رۆژنامەی ھەولێر

کوردیی پەتی…

دەمێکە ئەو باوەڕەم لا درووست بووە کەم و زۆر کوردیی پەتی بەقەد ئەوەی سوودی زۆری بە زمانی کوردی گەیاندووە، هاوکات زیانیشی پێگەیاندووە

فەرەیدوون سامان
وێڕای ئەوەی زمانە زیندووەکانی وەک ئینگلیزی و فرەنسی و ئاڵمانی ساڵانە بە سەدان وشە لە زمانەکانی دیکە قەرز دەکەن، هاوکات بە پلان و بەرنامەیەکی تۆکمە هەردەم لە هەوڵی ئەوەدان خزمەت بە پاکڕاگرتنی زمانەکەیان بکەن و وشەو زاراوە لە زار و بنزارەکانی خۆیان وەربگرن و لە زمانی پێوەر و فەرمیدا بەکار بهێنن، تەنانەت وڵاتێکی وەک ئێران کە نزیکەی نیو سەدەیە گەمارۆی ئابووری ئەمریکا و ڕۆژاوای لەسەرە، بەڵام ساڵانە بودجەیەکی قەبە بۆ زمانی فارسی تەرخان دەکەن و بەردەوام لە هەوڵی ئەوەشدان وشە و زاراوەی پەتی بۆ زمانەکەیان بەکار بێنن و، پاکی بکەنەوە لە هەژموونی زمانە بیانییەکانی وەک عەرەبی و تورکی و هیتر..

مخابن ماوەیەکە دەنگۆیەک هەیە کە ئیدی پێویست ناکات ئێمە بە دەمارگرژییەوە کوردی پەتی لە ئاخاوتن و نووسیندا بەکار بێنین، من نامەوێ قسە لەسەر ڕاستی و ناڕاستی ئەو تێز و بۆچوونە بکەم، بەڵام دەمەوێ ئاوڕێک بۆ دواوە بدەمەوە، بەتایبەت دوای ساڵی ١٩٧٥ کە هێشتا مێرمنداڵ بووم، ئەوسا بۆ بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی ڕەگەزپەرستی بەعس و بەعەرەبکردنی کوردستان، ئەویش لە ڕێگای دژایەتیکردنی زمان و کەلتووری کوردی، دیاردەیەک لەناو توێژی خوێنەوار و ڕۆشنبیرانی ئەوسادا سەری هەڵدا، ئەویش دیاردەی قسەکردن و نووسین بوو بە کوردییەکی پەتی و پاراو و دوور لە بەکارهێنانی وشەی بیانی و بەتایبەت عەرەبی، کە زمانی ڕەسمی دەوڵەت بوو؛ هەرچەند مێژووی چیرۆکی کوردی پەتی بۆ سەرەتای ساڵانی بیستەکانی سەدەی بیست و هەوڵی میجەرسۆن دەگەڕێتەوە کە لە شاری سلێمانی لە هەفتەنامەی (پێشکەوتن)دا یەکەم ژمارەی لە ٢٢ی نیسانی ١٩٢٠ بڵاو بۆتەوە، دواتریش لە یادی سەدساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا، سەرجەم ژمارەکانی لە دووتوێی بەرگێکدا چاپ کراوەتەوە، مێجەرسۆن لە بانگەوازەکەیدا هانی نووسەرانی کورد دەدات کە بە کوردیی پەتی بنووسن و هەر لەو سۆنگەیەش پاداشتێکی دراوی بۆ تەرخان کردبوون. بۆیەش قسەکردن بە کوردی پەتی لەو ڕۆژگارە سەختەدا بە ڕاستی جۆرێک بوو لە خەبات و بەرخودانی نەتەوەیەک لەبەردەم هەرەشەی تواندنەوەی زمان و جینۆسایدی کەلتووری، وێڕای دڵسۆزی خەمخۆرانی ڕۆشنبیرانی کورد لەو سەردەمە بۆ ئەو پرسە نەتەوەییە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا هەندێ وشە و زاراوەی دەسکرد و نامۆی هێنایە نێو زمانەکەمان.

دوای سەدەیەک تێپەڕین بەسەر ئەم دیاردەی کوردی پەتی نووسینە، با بزانین تا چەند سوودمان لەو تێزە وەرگرتووە و خزمەتی بە زمانی شیرینی کوردی کردووە. هەر لە ناوەڕاستی هەفتایەکاندا لەکاتی خۆیدا ڕەوانشاد زانا و فەرهەنگنووسی کورد ئاورەحمانی زەبیحی کە بەرگی یەکەمی (قامووسی زمانی کوردی) بەچاپ گەیاند، یارۆیەک لە هەفتەنامەی هاوکاریدا گلەیینامەیەک نەک ڕەخنە (چونکە ڕەخنە گەرەکە بە میتۆدیکی زانستی بنووسرێت) نەک هەڵچوونی سۆزداری و بێبنەما، یارۆ نووسیبووی قامووسەکەی تۆ پڕە لە وشەی عەرەبی و فارسی و تورکی و بیانی)، جەنابی زەبیحییش بە چەند وشەیەک وەڵامی یارۆی دابووەوە و تێیدا نووسیبووی: کاکی خۆم من نەهاتووم قامووسی وشەی کوردیت بۆ دابنێم، من قامووسی زمانی کوردیم داناوە.
بە هەرحاڵ ئەز لە ئەزموونی نووسینی خۆمدا هەردەم هەوڵم داوە بە کوردییەکی ڕەوان وشە و زاراوەی ڕەسەن بەکار بهێنم، بەڵام ڕاستیێک هەیە ئێمە لەگەڵ گەلانی دراوسێی وەک عەرەب و فارس و تورک و ئەرمەن و سریان سەدان ساڵە لە ناوچەیەک دەژین و مێژوو و کەلتوورمان هاوبەشە، کەواتە کەم و زۆر زمانەکەشمان کاریگەرییان بەسەر یەکترەوە هەبووە و دەشبێت، بۆ نموونە گەر ئاسایی بێت هەزاران وشەی عەرەبی لە ناو زمانەکانی فارسیی و تورکیدا هەبێت، بۆچی ئاسایی نەبێت لەناو زمانی کوردیشدا هەبێت، بە دڵنیاییش بە هەزاران وشەی کوردیش چۆتە ناو زمانەکانی فارسی و تورکی و تەنانەت عەرەبیش، هەر لە دەقەکانی قورئانی پیرۆزیشدا چەندان وشەی کۆنی ئاوێستایی(کە زمانی باڤوکالی کوردەمادەکانە) هەن وەک (بەرزەخ، خندق- کەندەک، بەرید- بردن، جهنم – جیهاننیم، سراب – سەراڤ، شارع – شاڕێ، نموذج – نموونە، تازج – تازە و، هتد.

ئەم دیاردەی پەتی نووسینە لای زانایەکی بەریتانی وەک پرۆفیسۆر ڕۆی کاساگراند، مامۆستای مێژوو و دکتۆرای لە زانستە سیاسییەکان لە کۆلێژی ئۆستن لە ئەمریکا، هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٦ـەوە ڕاگری ئەم کۆلێژەیە لە زانکۆی تەکساس. ئەم بیرمەندە ماوەی چەند ساڵێکە لە مەکۆی گشتی و ئەکادیمیدا وەک شیکەرەوەی پرسەکانی کۆمەڵگەی عەرەبی ناسراوە بە یەکێک لەو توێژەرە دیارانەی دادپەروەرانە سەیری مێژووی جیهانی عەرەبی و کۆمەڵگە عەرەبییەکانی کردووە، تەنانەت لە بابەتی زمانەوانی عەرەبی، سەرسامییەکانی خۆی نەشاردۆتەوە. لە وتارێکیدا ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی زمانی ئیسپانی پیتی(خ)ی نییە. لە ماوەی ئەم حەوت سەدەیەدا لە ئەندەلووس زمانی ئیسپانی بووبوو بە زمانێکی تێکەڵ، تێکەڵەیەک لە زمانی لاتینی و عەرەبی. لە سەرەتای سەدەی پازدەهەمدا ئیسپانییەکان بڕیاریاندا زمانەکەیان لە بە عەرەبکردن ڕزگار بکەن. بۆیەش دەستیان کرد بە هەڵکەندنی فەرهەنگەکانیان، هەر وشەیەکی عەرەبییان دۆزیبوایەوە فڕێیان دەدا و هاوتاکانیان بۆ دەدۆزینەوە.

کاساگراند کە خۆی بە ڕەچەڵەک ئیسپانییە، دەڵێت: بێگومان ئیسپانییەکان لەم پاککردنەوەی زمانەوانییەدا شکستیان هێنا، بەجۆرێک کە تەنانەت ئەمڕۆش 30%ی وشەکانی زمانی ئیسپانی ڕەگ و ڕەچەڵەکی عەرەبییان هەیە، بەڵام پورتوگالییەکان لە پاککردنەوەی زمانەکەیاندا سەرکەوتووتر بوون، هەمان پرۆفیسۆری زانکۆی ئۆستن لە شوێنێکی دیکەدا دەڵێت: ئەم پاککردنەوە زمانەوانییە تەواو بەرهەمە زمانەوانی و ئەدەبییەکانی ئەو وڵاتەی نەزۆک کرد، کاتێک ئیسپانییەکان بینیان کە ناتوانن هەموو وشە عەرەبییەکان لە زمانەکەیاندا نەهێڵن، هەوڵێکی دیکەیان دا بۆ ئەوەی بە تەواوی هەندێک پیت نەهێڵن، کە پێیان وابوو دەنگێکی عەرەبی زیاتریان لە ئەلفوبێی خۆیاندا هەیە و ئەوەندە چڕ و ناپێویست بوو کە عەرەبییە، بە تەواوی لە زمانی ئیسپانیدا لایان برد بۆ ئەوەی زمانی ئەوان کەمتر کاریگەریی عەرەبی لەسەر بێت، هەروەکچۆن لە زمانی ئەڵمانیدا، تا ئەمڕۆ (CH، کە دەنگەکانی خ و خ لێیەوە لەدایک دەبن، بۆ نموونە لە وشەی وەک بوخ و ئیخ و، هەروەها لە چەند زمانێکی دیکەی ئەوروپیشدا، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە دەنگی “خ”. تایبەت نییە بە زمانی عەرەبی. بەڵام ئیسپانییەکان بەهۆی بوونی حەوت سەدەی داگیرکاری عەرەب لە وڵاتەکەیاندا، ئەوەندە هەستەوەرییان بەم وشەیە و ئەو دەنگانەی لێیەوە بەرهەم هاتبوو، بۆیە بڕیاریان دا بیسڕنەوە و لە زمانی ئیسپانیدا لاببەن.

لە ئەنجامدا من دەمێکە ئەو باوەڕەم لا درووست بووە کەم و زۆر کوردی پەتی بەقەد ئەوەی سوودی زۆری بە زمانی کوردی گەیاندووە، هاوکات زیانیشی پێگەیاندووە، چونکە ئەمڕۆ ئێمە لە سەردەمێک دەژین کە سەردەمی کرانەوەی کۆمەڵگانە بە ڕووی دیالۆگ و یەکتردا لە ڕێگای سۆشیال‌میدیاوە، ئێستا بێ مۆڵەت و سانسۆر زمانی کوردی بە گشت زار و بنزار و دەڤۆکەکانییەوە دەگاتە ناو ماڵی هەموو تاکێکی کورد لە هەرکوێیەکی ئەو جیهانە پان و پۆرەدا بێت، هاوکات زمانە بیانییەکانیش هەر ئاوا بە سانایی دەگەنە ناو ماڵەکانمان، بۆ نموونە هەندێ لە منداڵانی کورد بێ بەشداریکردن و خوێندنی کۆرسەکانی زمانەکانی وەک ئینگلیزی و ئەڵمانی و فرەنسی و تەنانەت چینی و ژاپۆنیش لە ماوەیەکی زەمەنی کەمدا فێرە ئەو زمانانە بووە و دەبێت، لە هەمانکاتدا چەندان هاووڵاتی بیانیش هەن لە دوورترین وڵات و کیشوەرەکانەوە فێری زمانی کوردی بوون، کەواتە ئاساییە زمانی کوردی بکەوێتە ژێر کاریگەری زمانە بیانییەکان و هەروەها زمانە بیانییەکانیش بە سەدان وشەیان لە زمانی کوردیدا بخوازن. بەڕای من ناشێت لە پێناو پاراستنی شکۆی زمانی کوردی هەرچی وشەو زاراوەی بیانی هەیە لە ئاخاوتن و تێکستی نووسینەکانماندا توڕی هەڵدەین و پەنا ببەینە بەر وشەی داتاشراو و نامۆ، لەکاتێکدا هەر لە زار و دەڤۆکە کوردییەکاندا گەر بۆیان بگەڕێین بە سانایی دەتوانین هەمان وشە و زاراوە بدۆزینەوە و بەکاریان بهێنین و خزمەتێکی باشتر بە زمانی شیرینی کوردیمان بکەین.
*خوێنەرانی هێژا دەتوانن سوود لەو لینکەی خوارەوە وەرگرن بۆ گەڕان بەدوای چەمک و واتاکانی وشە و زاراوە کوردییەکاندا:

(https://lex.vejin.net/?fbclid=IwAR2ICrMHGFaW8AZ8jOZb8JOUXhQVmN8atvYIGxSZwcs6QF8Gipbt9cJVjxA.