حهیدهر مهنتك
لەگەڵ ئەوەشدا، یەکترقبووڵکردن تەنها دەروازەیەک نییە بۆ بەدیهێنانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، بەڵکو کوڵەگهیهکی سەرەکیی پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و بەرقەراربوونی سەقامگیرییە، کاتێک دیالۆگ و لێکتێگەیشتن جێگەی سڕینەوە و ڕەتکردنەوەی جیاوازییەکان دەگرێتەوە، کۆمەڵگە لە پەرتەوازەیی و دووبەرەکی ڕزگاری دەبێت. دیاردەی توندوتیژی و پەرەسەندنی کێشە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان، دەرئەنجامی نەبوونی فەرهەنگی گوێگرتن و فەرامۆشکردنی سەروەریی یاسایە.
مەودای یەکترقبووڵکردن لە خێزانەوە دەست پێدەکات و تا سەراپای جومگەکانی بەڕێوەبردن و بڕیاردانی سیاسی درێژ دەبێتەوە، لێکتێگەیشتن لەسەر ئاستی تاك و بنەماڵە، بەرگریی کۆمەڵایەتی بەهێز دەکات و رێگە لە هەڵوەشانەوەی شیرازەی خێزانەکان دەگرێت، ئەرکی ڕۆشنبیران و دامەزراوە پەروەردەیییەکانە کە فەرهەنگی دیالۆگ و ڕێزگرتن لە هاووڵاتیبوون لە ناخی نەوەکاندا بچێنن.
سەرەنجام، کۆمەڵگەی زیندوو و پێشکەوتوو ئەو کۆمەڵگەییە کە جیاوازییەکانی وەک سەرمایە و جوانی دەبینێت، نەک وەک هۆیەک بۆ ناڕەزایەتی و ململانێ، کاتێک بەها بەرزەکانی وەک ئاشتی، لێبووردەیی، و دادپەروەری ببنە بنەمای ڕەفتاری ڕۆژانەمان، ئەوا سیستەمی کۆمەڵایەتی بەرەو هاوسەنگی دەچێت و ژینگەیەکی ئارام بۆ گەشەکردنی تاك و بەهێزبوونی بونیادی کۆمەڵایەتی بێنە ئاراوە.
لە ئەنجامی لێکتێنەگەیشتن و نزمیی ئاستی ڕۆشنبیریی کۆمەڵگەدا، تاک بەرەو لێشێواوی هەنگاو دەنێت. کە تاک ئاستی هۆشیاریی لاواز بوو و خاوەنی ڕا و بۆچوونی سەربەخۆی خۆی نەبوو، گرفتە کۆمەڵایەتییەکان ڕوو لە زیادبوون دەکەن.
ئەوەی جێگەی داخە، نەبوونی تێگەیشتنە لە پەیامی مانگە پیرۆزەکانی وەک ڕەمەزان؛ مانگێک کە دەبێت هەوێنی یەکترقبوڵکردن، لێکتێگەیشتن، ئاشتی و ئاشتەوایی بێت. تاکی تێگەیشتوو و ڕۆشنبیر هەرگیز لەگەڵ توندوتیژی، ئازاردان و لەناوبردنی خەڵکیدا نییە.
لە کۆتاییدا، ئەم لێکتێگەیشتن و یەکترقبوڵکردنە دەبێت لە بنەمای خێزانیشدا ڕەنگ بداتەوە. لە پرسی هاوسەرگیریدا، هەمیشە هەوڵ بدە کەسێک هەڵبژێریت کە هاوشانی خۆت بێت لە ئاستی کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری و ئابووریدا؛ بە واتایەکی تر، هاوکووفی یەکتر بن تا کۆمەڵگەیەکی تەندروست و ئارام بنیات بنرێت.

