كارزان گلی – هەولێر
هێزەكانی یەكینەكانی بەرخودانی شەنگال (یەبەشە)، بەفەرمی خۆیان هەڵوەشاندەوە و چوونە ناو هێزە ئەمنییەكانی عێراق، ئەمەش بەشێكی زۆری كورد و شڕۆڤەكارانی كوردی نیگەران كرد و دەڵێت ئەمە تەسلیمبوونە و كاریگەریی خراپی دەبێت.
یەبەشە، لەڕووی ئایدۆلۆژیاوە فیكری عەبدوڵا ئۆجەلان جێبەجێ دەكەن و كاریگەریی تەواوی ئەویان لەسەرە، بۆیە هەر لەسەرەتاوە توركیا دژی ئەو هێزە چەكدارییە بوو و بەردەوامیش بۆردومانی بنكە و بارەگاكانی یەبەشەیان لەشەنكاڵ كردووە.
بوونی یەبەشە لەشەنگال، بەرێككەوتن بووە لەگەڵ حكوومەتی عێڕاقی و هەر لەسەرەتاوە دەستیان لەگەڵ ئەواندا تێكەڵ كردبوو، بەڵام نێوانیان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان خۆش نەبووە، ئەمەش رەخنەیەكی جدی بووە لەیەبەشە گیراوە.
كاتێك بڕیاریاندا لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی عێڕاق یەكبگرنەوە لەچوارچێوەی ئینتیگراسیۆنی دیموكراتی، ئەمەش رەخنەی زۆری كوردانی بەدوادا هات و یەكێك لەرەخنەكانیش ئەوەیە، دەبوایە یەبەشە لەگەڵ هێزی پێشمەرگە ئیتیگراسیۆنی بكردایە نەك هێزە ئەمنییەكانی عێڕاق.
ئینتیگراسیۆنی دیموكراتی ئەو چەمكەیە، عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە هێنایە ناو پرسی چارەسەری كورد و داوای لە پەكەكە كرد چەك دابنێن و كۆتایی بەشەڕ بێت، هەروەها داواشی لەیەپەگە كرد، بچنەوە ناو سوپای سووریا و ئیدی پێویستە حكوومەتی سووریا بەهێز بكرێت و كورد پێویستی بەدەوڵەت و فیدڕاڵی نییە.
لەتۆڕی كۆمەڵایەتی (X)، چەند سیاسییەكی كورد دەڵێن، شتێكی چاوەڕوانكراو بوو یەبەشە چووە ناو هێزەكانی عێڕاق، چونكە ئەو هێزە سەر بەپەكەكەیە و پەكەكەش چەك دادەنێت و ئۆجەلانیش بەڕوونی بەوانی گوتووە دەبێت بچنەوە ناو سوپای عێڕاق.
هەر لەسەرەتاوە توركیا رۆڵی گەورەی هەبوو لەتێكەڵكردنەوەی یەبەشە لەگەڵ سوپای عێڕاقدا، بەڵام بەهۆی ئەوەی یەپەگەی پێ مەترسیتر بوو، بۆیە سەرەتا لەوێوە دەستیان پێكرد و یەپەگە ناچار كرا بچێتە ناو سوپای سووریا و تەنانەت خودی ئۆجەلان ئەو داوایەی لە مەزڵووم عەبدی كردبوو و ئەویش جێبەجێی كرد.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە كە ئێستا خۆی لە كورد نزیك كردووەتەوە و بەئەندازیاری پرسی چەكدانانی پەكەكەی دادەنێن، بەر لەوەی یەپەگە خۆی هەڵوەشێنێتەوە و بچێتە سەر سوپای سووریا گوتی: ”ئێمە قبوڵی ناكەین تەنیا پەكەكە چەك دابنێت، دەبێت یەپەگە و هەموو گروپەكانی سەر بەپەكەكە چەك دابنێن.“
تاوەكوو ئێستا بەرنامە و سیاسەتی باخچەلی وەكوو خۆی دەڕوات، سەرەتا پەكەكە چەكی دانا و بڕیارە تا كۆتایی ساڵ، پەكەكە بەتەواوی چەك دابنێت و قەندیل چۆڵ بكات. دوای پەكەكە ئیدی نۆرەی یەپەگە هات و چەكیان بەوانیش دانا.
چەكدانانی یەبەشە لەچوارچێوەی پرسی چەكدانانی پەكەكەیە، كە ئینتیگراسیۆنی دیموكراتی دەكەنە پێوەر بۆ ئەو ئەكدانانە و تا هەموو گروپەكانی سەر بەپەكەكەش چەك نەكەن راناوەستن.
چەند شڕۆڤەكارێكی سیاسی پێیانوایە، ئەمە بوێری دەداتە توركیا تا داوا بكات پەژاكیش بەپەلە چەك دابنێت و خۆی لەگەڵ سوپای ئێران ئینتیگراسیۆن بكات، بەڵام رەنگە ئەمەیان كاتی بوێت، چونكە لەئێران لەشەڕدا لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیل، هەروەها پڕۆسەكە وەكوو ئەوەی یەبەشە نییە و كات و متمانەی دەوێت.
بەگوێرەی زانیارییەكان بێت، زیاتر لە چوار هەزار چەكداری یەبەشە، كە لە ژن و پیاو پێكهاتبوون چوونە ناو هێزە ئەمنییەكانی عێڕاق.

