شیڤان شێرزاد – هەولێر
دوای وچانێک لە کاری شانۆیی و درامیدا، هونەرمەند و سیناریست “د.ژیلوان تاهیر” لە ئەزموونێکی نوێدا کار بۆ نمایشکردنی چیرۆکێکی ڕاستەقینەی هەولێر دەکات و لەژێر ناونیشانی “ئیمپڕاتۆریەتی هەیاس” کاتژمێر ٦ـی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی ١-١١-٢٠٢٦ لە هۆڵی ڕۆشنبیری هەولێر بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆ نمایش دەکرێت.
شانۆگەرییەکە نووسینی محەمەد عەلی عوزێری نواندنی هەریەک لە “بەکر مەعروف”ـە بە ڕۆڵی هەیاس و چەندین ئەکتەری دیکەی هەولێر تێیدا بەشدارن.
ناوەڕۆکی ئەو بەرهەمە شانۆییە باس لە ڕۆڵی کەسایەتیەک دەکات بە ناوی هەیاس، ئەگەرچی لە ڕووی دەروونیەوە مێشکی لەدەستدابوو، بەڵام هێندە خۆی لە نێو خەڵکی هەولێردا خۆشەویست کردبوو خەڵکی ڕۆژانە بە دوای دا دەگەڕان و تێکەڵ بە ڕوحی هەمووان ببوو.
دیوێکی دیکەی ئەو شانۆگەرییەش باس لە میواندۆستی هەولێرییەکان دەکات، کە هەمیشە لە خزمەت خەڵکی هەژار و لێقەوما و بێلانە دابووە، هەمیشە نازی ئەوانەی هەڵگرتووە، کە گرفتێکی دەروونی یان بەهۆی هەژارییەوە کەوتوونەتە سەر شەقام، تەنانەت چیرۆکی ئەو شانۆگەرییە باس لەوە دەکات، کە ئەوانەی لە زێدی خۆیان ئاوارە بوون، لە هەولێر هەستیان بە غەریبی نەکردووە و خەڵکی ئەو شارە دەرگای خۆشەویستی بەڕووی هەمووندا کردووەتەوە و لەتێک نانی خۆیان لەگەڵدا بەشکردوون.

