ڕائیب جادر – هەولێر
تا ئێستا ھەولێر و بەغدا لەسەر بودجە ڕێک نەکەوتوون، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش جەخت لەسەر مافە دەستوورییەکانی دەکاتەوە و ئامادە نییە سازش بۆ بەغدا بکات. گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێم، ئاشکرای کرد، تێبینیمان لەسەر پڕۆژەیاساکە ھەیە و دەمانەوێت پشکی کوردستان بەپێی سەرژمێری بێت.
سەرەتای ئەم ھەفتەیە شاندی دانوستانکاری کوردستان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆبوونەوە لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە، بەگوتەی ئەندامانی شاندەکە لە گفتوگۆکان قۆناغ بە قۆناغ دەڕۆین، سەرەتا داواکارییە گەورە و سەرەکییەکان، ئینجا داواکارییەکانی تر دەخرێنەڕوو، پێنج داواکاری سەرەکییمان ھەبووە، یەکەم، زیادکردنی پشکی کوردستان بۆ ١٤.١٤٪، کە ئێستا بە ١٢.٧٠٪ دیاریکراوە، دووەم، ١٧ ترلیۆن دینار وەک پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجە جێگیر بکرێت، لەکاتێکدا ئێستا تەنھا ١٢ تریلۆن دینار دیاریکراوە ئەویش بە مەرج، ڕەنگە بە حیساباتی ئەوان تەنھا نۆ تڕلیۆن دینار بمێنێتەوە، لە کاتێکدا حکوومەتی کوردستان تەنھا بۆ مووچە نزیکەی ١٤ ترلیۆن دیناری پێویستە، سێیەم، داھاتی ناوخۆی کوردستان ٥٠٪ـی بۆ ھەرێم بێت و ٥٠٪ـی بۆ بەغدا، بەڵام حکوومەتی عێراق داوا دەکات سەرەتا ١٠٪ـی داھاتی ناوخۆی کوردستان بنێردرێت بۆ بەغدا، ئینجا لەوێوە بەشی کوردستان بنێردرێتەوە. چوارەم، پاکتاوکردنی حیساباتی مووچە و بودجەی ساڵانی ڕابردوو، بەتایبەت لە ٢٠١٤ەوە تا ئێستا و قەرەبووکردنەوەی ھەرێمی کوردستان. پێنجەم، لە ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧، لەسەر ھەرێمی کوردستان فەرز کراوە ڕۆژانە ٤٦٥ ھەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ ھەناردە بکات، ئەمە بەبێ ئەوەی یەک بەرمیل پشکی ھەرێمی کوردستان لە نەوتی خاو زیاد بکرێت، کە ئێستا ڕۆژانە ٥٠ ھەزار بەرمیلە و بۆ بەنزین بەکاردەھێنرێت، لەکاتێکدا بەپێی سەرژمێریی دەبێت پشکی کوردستان ڕۆژانە ١٤١ ھەزار و ٤٠٠ بەرمیل نەوت بێت، شاندی کوردستان بە ڕاشکاوی وتوویانە ناتوانین ئەو بڕە نەوتە زۆرە ھەناردە بکەین و لە توانامان نییە، بۆیە دەبێت کەم بکرێتەوە.
لە بەرامبەر ئەو پێنج داواکارییە، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق موافەقەی لەسەر ھیچیان نەکردووە، وتوویەتی لە دەسەڵاتی من نییە و پێویستی بە ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ھەیە، ھەر بۆیە داواکارییەکان دەبەمە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی لەوێ گفتوگۆی لەسەر بکرێت و بڕیاری لەبارەوە بدرێت.
لەلایەکی دیکەوە لە ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە ١٢ ترلیۆن دینار وەکو قەرز لەسەر ھەرێمی کوردستان حیساب کراوە، بە حیساب ساڵانی ڕابردوو لە بەشە بودجەی خۆی زیاتر پارەی وەرگرتووە، ئەمە لەکاتێکدایە ھیچ ساڵێک حکوومەتی عێراق بەپێی بەشە بودجە پارەی بۆ کوردستان نەناردووە.
وەزارەتی دارایی کوردستان، دەڵێت، لە ١٢ ساڵی ڕابردوودا حکوومەتی عێراق نزیکەی ٤١ ترلیۆن دیناری بۆ ھەرێمی کوردستان ناردووە کە تەنھا دەکاتە ٤٦ مووچە لە کۆی ١٤٤ مووچە، واتا بەغدا ٩٨ مووچەی خواردووە.
ڕۆژی یەک شەممە شاندێکی باڵای حکوومەتی عێراق سەردانی دھۆکیان کرد و لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان کۆبوونەوە، سەرجەم بەرپرسان و وەزیر و شارەزایانی بواری نەوت و وزە لە کۆبوونەوەکاندا بوون، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەیان نەوت و غاز و کارەبا و پڕۆژە یاسای بودجە بوون، بەڵام لەم کۆبوونەوەیەش ھیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە.
شاندی عێراق وەڵام و داواکارییەکانی مەسرور بارزانیان بردۆتەوە بەغدا بۆ لای عەلی زەیدی، ئێستا ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجە لە وەزارەتی داراییە، ھەندێک دەستکاری دەکەن و لە ڕۆژانی داھاتوودا دەنێردێتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، دەبێت لەوێ پەسەند بکرێت، ئینجا دەبێتە پڕۆژە یاسا و بۆ پەرلەمان دەنێردرێت.
لە کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی لەگەڵ شاندی باڵای عێراق لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە، سەرۆکوەزیران جەختی لە پاراستنی مافە دەستورییەکانی ھەرێم لە چوارچێوەی پڕۆژەیاساکەدا کردەوە و ڕایگەیاند، پێویستە لە ناوەرۆکی پڕۆژەیاسای بودجەدا، بنەمای دادپەروەری بۆ سەرانسەری عێراق پەیڕەو بکرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت، جەختی لە پاراستنی مافە دەستوورییەکانی ھەرێم لە چوارچێوەی پڕۆژەیاساکەدا کردەوە و ئاماژەی بەوەدا پێویستە لە ناوەڕۆکی پڕۆژەیاسای بودجەدا، بنەمای دادپەروەری بۆ سەرانسەری عێراق پەیڕەو بکرێت و ڕەچاوی چەمکی دەستووریی فیدرالیەت بکرێت.
ھەردوولا جەختیان لە درێژەدان بە گفتوگۆ و دانوستان کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە جۆرێک لە بەرژەوەندیی ھەموو لایەک بێت.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی باڵای عێراق لە زاخۆ ڕایگەیاند، گفتوگۆکانمان لەگەڵ عێراق بەردەوام دەبن، ھەموو ھەوڵێک دەدەین مافەکانی خەڵکی کوردستان جێگیر بکەین، چ شایستە داراییەکان لە پرۆیاسای بودجە چ پشکی ھەرێمی کوردستان لە وزە.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، گوتیشی: داواکاری مافی خەڵکی کوردستان چ لە دابینکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٧، چ لە پشکی ھەرێمی کوردستان بێت لە کەرتی وزە، ئەوەی بۆچوونی ھەرێمی کوردستان بووە بە شاندی عێراقمان ڕاگەیاندووە، ئەوانیش بیروبۆچوونەکانی خۆیان بە ئێمە گوتووە، نەگەیشتوونەتە ئەنجامی کۆتایی و گفتوگۆکان بەردەوام دەبن، ھیوادارین بگەینە ئەنجامێک دڵخۆشکەر بێت بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، دەشڵێ: سەبارەت بە ئێمە عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە و ھەرێمی کوردستان کیانێکی فیدراڵییە، پەیوەندی بەغدا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەبێت لەسەر بنەمای فیدراڵی بێت، ھەندێک بۆچوونی ھەڵە ھەیە بۆمان ڕوونکردنەوە، پێویستە لەسەر بنەمای دەستوور مامەڵە لەگەڵ یەکتر بکەین، تێگەیشتینی باش ھەیە لەسەر ئەو بابەتانە، ھیوادارین گفتوگۆمان بگاتە ئەنجامێکی باش بۆ ھەموو لایەک.
بڕیارە تاوەکو ١٥/١١/٢٠٢٦ پڕۆژە یاسای بودجە بگاتە پەرلەمان، لەکاتێکدا پەرلەمانی عێراقیش مانگی داھاتوو پشووی زستانەی دەبێت، بەڵام لەبەر بودجە پشووەکەی مانگێک دواخست، واتا بەپێی ئەو پلانەی ھەیە مانگی داھاتوو بودجە یەکلایی دەکرێتەوە و پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدات، ھەر بۆیە حکوومەتی عێراق دەیەوێت بەرلەوەی پڕۆژەیاساکە بنێرێت، کۆدەنگیی ھەرێمی کوردستانی لەسەر بێت.
پێشەوا ھەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، تێبینیمان لەسەر پڕۆژەیاساکە ھەیە و دەمانەوێت پشکی کوردستان بەپێی سەرژمێری بێت، ئەوەی ماف و شایستەی دەستووریی خەڵکی ھەرێمی کوردستانە بدرێت، جگە لەوە ھەر مامەڵەیەکی دیکە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکرێت مامەڵەیەکی نادەستوورییە، ئێستا لە گفتوگۆداین و ھەوڵ دەدەین داواکارییەکانی خۆمان لەم پڕۆژەیاسایەدا جێ بکەینەوە.
ماکوان جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، جەخت لەسەر پابەندبوونی تەواوی ھەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی بەرنامەی کاری وەزارەتی دارایی و پاراستنی شایستە داراییەکان دەکەینەوە.
ئاماژەی بەوەش دا: ھەرێمی کوردستان بە ھیچ جۆرێک لە مافە دەستوورییەکانی خۆی ناکشێتەوە و سازش ناکات، ئەو مافانەی کە لە ڕابردوودا وەک پێویست ئاوڕیان لێ نەدراوەتەوە، ئێستا لە پێشەنگی داواکارییەکانمانن، ئومێدی خێر دەکەین لە نزیکترین کاتدا بگەینە ئەنجام و ڕێککەوتن.
بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: جەخت دەکەینەوە لەسەر مسۆگەرکردنی بەشە بودجەی بەگەڕخستن “تشغیلی” و دامەزراندن و بەھەمیشەییکردنی گرێبەستەکان و ھاوتاکردنی مووچەی پێشمەرگە، جێبەجێکردنی پرۆسەی ھاوتاکردن بۆ مافەکانی پێشمەرگە، مافی کەسوکاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی، گەرەنتیکردنی شایستەکانی کەسوکاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی، چارەسەرکردنی پرسی شایستە و پاداشتی کۆتایی خزمەتی خانەنشینان، کە ١٢ مووچەیان پێنەدراوە.
سەبارەت بە ناکۆکییەکان لەسەر ڕێژەی بەرھەمھێنانی نەوت و داواکارییەکانی بەغدا، ماکوان جەمیل، دەشڵێ: ئەوە ڕوونکراوەتەوە کە حکوومەتی فیدراڵ داوای بەرھەمھێنانی ڕێژەی نزیکەی ٤٥٠ ھەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەکات، لە کاتێکدا توانای بەرھەمھێنانی ئێستای ھەرێمی کوردستان لە دەوروبەری ٢٦٠ ھەزار بەرمیلدایە، لەگەڵ ئەوەشدا، ھەردوولا لە ڕێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراقەوە لە دیالۆگ و تێگەیشتنی بەردەوامدان لەڕێگەی چوارچێوەی ڕێککەوتنی سیاسی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی گونجاو کە مافی ھەردوولا بپارێزێت.

