ئەمرۆ سێشەممە 2026.11.3، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، د.جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، د. خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای خانمان، لەگەڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئاکادیمیستان و پسپۆڕانی بواری کۆمەڵایەتی و یاسایی، ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان، بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وۆرکشۆپێکی تایبەتی لەژێر ناونیشانی ” ئاسایشی خێزان لە ژێر گوشاردا ” ساز کرد.
ئامانجی سەرەکیی ئەم وۆرکشۆپە بریتی بوو لە تاوتوێکردنی ئەو ئاڵەنگاری و گوشارە جۆراوجۆرانەی لە ئێستادا ڕووبەڕووی شیرازەی خێزان دەبنەوە لە کۆمەڵگەدا، لەوانەش گوشارە ئابووری، کۆمەڵایەتی، و تەکنەلۆژییەکان، هاوکات پشکنین بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو و ستراتیژی نوێ کرا بەمەبەستی پاراستنی قەوارەی خێزان و بەهێزکردنی تواناکانی ژنان و کچان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانانەدا.
هەروەها جەخت لەسەر گرنگیی هەماهەنگی نێوان دامەزراوە فەرمییەکان و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان کرایەوە، کە ڕاستەوخۆ خزمەت بە سەقامگیری و دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ خێزانەکان لە هەرێمی کوردستان دەکەن.

