پارێزگاری هەولێر: بەنزین بە شێوەی تاک و جووت دابەشدەکرێت

پارێزگارى هەولێر رایگەیاند کە ئەوان کۆنترۆڵى دۆخى بازاڕ دەکەن و چاودێری دەکەن کە قۆرغ نەکرێ و یارى بە نرخەکان نەکرێت و بۆ دابەشکردنى سوتەمەنیش بەنزینخانەکانى ئۆتۆمبێلى تایبەت و تەکسی لێک جیا دەکرێنەوە.

دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى هەولێر و لیژنەکانى چاودێری بازاڕو چاودێری بازرگانى بەڕێوەچوون، دواى کۆبوونەوەکە ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر لە پرێس کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتى: “ئەمڕۆ یەکەمین کۆبوونەوەى کۆنترۆڵکردنى نرخ لە پارێزگاى هەولێر بەڕێوە چوو کە ژورى ئۆپەراسیۆنە بۆ کۆنترۆڵى دۆخى بازاڕو بارئاسانى بۆ هاوڵاتیان تا رێگری لە بەرزبوونەوەى نرخ بکرێت”.

باسی لەوەکرد: “سێ هۆکار هەیە یەکیان لەسەر ئاستى جیهانى نرخەکان بەرز بوونەتەوە و ئێمەش رێگا بە قۆرغکارى نادەین، بەڵام ئەو مەوادانەى لە وڵاتانى جیهانەوە دێن ئەوە لەدەست ئێمەدا نییە، هەروەها ئێمە بەرەو نەورۆز دەچین کە ئەگەر بازاڕ کۆنترۆڵ نەکەین ئەوا نرخەکان بەرز دەبنەوە، هەروەها نزیک بوونەوەمانە لە مانگى ڕەمەزان ئەوەش زۆرجارا بۆتە هۆی بەرز بوونەوەى نرخەکان بەلام ئەمساڵ رێ لە هەموو هۆکارێک دەگرین”.

لەبارەى نرخى سوتەمەنیشەوە پارێزگارى هەولێر گوتى: “وەک تاقیکردنەوە لە ٢٤/٣ تاوەکو ٢٤/٤ بۆ ماوەى یەک مانگدا ئەگەر هەر بەنزینخانەیەک جەنجاڵى دروست بکات ئەوا دادەخرێت، ئینجا وەرگرتنى بەنزین بە شێوەى تاک و جوت دەبێ و هەروەها رۆژانە ٧ بەنزینخانە بۆ ئۆتۆمبێلى تایبەت و شەش بەنزینخانەش بۆ تاکسی و یەک بەنزینخانەش بۆ پاس و هۆکارەکانى گواستنەوە دیارى دەکرێت”.

هەروەها بۆ نانەواخانە و فرنەکان و سەمونیش بریارى درتاوە هەشت سەمون و هەشت نانى تاک و چوار نانى دەبڵ نرخیان هەر وەک جاران بەیەک هەزار دینار دەبێت و %٢٠ى نرخى کارەباو ئاویش دادەبەزێنرێن.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا پارێزگارى هەولێر روونى کردەوە کە بایی شەش مانگ تا ساڵێک خۆراک لە کۆگاکاندا بوونى هەیە، هەروەها رێگەى هاوردەکردنى کاڵاى خۆراک و سومەتەمەنیش دراوە بە بازرگانان بەوپەڕێ ئاسانکارى و هەماهەنگى تاوەکو نەبێتە قۆرغکارى.

ھەواڵی زیاتر