رۆژنامەی ھەولێر

فیلمی ڕوخسارقوڕین؛ لە ئەکتەرێکی خاوەن خەونەوە بۆ بوونەوەرێکی ترسناک

حەسەن ئاندێکی – هەولێر

فیلمی روخسارقوڕین (Clay face) یەکێکە لە بەرهەمە ترسناکەکانی جیهان و،چیرۆکی گۆڕانی چارەنووسی مرۆڤێک و لەدەستدانی ناسنامەی ڕاستەقینەی دەگێڕێتەوە. مات هاگن، ئەکتەرێکی خاوەن ئامانج و هیوایە،لە سەرەتادا بەدوای سەرکەوتن و بەدەستهێنانی شوێنێکی دیار لە جیهانی سینەما دەگەڕێت، بەڵام ڕووداوێکی چاوەڕواننەکراو ژیانی بە تەواوی دەگۆڕێت و ڕوخسار و جەستەی تووشی گۆڕانکارییەکی ئالۆز دەبێت.

مات، لە ئەنجامی ئەو ڕووداوەدا، هەموو ئەو شتانەی پێشتر بەهایان پێی بەخشیوە، لەدەست دەدات و، دەوروبەرییەوە پشتگوێی دەخەن. بۆیە پەنا دەباتە بەر چارەسەرێکی زانستیی پێشکەوتوو، بە هیوای ئەوەی بتوانێت شێوەی پێشووی خۆی بگەڕێنێتەوە. بەڵام ئەو چارەسەرە لەبری چاککردنەوەی ژیانی، دەبێتە سەرەتای گۆڕانکارییەکی ترسناک کە کاریگەری لەسەر جەستە، هۆش و ناسنامەی مرۆیی دادەنێت. مات هاگن وردە وردە لە ئەکتەرێکی ئاساییەوە دەگۆڕێت بۆ بوونەوەرێکی مەترسیدار، کە توانای گۆڕینی شێوەی جەستەی هەیە و ڕێگای توندوتیژی و تۆڵەسەندنەوە دەگرێتەبەر. فیلمەکە جوانیی دەرەکی، خۆبەزلزانین و کاریگەریی زانست لەسەر ژیانی مرۆڤ دەخاتە ڕوو. فیلمی ڕووگۆڕاو بە تێکەڵکردنی ترسی جەستەیی و دەروونی، هەوڵ دەدات ئەو پرسیارە بخاتە ڕوو ئەگەر مرۆڤ شێوەی دەرەوەی خۆی لەدەست بدات، تا چەند دەتوانێت ناسنامە و مرۆڤایەتیی خۆی بپارێزێت؟
سەرچاوە
www.clayfacemovie.com