رۆژنامەی ھەولێر

راگەیەندراوێکی بەپەلە لە وەزارەتی داراییەوە

بەپێی یاسای ژمارە ( ٩ ) خانەنشینی یەکگرتووی عێراق لێبڕینی خانەنشینی بۆ هەر فەرمانبەرێک بریتییە لە ( ٢٥ ٪ ) ، کە لەو ڕێژەیە حکومەت لە ( ١٥ ٪ ) ی دەدات و لە ( ١٠ ٪ ) لەسەر فەرمانبەرە، لەساڵانی ڕابردوودا پێش جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ( ٩ ) حکومەتی هەرێم بە یاسا کۆنەکە تەنها لە ( ٧ ٪ ) وەک لێبڕینی خانەنشینی لەفەرمانبەران بڕی بوو، کە بڕیاری جێبەجێکردنی یاساکە درا لە هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیش ڕەزامەندی نیشاندا، پێویستە ئەو جیاوازییە کە پێشتر نەبڕدرابوو جێبەجێ بکرێت.

١- بەو پێیەی هەموو خانەنشینان و فەرمانبەرانی هەرێم سوودمەند دەبن لە یاساکە، پێویستە هەموو فەرمانبەران و خانەنشینان ئەو جیاوازییە کە بۆ ماوەی ( ١٠ ) ساڵ وەک قەرز هەژمار کرابوو بدەنەوە بە حکومەتی فیدراڵ کە بریتییە لە ( ٣٪ ) .

٢- لەسەر ئەم بابەتە تیمێکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ ماوەی چەند مانگێک لە گفتوگۆدا بوون بۆ دیاریکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەو لێبڕینی لە ( ٣ ٪ ) یە، کە کۆنووسەکەیان هاوپێچە لە خوارەوە.

٣-لەم بابەتەدا وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دوور و نزیک پەیوەندی بەوەوە نییە کە ئەو پارەیەی لەناوەڕاستی ساڵی ڕابردووەوە مانگانە لە تەمویلی مووچەی هەرێم بۆ ئەو لە ( ٣ ٪ ) یە بڕدراوە و بۆ هەر مانگێک زیاتر لە ( ٢٦ ) ملیار دینارە ، کە بەپێی یاسا بەرکارەکان پێویست بوو لە لایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بنێردرایە بۆ سندوقی خانەنشینی یەکگرتووی عێراق.

٤- نەدەبووایە دکتۆر ڕێبوار ئۆباڵی ئەو کەمتەرخەمیەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بخاتە ئەستۆی حکومەتی هەرێم، ئەگەر بەڕێزیان مەبەستیانە دەتوانن سكاڵا لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکەن لەدادگا، نەک هەروەک کردوویانە بە پیشە هەمیشە هەرێم تاوانبار بکات.

٥- بۆ ئاگاداری جەنابی دکتۆر ڕێبوار وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕێکەوتی ( ٢٠٢٥/٦/٣ ) ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر ئەم بابەتە دابوو ، کە دەبووایە جەنابیان بێ ئاگا نەبوونایە هەروەک وانیشان دەدەن کە خەمخۆری مووچەخۆران و خانەنشینانن؟!

هاوپێچ، روونکردنەوەکە

https://www.facebook.com/share/1Bbk11v7eo/

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری / وەزارەتی دارایی و ئابووری
٣١ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦