فەرەیدوون سامان
بۆ قسەکردن لەسەر کەلتووری زمانەوانی و بەتایبەتیش دیاردەی زمانی ستانداردی كوردی جیاوازتر لە چەمکی زمانی ڕەسمی کوردین کە هێشتا دیاردەی فرەزاری و پرسی زارەکان تایبەتمەندییەکی سروشتی مێژووی کۆمەڵگەی کوردی و مرۆڤایەتییەکانن، هیچ زمانێکی زیندوو لەسەر ئەم زەویییەدا خاوەنی یەک فۆرمی زمانەوانی جێگیر نییە، بۆ هەموو ئاخێوەرەکانی، یەکێک لە نموونە هەرە دیارەکانی ئەم دیاردەیەش کەلتووری زمانەوانی کوردییە، کە هەمەجۆریییەکی فرەزار و بنزاری بەرفراوانی تێدایە و لە غیابی زانی پێوەردا ئەزموونی زمانی ستاناندارد دەکاتن کە تەنانەت بۆ خودی ئاخێوەرەکانیشی هەندێجار ڕووبەڕووی پرسیارێک دەبێتەوە، لە داهاتوودا کام زار دەبێتە زمانی ستانداردی کوردی و ئەو بنەمایانە چین بۆ ڕاگرتنی کۆڵەکەی زمانێکی پیوەرو ستاندارد، لە نەبوونی داڕشتنی “زمانێکی ستاندارد” و یەکگرتوودا کە ئاخێوەرانی یەک نەتەوە لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا یەکدەخات، واتە کاتێ گەرەکمانە ڕاستگۆیاننەو بێدەمارگیڕی ناوچەگەرییانە ڕووبەڕووی ئاستەنگێکی مێژوویی دەبینەوە. هەر لە سیاسەتی حاشاکردن و ئاسمیلاسیۆن لەلایەن دەوڵەتەکانی ناوەند، تا دەگات بە هۆکار و ڕەهەندە ناوخۆییەکانی ئەم دیاردەیە، وەک هەبوونی فرە زارەکان لە زمانی کوردیماندا، سروشتی پەرەسەندنی زمانەوانی هەر زمانێکیش کە ئاخێوەرەکانی مەودای جوگرافیای فراوانیان هەبێت، بە هۆی جوگرافیا و کات و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی خۆکارانە دابەش دەبێت بەسەر زارەکانیاندا.
هەستی ئینتمای جڤاکی بۆ پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، کێشەی سیاسی هاوبەش و تێگەیشتنی یەکترو بەرژەوەندی هاوبەش، سەرباری جیاوازی نێوان زار و دەڤۆکەکان هەندێک جار دەتوانێت بگاتە ئاستێک کە لێکتێگەیشتنی یەکتری نەرم لە نێوان ئاخێوەرانی یەک زماندا قورس بێت، بەتایبەت لە مەودای دووری جوگرافی زاری ئەو ئاخێوەرانە بۆ نموونە کرمانجی ئاخێوەرێکی پارێزگةی خۆراسان لەگەڵ لەک ئاخێوەرێکی پارێزگةی لوڕستان، یان ئاخێوەرێکی خەڵکی وان لەگەڵ ئاخێوەرێکی خەڵکی هەورامان، ئەمانە چۆن لە یەکتر حاڵی دەبن؟ دیاردەی فرەزارییە لە زۆر زماندا دیارە، تەنانەت زمانە زیندووەکانی زوەک ئەلمانی و فرەنسیش، هەروەک زارەکانی زمانی فارسی کە بەسەر چەند دەوڵەتێکدا دابەش بوون، وەک ئێران، ئەفغانستان، تاجیکستان و ئۆزبەکستان، بەڵام ئینتمای مێژوویی و کەلتووری هاوبەشی بۆ درووست کردوون، هەروەها زمانی کوردی سەرباری نەبوونی دەوڵەتێکی نەتەوەیی، بەڵام زمانەکەی بۆتە پردێکی نەتەوەیی بۆ گرێدانی ئاخێوەرانی کورد لە کوردستانی مەزندا.
چەمکی زمانێکی پێوەر یان ستاندارد و میکانیزمی پێکهاتنی ئەو زمانە، دیارە زمانی ستاندارد زمانێک نییە کە لە ئاسمانەوە دابەزیبێت، بەڵکو لە بنەڕەتدا زارێکی ناوخۆییە کە پشتیوانی سیاسی، ئابووری، یان کولتووری وەرگرتووە و بۆ یەکخستنی نەتەوە و لە بوارەکانی پەروەردەو فێرکردندا ئاسانکاری پەیوەندی کردن وەرگیراوە.
ئەم پرۆسەیە بە سێ قۆناغی بنەڕەتیدا تێدەپەڕێت، لەوانە هەڵبژاردن وەک هەڵبژاردنی زارێکی ژیانی(وەک بەهێزترین زاری ئابووری یان کولتووری، یان شێوەزاری پایتەخت بێت). هەروەها کۆدکردن واتە دامەزراندنی ڕێسای ڕێزمانی و فەرهەنگ بۆ یەکخستنی پێکهاتەکەی. دواتر یەکگرتن و سەپاندنی وەک ئامرازێکی فەرمی لە کەرتی پەروەردەدا، هەروەها لە دەلیڤەکانی کارگێڕی و سۆشیالمیدیادا بۆ تێپەڕاندنی جیاوازییە جوگرافییەکان.
سەرباری بارودۆخی سیاسی گەلی کورد و نەبوونی قەوارەیەکی سیاسی یەکگرتووی وڵاتی کوردستان، بەڵام لەگەل ئەوەشدا زمانی کوردی لە ناوچە جوگرافییە فراوانەکاندا بڵاوبووەتەوە. مخابن لە غیابی زمانێکی ستاندارد و پێوەردا زمانی کوردی دوو زاری سەرەکی لێ بۆتەوە، کرمانجی ژووروو کە بە ئەلفوبێی لاتینی دەنووسرێت، کرمانجی ژێری- سۆرانی بە ڕێنووسی ئارامی ناسراو بە ڕێنووسی عەرەبی دەنووسرێت، ئەمە جگە لە شێوەزارەکانی دیکەی وەک گۆران-زازاکی و هەورامی، زارە کوردییەکانی باشوور- وەک لەک و لوڕ و کەلهووڕکە بەداخەوە سەبارەت بە زۆر هۆکار لە گۆشەکانی پەراوێزدان.
سەرەڕای خەباتی کەلتووری و هەوڵە ڕۆشنبیرییە بەردەوامەکان، یەکخستنی تەواوی ئەم زارانە بۆ یەک زمانی ستاندارد بەدەست نەهاتووە. ئەمەش بۆ چەند هۆکارێکی پێکهاتەیی دەگەڕێتەوە وەک پارچەپارچەبوونی جوگرافیای سیاسی کوردستان کە گەلی کورد لەڕووی جوگرافییەوە پەرشوبڵاو کراوە، دوای ئەوەی خاکەکەی بەسەر چەند قەوارەیەکی کۆلۆنیالیزمی وەک(تورکیا، ئێران، عێراق، و سوریا)دا دابەشکراوە. گۆڕانکاری سیستەمی ئەلفابێتا (کە مەترسی لێکترازان و بەربەستبەردەم زمانی یەکگرتووی دروست کردووە) بەهۆی سنوورە سیاسییەکانەوە کاریگەری لەسەر ستانداردکردنی زمانی کوردی هەبووە، شیوەزاری کرمانجی باکور بە ڕێنووسی لاتینی دەنووسرێت، کە لە ژێر کاریگەری زمانی دەوڵەت داگیرکەری تورکدایە، زاری کرمانجی باشووریش بە ڕێنووسی ئارامی دەنووسرێت، لە ژێر کاریگەری داگیرکەرانی عەرەبی و فارسیدایە. ئەمانەش بەربەستێکی بینراو و کولتوورین بۆ یەکگرتنی زمانەکە دروستکردووە.
ئەم پارچەپارچە بوونە سیاسییانەش ڕێگر بوونە لە بوونی یەک دەسەڵاتی ناوەندی کە لە ڕێگەی سیستەمێکی پەروەردەیی و دامەزراوەیی نەتەوەییەوە زمانێکی ڕەسمی بۆ هەموو ئاخێوەرێکی کورد فەراهەم بێت و زارێکی یەکگرتووی کوردی ببێتە زمانێکی ڕەسمی لە دامەزراوە میرییەکاندا. ئەمانە هەر هەموویان هۆکارن بۆ وەدی نەهاتنی خەونی نەتەوەکەمانن، هەر بەشێکی گەلی کورد لە لایەن قەوارە دەستکردەکانەوە کە لە لایەن زلهێزە کۆلۆنیالیزمەکانەوە دروستکرابوون، کەوتۆتە ژێر داگیرکاری کەلتووری و ئاسمیلاسیۆنی زمانەوە، زمان و کولتووری نەتەوە سەردەست خۆیان بەزۆر بەسەر زمان و کەلتووری گەلی کورد لە ژێر باری داگیرکارییەکەیدا سەپاندووە. لە کاتێکدا کە شێوەزاری کرمانجی ژێری-سۆرانی لە باشووری کوردستاندا گەشەی کردووە و پێگەیەکی نیمچە فەرمیی بەدەستهێناوە، زاری کرمانجی ژووروو لە سنوورێکی تەنگدا مایەوە و هەرچەند لە بوارەکانی دیکەی کەلتووریدا بەردەوام بوو لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سنووردار و ئاستەنگەکاندا، سەرباری زۆرینەی ڕەهای ئاخێوەرانیش لەبری ئەوەی کە ببنە پردی نێوان زارەکان، بەڵام سنوورە دەسکردەکان دابەشبوونەکەی قووڵتر کردەوە.
لە کۆتاییدا واقیعی سیاسی کوردستان، ڕەوشی زمانەوانی و مێژوویی گەلی کورد ئەوە دەسەلمێنێت کە سیاسەت پارسەنگی زمانە. زمانی کوردیش وەک زمانەکانی تر دەوڵەمەندە بە زارگەلی سروشتی خۆی، بەڵام بێتوانایی لە پێکهێنانی قەوارەیەکی سیاسی یەکگرتوو و گشتگیردا، دەرفەتی یەکگرتنی ئەم زمانەی لە ژێر چەتری یەک زمانی پیوەر و ستاندارددا زەوت کردووە، ناسنامەی زمانی کوردی تا ئەمڕۆش وەک یەکێک لە نەخش و دەنگە فرەییەکان بەجێهێشتووە.

