سهههند كۆیی
مێژووی مرۆڤایەتی لە بنەڕەتدا تابلۆیەکی ڕەنگاوڕەنگە لە بەرهەمهێنانی هزری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی کە بە هاوبەشی لە نێوان هەردوو ڕەگەزدا کێشراوە، بە جۆرێک کە هیچ قۆناغێک بێ بەشداری و دەستتێوەردانی هۆشیارانەی ئافرهتان نەتوانیوە ڕێرەوی خۆی بەرەو پێش ببات. ئەگەرچی بۆ ماوەیەکی درێژ لە گێڕانەوە نەریتخوازەکاندا ڕۆڵی خانمان پشتگوێ خراوە یان کورت کراوەتەوە بۆ چوارچێوەیەکی تەسک، بەڵام بەڵگە مێژوویی و تێڕامانە فیکرییەکان ئەوە دهسەلمێنن کە ژن هەمیشە بنیادنەر و پارێزەر و نوێگەری بنچینەیی بووە لە پەرەپێدانی شارستانییەتەکاندا. لە دێرینترین قۆناغەکانەوە تاوەکو دەگاتە سەردەمی نوێ و جووڵانەوە هاوچەرخەکان، ئهوان نەک هەر وەک وەرگری دۆخەکە، بەڵکو وەک بزوێنەری سەرەکی لە گۆڕانکارییە ڕۆشنبیری و ئەدەبی و مەعریفییەکاندا دەرکەوتوون. لەم ڕوانگەیەوە، مەبەستمان تەنها گەڕان نییە بە ناو لاپەڕەکانی ڕابردوودا، بەڵکو ئامانجمان ئەوەیە ئەم بنەما هۆشیاری و بەها کۆمەڵایەتییانە بە شێوازێکی زانستی و هاوسەنگ بخەینە ڕوو.
بنیاتی مێژوویی نەتەوەکان و پشتبەستن بە ڕەهەندی مەعریفی و کۆمەڵایەتی
لە قۆناغە سەرەتاییەکانی بونیادنانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا، ژنان ڕۆڵێکی کارا و یەکلاکەرەوەیان لە ڕێکخستنی ژیانی ڕۆژانە و بەرھەمھێنانی زانیاریی سەرەتایی ھەبووە، بە جۆرێک کە چەمکە بنەڕەتییەکانی کشتوکاڵ و پاراستنی نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و ڕاهێنانی نەوەکان لەسەر بەرپرسیارێتی و هۆشی ئەوان ڕاوەستابوو. هەر بۆیە لە شارستانییە کۆنەکانی میزۆپۆتامیا و ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا، ئافرهتان تەنها لە چوارچێوەی ماڵدا قەتیس نەبوون، بەڵکو خاوەنی پێگەی ئایینی و ڕوحانی و کارگێڕی بوون کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاراستەکردنی ڕەوتی کۆمەڵگە هەبووە. بۆ نموونە، لە مێژووی کۆنی ناوچەکەدا، کەسایەتییەکی وەکو ئێن هیدوانا، کە کچی سارگۆنی ئەکەدی و کاهینی گەورەی شاری ئۆر بوو، توانی لە ڕێگەی دەقە كۆنهكانهوه بناغەی یەکەمین نەریتە ئەدەبی و هۆشیارییەکان دابمەزرێنێت، کە ئەمەش نیشانەی ڕوونی بوونی پێگەیەکی پێشەنگە لە بونیادنانی بناغەی عەقڵیی مرۆڤدا. هەروەها، لەو سەردەمە، پاراستنی سامانە زارەکییەکان و چیرۆکە مێژووییەکان و بایەخپێدان بە ئەزموونی ژیان و گواستنەوەی زانیاریی پزیشکی و ڕوەکی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر، لەلایەن کەسایەتییەکی وەکو: مەریەتی ئەتسێپ لە میسری کۆندا وەک پزیشکی باڵا بەڕێوە دەچوو، یان وەک: دیوتیما کە وەک فەیلەسوف و مامۆستایەکی ڕۆحی کاریگەری هەبووە. ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە بنیاتی مێژوویی نەتەوەکان تەنها بە هێزی سەربازی و دەسەڵاتی سیاسی نەبەستراوەتەوە، بەڵکو کۆڵەکە سەرەکییەکەی بریتی بووە لەو ڕەهەندە مەعریفی و کۆمەڵایەتییەی کە لەلایەن ژنانەوە پارێزراوە و پەرەی پێدراوە. لێرەدا دەردەکەوێت کە بەشداریی سەرەتایی ئهوان لە مێژوودا، بنیاتنانێکی هەمه چەشن بووە کە تێیدا لایەنە بەرجەستە و ڕۆحییەکانی کۆمەڵگە پێکەوە گرێ دراون، به بێ ئەوەی هیچ كامێكیان پشتگوێ بخرێت.
تێکشکاندنی قەفەسە نەریتخوازەکان و خستنەڕووی گوتارێکی سەربەخۆ
لە سەردەمی نوێ و لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشە فیکری و هۆشیارییە گەورەکاندا، ئافرهتان توانیویانە پێگەی خۆیان لەناو ناوەندە ڕۆشنبیری و ئەکادیمییەکاندا فراوانتر بکەن و ببنە خاوەنی گوتارێکی سەربهخۆ کە ئاراستەی کۆمەڵگە دەگۆڕێت. ئهویش لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی وتار و نووسینی لێکۆڵینەوە و دامەزراندنی ناوەند و بڵاوکراوە ئەدەبییەکان، لهم ڕوانگهیهشهوه، ژنان ڕۆڵێکی بەرچاویان لە تێکشکاندنی قەفەسە نەریتخوازەکان و خستنەڕووی ڕوانگەیەکی نوێ بۆ ناو کایەی گشتی گێڕاوه. لەم پێناوەدا، خانمانی پێشەنگی وەک: مەی زێعادە لە فەڵەستین لە ڕێگەی کۆڕە فیکرییەکانیهوه و ماری وۆڵستۆنکرافت لە لەندەن بە داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان و عائیشە تەیموریە لە قاهیرە بە بەرهەمە ڕەخنەییەکانیان، ڕێبازی ئازادی و هۆشیاریی کۆمەڵگەیان هێنایە کایەوە. ئەم بەشدارییە هزرییە تەنها بەرگریکردن نەبووە لە مافەکانی مرۆڤ و یەکسانیی جێندەری، بەڵکو بەشدارییەکی چالاک بووە لە بوارەکانی عەقڵانیەت و بیرکردنەوە و ڕەخنەی ئەدەبی و کۆمەڵناسی و زانستە مرۆییەکاندا، کە بەهۆیەوە ئاڕاستەی هۆشیاریی گشتی گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە. كهواته، بزووتنەوە ڕووناکبیرییەکان لە قۆناغە جیاوازەکاندا قەرزاری ئەو دەنگە پێشەنگانەن کە لەلایەن ئافرهتانهوه بەرهەم هێنراون، چونکە ئەوان توانیویانە دیدگاگەلێکی ڕەسەن سەبارەت بە دادپەروەری و مافە بنەڕەتییەکان بخەنە ڕوو، کە بووەتە بناغەی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو. لە ڕێگەی بەرهەمە چاپکراوەکان و گۆڤارە فیکرییەکان و کۆڕە زانستییەکانەوە، هەمیشە وەک هێزێکی داهێنەر دەرکەوتوون کە توانای تێپەڕاندنی لەمپەرە کۆمەڵایەتییەکانی هەبووە. ئەمەش وای کردووە کە کایەی ڕۆشنبیری لە دۆخێکی تاکڕەوانەوە بگوازرێتەوە بۆ دۆخێکی فرەلایەن و دەوڵەمەندتر، کە تێیدا دەنگی هەردوو ڕەگەز بە شێوازێکی هاوسەنگ بەشداری لە داڕشتنی ئاراستەی داهاتووی عەقڵانی و فەرهەنگیدا بکەن.
کاریگەریی کەسایەتییە مەزنەکان لە پاراستنی ئەرشیفی کولتووریدا
زمان و کەلەپوور دوو کۆڵەکەی سەرەکیی بونیادنانی هەر ناسنامەیەکی نەتەوەیین، لەم سۆنگهیهوه، ئافرهتان هەمیشە وەک پارێزەر و گواستەرەوەی سەرەکیی ئەم سامانە دەوڵەمەندە ڕۆحی و مەعنەوییە ناسراون. لە ڕێگەی پەروەردەکردنی خێزانی و گێڕانەوەی داستانە فۆلكلۆریهكان و گۆرانییە ڕەسەنەکان و پاراستنی وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگە، کە لە مێژوودا لەسەر دەستی کەسایەتییە مەزنەکانی لە مێژوودا لەسەر دەستی کەسایەتییە مەزنەکانی وەکو: شاعیری بەتوانا: فروغ فەرخزاد لە ئێران و ڕۆماننووسی لێهاتوو: خالیدە ئەدیب ئادێڤار لە تورکیا و نووسەر و ڕۆشنبیری ناسراو: ئەمروتە پریڤاتام لە هیندستان، لە ڕێگەی گەشەپێدانی ئاخاوتنی ڕەسەن و پاراستنی ئەرشیفی کولتوورییەوە پەرەی پێدراوە. بەمەش خانمان توانیویانە بەرگری لە ڕەسەنایەتیی کۆمەڵگە بکەن لە بەرامبەر شەپۆلی کاڵکردنەوە و بێگانەبووندا. ئەم ڕۆڵە پارێزەرییە تەنها لە چوارچێوەی ماڵدا نەماوەتەوە، بەڵکو لە ڕێگەی بەشداریپێکردنی کارا لە بوارەکانی هونەر و ڕستن و چنین و نەریتە میللییەکانەوە، بووەتە هۆی پاراستنی پێناسەی کەلەپووری لە ناوچە جیاوازەکاندا. جگە لەوەش، لە بواری دەوڵەمەندکردنی زمانی دایکدا، ئافرهتان لە ڕێگەی بەکارهێنانی پەیڤە دێرینەکان و پاراستنی زاراوە کۆنەکان لەناو ماڵ و کۆمەڵگەدا، ڕۆڵێکی بێوێنەیان لە مانەوەی ئاخاوتنی دایکدا بینیوە، بە بێ ئەوەی ڕێگە بدەن کایەی نامۆبوون بەسەریدا زاڵ بێت. هەر بۆیە کاتێک سەیری مێژووی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی دەکەین، دەبینین کە ژنان هەمیشە پردێکی بەهێز بوون لە نێوان ڕابردوو و داهاتوودا، بە جۆرێک کە توانیویانە بەها جوانەکان بۆ نەوەکانی دواڕۆژ بگوازنەوە. ئەم ئەرکە مەزنە نیشانەی هۆشیارییەکی قووڵی کۆمەڵایەتییە کە لە ڕێگەیەوە بنەماکانی مانەوە و بەردەوامیی نەتەوەیەک پارێزراون، و ئەمەش پێگەی ژن بە شێوازێکی بێگەرد لە بونیادنانی کەلەپووردا جێگیر دەکات.
ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان لە ناوەندە ئەکادیمی و ڕۆشنبیرییەکاندا
سەڕەڕای ئەو دەستکەوت و بەشدارییە مەزنانەی کە ئافرهتان لە دروستکردنی مێژوو و جووڵانەوە ڕووناکبیرییەکاندا هەیانبووە، بەڵام لە ڕێگەی ئەم گەشتەدا، رووبەڕووی کۆمەڵێک بەربەستی سیستماتیک، کولتووری و سیاسی بوونەتەوە کە ڕێگریان لە دەرخستنی تەواوی تواناکانیان کردووە. کەچی لە بەرامبەردا، کۆمەڵگە پیاوسالارەکان و نەریتە داخراوەکان هەمیشە هەوڵیان داوە ڕۆڵی ژن لە چوارچێوەیەکی لاوەکیدا سنوردار بکەن و قەڵغانیان دروست کرد بۆ پەراوێزخستنیان لە چوارچێوەی ئاراستە سیاسی و ڕۆشنبیرییە هەستیارەکاندا. ئەمە بوه هۆی ئەوەی کە بەشێکی زۆر لە بەرهەم و داهێنانەکانی خانمان لە مێژووی نووسراودا پشتگوێ بخڕێن یان بە ناوی کەسانی ترەوە تۆمار بکرێن، کە ئەمەش نادادپەروەرییەکی مێژوویی گەورەیە و پێویستی بە هەڵسەنگاندن و ڕاستکردنەوەی زانستی هەیە. ههر بۆیه، لە پێناوی تێکشکاندنی ئەم سەختییە نەرێنییەدا، تێکۆشەر و بیرمەندانی وەکو: نەوال سەعداوی لە میسر و ڤیرجینیا وۆڵف: لە بەریتانیا و فاتیمە مەڕنیسی: لە مەغریب، هەڵسان بە ڕەخنەگرتنی ئەم سیستەمە و داکۆکیکردن لە ماف و مێژووی ژنان. کە ئەمەش بووە بنەمایەک بۆ دەرخستنی حەقیقەتی گۆڕانکارییە فکرییەکان و هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لە گرنگیی بەشداریی کارایان. وەک هەنگاوێکی بنەڕەتی بۆ تێپەڕاندن و چارەسەرکردنی ئەم کاریگەرییە خراپانە. پێویستە هەنگاوی جددی و هۆشمەندانە بنرێت بۆ تۆمارکردنەوەی مێژوو بە شێوازێکی دادپەروەرانە و بێلایەن، بە جۆرێک کە ڕۆڵی ڕاستەقینەی ئافەرینەرانی داهێنان لە گەشەپێدانی شارستانییەتدا دەرخات. هەروەها، ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان لە ناوەندە ئەکادیمی و ڕۆشنبیرییەکاندا و هاندانی توێژینەوەی سەربەخۆ لەسەر کەسایەتییە ژنە پێشەنگەکان، هاوسەنگی و ڕاستیی مێژوویی دەگەڕێنێتەوە بۆ لاپەڕەکانی ڕابردوو. کەواتە؛ ناساندنی ئەم پێگە مێژووییە و پتەوکردنی ڕەهەندە ڕۆشنبیرییەکەی، تەنها داواکارییەکی مەدەنی نییە، بەڵکو پێویستییەکی بنەڕەتییە بۆ مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی هۆشیارتر و دادپەروەرتر و گەشەسەندووتر بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی.

