رۆژنامەی ھەولێر

کارکردن لە پڕۆژەی دروستکردنی شەقامە ناوخۆییەکانی قەرەبووی گوندی کۆری، لە قۆناغی یەکەم لە رۆنی A، بە شێوەیەکی چڕ و بەردەوام بەڕێوەدەچێت.

لەمبارەیەوە، ئەندازیار کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، بەهۆی نزیکبوونەوەی وەرزی زستان و وادەی دەستپێکردنی باران بارین، سەرپەرشتیاران و تیمە جێبەجێکارەکانی ڕاسپارد بە چڕترکردنەوەی هەوڵەکان و خێراکردنی کارەکان، بە مەبەستی تەواوکردنی پڕۆژەکە لە وادەی دیاریکراودا.

ئەم پڕۆژەیە کە لەسەر داهاتی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر و بە شێوەی جێبەجێکردنی ڕاستەوخۆ ئەنجام دەدرێت، گوژمەکەی بریتییە لە (٥٥١,٨٤٥,٠٠٠) پێنج سەد و پەنجا و یەک ملیۆن و هەشت سەد و چل و پێنج هەزار دینار.

پڕۆژەکە ئامانجیەتی ژێرخانی ناوچەکە باشتر بکات و هاتووچۆ بۆ هاووڵاتییان ئاسان بکات و شێوازێکی شارستانی بە شەقامە ناوخۆییەکانی قەرەبوو ببەخشێت.

ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر