رۆژنامەی ھەولێر

یاریزانانی دهۆک بۆ سێیەمجار لەم وەرزە بایکۆتی راهێنانەکانیان کرد

ئەسعەد ئیسماعیل – هە‌ولێر

 

یاریزانانی یانەی دهۆک ئەم وەرزە لەڕووی کارگێری و ئاستی یانەکەش بە دۆخێکی ناجێگیر تێپەڕ دەبێت، سەرەڕای ئەوەی ئاستی یانەکە لە هەڵبەز و دابەز دایە و ئەنجامەکان لە ئاست چاوەڕوانی هاندەرانی یانەکە نییە، یانەکە کێشەی داراییشی هەیە و یاریزانانی یانەکە بەهۆی شایستە داراییەکانیان بایکۆتی راهێنانەکانیان کردووە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی دەزگای میدیایی رۆژنامەی هەولێر، یاریزانانی یانەی دهۆک بڕیاریاندا بایکۆتی راهێنانەکانی یانەکەیان بکەن، ئەویش بەهۆی وەرنەگرتن و دواکەتنی مووچەی دوو مانگی رابردوو و هەروەها پێشەکی گرێبەستەکەیان.
یاریزانانی یانەی دهۆک وەکو ناڕەزایەتی بەرامبەر وەرنەگرتن و دواکەوتنی مووچەی مانگەکانی 9 و 10 ئێوارەی دوێنی شەممە بەشداری راهێنانەکانی یانەکەیان نەکرد و بایکۆتی راهێنانەکانیان کرد، سەرەڕای وەرنەگرتنی مووچەی دوو مانگی رابردوویان، یاریزانەکان تاوەکو ئێستا پێشەکی گرێبەستەکەشیان وەرنەگرتووە.
یاریزانەکانی ئەلهویێن چیا ئەم وەرزە سێیەمجارە بەهۆی وەرنەگرتن و دواکەوتنی مووچە و پێشەکی گرێبەستەکانیان بایکۆتی راهێنانەکانی یانەکەیان دەکەن.
یانەی دهۆک ئەم وەرزە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق لە کۆی 12 یاری خاوەنی سێ بردنەوە و سێ شکست و شەش یەکسانبوونن و بە کۆکردنەوەی 15 خاڵ، خانەی نۆیەمی ریزبەندی خولەکەیان گرتووە. هەروەها ئەو یانەیە لە دوایین یاری بەرامبەر گەرمە بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ بەرامبەر دۆڕاوە و بڕیاریشە گەڕی داهاتوو، رۆژی پێنج شەممە 5ـی نۆڤێمبەر لە یاریگای زاخۆ رووبەڕووی یانەی مووسڵ ببنەوە.