆرینەی دایکان پرسیاری لەبارەوە دەکەن، د. سامان ڕوونیکردەوە: پێویستە پشکنینی تیشکیی تایبەت بۆ میزڵدان لەڕێگەی دانانی سۆندەوە ئەنجام بدرێت (VCUG)، تا دەربکەوێت ئایا میز لە میزڵدانەوە بەرەو گورچیلەکان دەگەڕێتەوە یان نا. لە ئەگەری بوونی گەڕانەوەی میزدا، ڕێکاری تایبەتی پزیشکی و چارەسەری پێویست دەگیرێتەبەر و ناهێڵدرێت نەخۆشییەکە پەرە بسێنێت، چوونکە کەمتەرخەمی لەم حاڵەتەدا زیانی قەرەبوونەکراوە بە تەندروستیی منداڵەکە دەگەیەنێت.