رۆژنامەی ھەولێر

کۆبوونەوەیەکی باڵای نێوان نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی حکومەتی هۆڵەندا

د. دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، لەگەڵ شاندێکی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندای کرد و لەگەڵ بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، بەرپرسی بەشی سیاسەتی ئاسایشی ئەو وەزارەتە و جێگری بەڕێوەبەری کاروباری نێودەوڵەتی لە وەزارەتی بەرگری هۆڵەندا، کۆ بووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی حکومەتی هۆڵەندای کرد بۆ پشتیوانی و هاوکارییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لە پێناو هەوڵەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەدا.
لە بەرامبەردا، لایەنی هۆڵەندی سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و دڵنیایی لە بەردەوامی پشتیوانییەکانی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دایەوە. هەروەها، سوپاسی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ هەوڵ و ڕۆڵی ئەرێنیی ئەو لەم بارەیەوە.
دواتر، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی وردی لەبارەی دۆخی سیاسی و ئەمنیی ئێستای ناوچەکە و کاریگەرییەکانی شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکا لەسەر هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد. ئاماژەی بەوەش کرد کە تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠٠ هێرشی مووشەکی کرایە سەر هەرێمی کوردستان، کە بوونەتە هۆی زیانی گیانی و ماددی و زیانگەیاندن بە ژێرخانی هەرێم.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق تاوتوێ کران و جەخت لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستووری عێراق کرایەوە.
هەروەها، ڕۆڵی ئەرێنیی سەرۆک بارزانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندی بە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان لە سوریا و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، یەکێک لە تەوەرەکانی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
کاریگەرییەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ کران.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە حکومەتی هۆڵەندا کرد پشتیوانیی سیاسی و دیپلۆماسیی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان زیاتر بکات. هەروەها، داوای هاندانی کۆمپانیا و بازرگانە هۆڵەندییەکان کرد بۆ ئەوەی زیاتر لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن و هەلی نوێی هاوکاریی ئابووری و بازرگانی لەنێوان هەردوو لایەن دروست بکرێت.