حزب و کەسایەتی و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان، پێشوازییان لە بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی کرد و بە دەرفەتێکی نوێی دەزانن تا لایەنە سیاسییەکان ململانێ سیاسییەکانیان کەم بکەنەوە و لە پێناو بەرژەوەندی گەلی کوردستان بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
غەفوور مەخموری، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندووە”لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار سەرۆک بارزانی دەستپێشخەریی کردووە، بەردەوام بۆ ئاساییکردنەوەی گرژییەکان و ناکۆکییە سیاسییەکانی کوردستان دەستپێشخەریی هەبووە. بێگومان ئەو پەیامەی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی لە کاتێکی زۆر هەستیاردا درا، ئێمە پێشوازیی لێ دەکەین و پشتیوانی لە ناوەڕۆکی پەیامەکە دەکەین، کە جەختدەکاتەوە سەر ئەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی و پارتی پێکەوە دابنیشن و بگەنە ئەنجامێک، هەروەها داوای لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکە کردووە بەشداریی کارایان هەبێت لە پرۆسەی سیاسیی کوردستان، بۆ ئەوەی بە هەموو لایەک حکومەتێكی بنکەفراوان پێکبهێنرێت.”
دەشڵێت؛ ئەو پەیامە لەم کاتەدا گرنگە و لەگەڵ هەستیاریی رەوشی کوردستان و دۆخی ناوچەکەدا دەگونجێت، بۆیە پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پێشوازی لەو پەیامەی سەرۆک بارزانی بکەین و هاوکاربین بۆ نەهێشتنی گرژی و ململانێ سیاسییەکان.”
هەر لە کاردانەوەی بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانیدا، هاوپەیمانیی مەسیحی لە راگەیەنراوێکدا پێشوازی لە بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی بۆ گفتوگۆ و کۆتاییهێنان بە قەیرانی سیاسی کرد و جەختی کردەوە، پاراستنی بەرژەوەندیی گەلی کوردستان و قەوارە و دامەزراوەکانی، بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە و لە سەرووی بەرژەوەندییە حزبییەکان و ناکۆکییە سیاسییەکانەوەیە.
هاوپەیمانییەکە داوای لە هەموو هێزە سیاسییەکان کردووە پشتگیری لەم دەستپێشخەرییە بکەن و بیکەنە رێککەوتنێکی نیشتمانی بۆ پاراستنی یەکێتیی هەرێمی کوردستان لە رووی دەستووری، سیاسی و جەماوەرییەوە، تاوەکو دامەزراوەکان کارا بکرێنەوە و خواست و ئومێدەکانی هاووڵاتیان بەدی بهێنرێت.

