رۆژنامەی ھەولێر

رۆژی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەتوركیا دیاری كرا

كارزان گلی – هە‌ولێر

راوێژكارێكی باڵای رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا رایگەیاند، پێویستە توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە تا ئەردۆغان بتوانێت بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بەبەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە توركیا.

محەممەد ئوچووم، راوێژكاری باڵای سەركۆماری توركیا، لەدیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا باسی لەهەڵبژاردنی پێشوەختە كرد لەتوركیا.
ئوچووم گوتی: ”بۆ ئەوەی ئەردۆغان بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بەبەربژێر، پێویستە لەمانگی سێی ٢٠٢٨ توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەڵام وەكوو خۆم مانگی نیسانم پێ باشترە.“
ئەردۆغان دوو خولە سەركۆماری توركیایە لەسیستەمی كۆماریدا، بەگوێرەی دەستووری توركیا بێت، هەموو كەسێك بۆی هەیە دووجار سەركۆمار بێت، بۆیە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ناتوانێت خۆی بەربژێر بكاتەوە.
بەڵام ئەگەر بێت و لەخولی دووەمدا پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە و توركیا بباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەوكات خولی دووەمی بۆ حیساب ناكرێت و دەتوانێت بۆ جاری سێیەم خۆی بەربژێر بكاتەوە.
بۆ ئەوەی پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە، پێویست دەكات لەكۆی ٦٠٠ پەرلەمانتار ٣٧٠ دەنگی بەڵێی هەبێت، دەنگی ئاكەپە و مەهەپەی هاوپەیمانیی ٣٤٠ كورسی دەبێت، بۆیە ناچارن روو لە دەم پارتی بكەن تا بەهانایانەوە بچێت بۆ هەڵوەشانەوەی پەرلەمان.
بەگوێرەی زانیارییەكانی میدیاكانی توركیا، دەم پارتی لەسەر داوای عەبدوڵا ئۆجەلان، دەنگ بەهەڵوەشانەوەی پەرلەمان دەدات، چونكە پرسی چارەسەری بوونی هەیە و دەبێت ئەردۆغان لەسەر كورسی سەرۆكایەتی بمێنێت تا بتوانن ئەو پرسە بگەیەننە ئەنجام، بۆیە ئەردۆغان ترسی نییە لەهەڵوەشانەوەی پەرلەمان و بەربژیربوونەوەی بۆ جاری سێیەم.
ئوچووم پێی وایە، ئەگەر لەمانگی نیسانی ٢٠٢٨ هەڵبژاردن بكرێت، بەو مانایە نییە توركیا چووەتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، چونكە هەڵبژاردن بەشێوەی ئاسایی خۆی لەمانگی ١١ی ٢٠٢٨ دەكرێت، بەڵام پێنج مانگ دەهێنرێتە پێشەوە، ئەویش بۆ ئەوەی ئەردۆغان بتوانێت ببێتەوە بەبەربژێر.
لەبەشێكی تری قسەكانیدا هێرشی كردە سەر ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكەی و گوتی ئەگەر لەهەڵبژاردن و خودی ئەردۆغان ناترسن، بۆچی دەنگ بەهەڵوەشانەوەی پەرلەمان نادەن تا ئەردۆغان ببێتەوە بەبەربژێر؟ ئەوان دەزانن ئەردۆغان دەیباتەوە بۆیە دەیانەوێت رێگەی لێبگرن.
جیا لەئوچووم، هەریەك لە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە و هەروەها كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی جەهەپە، ئاماژەیان بەمانگی نیسانی ٢٠٢٨ كرد بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، واتە ئەگەر ئەردۆغان داوا بكات بچنە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، جەهەپەش بەبەڵی دەنگ دەدات، ئەمەش هەر لەبەرژەوەندی ئەردۆغان و پارتەكەیدایە.
ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی پارتی نوێ كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە و خاوەنی ٩٤ كورسییە، دەڵێت دەبێت دەم و دەست هەڵبژاردن بكرێت و نابێت بكەوێتە ٢٠٢٨، چونكە میللەت گۆڕانكاری گەورەی دەوێت.
ئۆزەل، لە٢٠٢٨دا دەنگ نادات بۆ هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و دەڵێت ئەوكات هەڵوەشانەوەی پەرلەمان تەنیا بۆ بەربژێربوونەوەی ئەردۆغانە بۆ جاری سێیەم، بۆیە پێویستە ئێستا بێنە مەیدان و هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
وەكوو ئەوەی شڕۆڤەكاران باسی دەكەن، ئەردۆغان هەرگیز لە٢٠٢٧دا توركیا ناباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە و باشترین كات بۆ خودی خۆی و پارتەكەی مانگی نیسانی ٢٠٢٨ە، تا بتوانێت سوود لەكات وەربگرێت بۆ باشتركردنی رەوشی ئابووریی وڵات.