زەنوێر ئەحمەد محەمە
خێزان بەردی بناغەی کۆمەڵگایە و تەندروستی و ئارامیی کۆمەڵگا ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە سەقامگیریی خێزانەوە خێزان یەکەم قوتابخانەی ژیانە کە تێیدا تاک فێری بەها مرۆییەکان، وەک ڕەوشت، ڕێزگرتن و بەرپرسیارێتی دەبێت کاتێک خێزانێک لەسەر بنەمای خۆشەویستی و لێکتێگەیشتن دروست دەبێت تاکێکی هاوسەنگ و هۆشیار پێدەگەیەنێت کە دەبێتە مایەی ئاوەدانی و پێشکەوتنی کۆمەڵگا
لە بنیاتنانی خێزانێکی سەقامگیر و تەندروستدا یەکسانی و هاوسەنگی لەنێوان ئەندامانی خێزاندا ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت هاوبەشی لە بڕیاردان دابەشکردنی بەرپرسیارێتی و ڕێزگرتن لە ماف و بۆچوونی یەکتری، بنەمایەکی سەرەکییە بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی خێزانیی تەندروست و پڕ لە متمانە ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە خێزانییەکان و پەروەردەکردنی تاکێکی هۆشیار و بەرپرسیار.
لە جیهانی ئەمڕۆدا خێزان ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە پاراستنی کەلتوور و زمان و ڕەسەنایەتیی نەتەوەیەک، هەروەها وەک قەڵغانێک تاکەکان لە ئاڵۆزی و سەختییە دەروونییەکان دەپارێزێت. لە ڕاستیدا لە ژینگەی خێزانەوەیە کە بنەمای متمانەبەخۆبوون و هەستی پێکەوەبوون دروست دەبێت چونکە مرۆڤ هەرچەندە لە دەرەوە ڕووبەڕووی سەختی و ڕۆژە ناخۆشییەکانی ژیان دەبێتەوە، دیسان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای خۆی تا پشوویەک بدات و دووبارە بەهێز ببێتەوە
لە لایەکی دیکەوە، ناکۆکی و توندوتیژی لەناو خێزاندا دەتوانێت کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر تەندروستی دەروونی و کەسایەتیی منداڵان دابنێت. ژینگەیەکی خێزانی پڕ لە گرژی و نائارامی هەستی متمانەبەخۆبوون و ئارامیی دەروونیی منداڵ لاواز دەکات بۆیە چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی، هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی نەوەی داهاتوو.
لە هەمان کاتدا ئافرەت وەک یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی خێزان ڕۆڵێکی گرنگ لە پەروەردە و بنیاتنانی نەوەیەکی هۆشیاردا دەبینێت بەڵام ئەم ڕۆڵە تەنها لە پەروەردەکردنی منداڵاندا کورت نابێتەوە بەڵکو بەشداریی ئافرەت لە بڕیاردان، سەربەخۆیی و بەشداریی کاریگەر لە ژیانی خێزاندا یارمەتیدەرە بۆ دروستکردنی خێزانێکی هاوسەنگ و پێشکەوتوو لەبەر ئەوە پشتگیریکردن لە تواناکان و مافەکانی ئافرەت بەشێکی گرنگە لە پرۆسەی بنیاتنانی خێزانێکی هۆشیار
هەر بۆیە گرنگیدان بە پەروەردەی خێزان و بەهێزکردنی شیرازەکەی ئەرکێکی هاوبەشی هەمووانە چونکە کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو و ئارام لە بنەڕەتدا بەرهەمی خێزانێکی هۆشیارە و ئەمەش یەکەم هەنگاوە بەرەو بنیاتنانی داهاتوویەکی ڕووناکتر و ئارامتر بۆ هەموو کۆمەڵگا.

