رۆژنامەی ھەولێر

كلاسيكۆی زەوی، ئایا ریاڵ مەدرید دۆخەكە تێدەپەڕێنێ و یەكەم شكستی ئەم وەرزە تووشی بەرشلۆنە دەكات؟

مامەیارە ئەحمەد – هە‌ولێر

 

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، لە ژمارەی ئەمڕۆدا زانیارییەكان لەسەر یاریی كلاسیكۆ دەخەینە ڕوو، كە بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە لە كاتژمێر 11:00ی شەو لە یاریگەی بەرشلۆنە بەڕێوە بچێت.

داتاكان لە بەرژەوەندیی بەرشلۆنەن
یانەی بەرشلۆنە لە دۆخێكی باشدا لە یاریگەی سپۆتیفای كامپ نۆ، ڕووبەڕووی یانەی ریاڵ مەدرید دەبێتەوە، لە كاتێكدا بەرشلۆنە هەر 9 یاریی ڕابردووی بردووەتەوە و خاوەنی 27 خاڵە و لە پێشەنگی خولی ئیسپانیادایە، بەڵام لە كاتێكدا ئەتلەتیكۆ مەدرید لە خانەی دووەمە بە 22 خاڵ و ریاڵ مەدردیش 6 خاڵ لە بەرشلۆنەوە دوورە.
بەرشلۆنە 39 گۆڵی كردووە و 9 گۆڵی لێ كراوە، تۆماركردنی ئەو ڕێژە بەرزە گۆڵە، واتەی مەترسیداریی هێڵی پێشەوەی ئەو تیپەیە، واتە لە هەر یارییەكدا 4.3 گۆڵی تۆمار كردووە. هەروەها هاوسەنگییەكی باش لە نێوان ژمارەی گۆڵەكان و ژمارەی ئەو گۆڵانەی لێی كراوە، هەیە.
بەڵام هێشتا و سەرەڕای ئەو ئامارە ئەرێنییە، بەڵام ئەوە واتەی ئەوە نییە بەرشلۆنە لە هەموو ناوەندەكانی بێكشەیە، چونكە لە یارییەكەی بەرانبەر پاریس سان جێرماندا، كە چوار گۆڵی لێ كرا، دەركەوت بەرانبەر تیپی بەهێز، هێڵە بەرگرییەكەی دەكرێ تووشی كێشە بێت.
ئەمەش ئەو خاڵەیە كە بە دڵی ریاڵ مەدریدە، چونکە ڕیاڵ مەدرید توانای قۆستنەوەی بۆشاییەکانی بەرگری و هێرشی خێرای پێچەوانەی هەیە.

نابێ ریاڵ مەدرید بە ژمارەی خاڵ هەڵبسەنگێندرێ
یانەی ریاڵ مەدرید، وەها ناسراوە، كە لە هەر دۆخێكدا بێ، نابێ بە هەند وەرنەگیرێ، چونكە یانەیەكە لە دۆخە سەختەكاندا كۆڵ نادات و تا دواساتیش دەكۆشێ. بۆیە هەرچەندە بە جیاوازیی شەش خاڵ لە خانەی سێیەمە، بەڵام دەبێ بەرشلۆنە حسابێكی تایبەتی بۆ بكات. بە تایبەت كە ریاڵ مەدرید توانیویەتی 23 گۆڵی تۆمار كردووە، ئەوەیش توانای هێرشبەریی تیپەكە دەردەخات.
ڕاستە ریاڵ مەدرید بە 6 خاڵ لە دوای بەرشلۆنەوەیە، بەڵام ئەوە تەنیا بە لایەنی خراپی ریاڵ مەدرید هەژمار ناكرێ، بەڵكوو ئاستی بەرزی بەرشلۆنەش دەردەخات، كە هەموو یارییەكانی بردووەتەوە و ریاڵ مەدرید 6 خاڵی لە دەست داوە.
بۆیە ئەم یارییە بۆ ڕیاڵ مەدرید تەنیا دەرفەتێک بۆ سەرکەوتن لە بەرانبەر ڕکەبەرێکی مێژوویی نییە؛ بەڵکوو هەوڵێکە بۆ ئەوەی پیشانی بدات هێشتا توانای پێشبڕکێی ڕاستەوخۆی لە خولەکەدا هەیە.

بەرشلۆنە لە چی روویەكەوە بەهێزترە؟
یانەی بەرشلۆنە لە ژێر سەرپەرشتیاری هانز فلیکدا، فەلسەفەیەکی یاریی هێرشکارانە پەیڕەو دەکات؛ فەلسەفەیەک کە تێیدا کۆنتڕۆڵی تۆپ، پەیوەندیی نێوان هێڵەکان، فشارخستن لەسەر ڕکابەر و گواستنەوەی خێرا لە بەرگرییەوە بۆ هێرش گرنگیی زۆریان هەیە.
بەڵام دەبێ بزانین، ئەمە کلاسیکۆیە، جێبەجێکردنی ئەم فەلسەفەیە لە بەرانبەر ڕیاڵ مەدرید پێویستی بە وردبینییەکی زیاتر هەیە.

هێڵی هێرش؛ خاڵی بەهێزی بەرشلۆنە
یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی بەرشلۆنە، توانای دروستکردنی هەلی گۆڵە لە ڕێگەی گونجاوی و هاوئاوازی و لێكتێگەیشتن و هەماهەنگیی یاریزانانی هێرشکار و ناوەڕاستی یانەكەوە.
لامین یامال یەکێکە لە گرنگترین یاریزانانی هێرشبەری بەرشلۆنە، توانای دۆزینەوەی بۆشایی، لێدانی تۆپ و دەرچوون لە یاریزان و دروستکردنی هەل بۆ هاوڕێکانی هەیە، بەو جۆرە دەتوانێت بەرگریی ڕیاڵ مەدرید بخاتە ژێر فشارەوە.
رافینیا یاریزانێکی دیکەی گرنگە کە خێرایی و توانای تەواوکردنی هێرشەکانی دەبنە هۆی زیادبوونی مەترسی لە نێو ناوچەی مەترسیی تیپی بەرانبەر.
هەروەها، جووڵەی یاریزانانی ناوەڕاست و گەیشتنیان بۆ ناو بۆكسی مەترسی، دەتوانێت بەرگریی ڕیاڵ ناچار بکات بەشی زۆری توانا و وزەكانیان بۆ ڕاگرتنی هێرشەكان و چاودێریی یاریزانانی ناوەڕاست و پێشەوەی بەرشلۆنە تەرخان بكەن.

هێڵی ناوەڕاست؛ یەكلاكەرەوە و شوێنی بڕیاردان
لە یاریی لەم جۆرەی كلاسیكۆدا، هێڵی ناوەڕاست تەنیا بۆ گواستنەوەی تۆپ نییە؛ بەڵکوو شوێنی دیاریکردنی ڕیتمی یارییە. ئەگەر بەرشلۆنە بتوانێت بە پاسە کورت و وردەکان ناوەڕاستی گۆڕەپان کۆنتڕۆڵ بکات، ڕیاڵ مەدرید ناچار دەبێت بەشێکی زۆر لە وزەی خۆی بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان تەرخان بکات.
لەو دۆخەدا، دەرفەتی هێرشکردن لە لای چەپ و ڕاست و گەیشتن بە بۆكسی ناوچەی مەترسیی ڕکەبەر زیاتر دەبێت.
بەڵام ئەگەر ڕیاڵ بتوانێت ڕیتمی پاسدانی بەرشلۆنە تێک بدات و تۆپەکان وەربگرێتەوە، دەتوانێت بە گۆڕینی خێرای ئاڕاستەی یاری، بۆشاییەکانی پشت هێڵی بەرگریی بەرشلۆنە بەکار بهێنێت.

هێڵی بەرگری، خاڵی نیگەرانیی بەرشلۆنە
سەرەڕای ئاستی بەرزی یانەی بەرشلۆنە لە خولەکەدا، بەڵام کێشەی پێكانی هەندێک یاریزان دەتوانێت کاریگەریی لەسەر هێڵی بەرگری و ناوەڕاستی یانەکە هەبێت.
بەپێی نوێترین ڕاپۆرتەکانی پێش یاری، دانی ئۆلمۆ، ئەندریاس کریستێنسن و ئێریک گارسیا ڕەنگە بەشداری نەكەن. جۆڵ کۆندێش بەهۆی ئازاری پێیەوە، گومان لە بەشداریكردنی هەیە.
ئەم نائامادەبوونانە، دەتوانن بڕیارە تاکتیکییەکانی فلیک قورستر بکەن، بە تایبەتی ئەگەر ڕیاڵ مەدرید بتوانێت لە گۆڕینی خێرای یاری و هێرشە لەناكاوەكاندا سەرکەوتوو بێت.
ئەگەر بەرشلۆنە بیەوێت جڵەوی یارییەكەی بگرێتە دەست، پێویستە کۆنتڕۆڵی تۆپ لەگەڵ پاراستنی هاوسەنگیی بەرگری بپارێزێت.

ڕیاڵ مەدرید، هێزی هێرش و توانای گۆڕینی یاری
یانەی ڕیاڵ مەدرید لە مێژووی کلاسیکۆدا بە توانای هەڵگێڕانەوەی دۆخی یاری ناسراوە؛ بە تایبەتی لەو کاتانەی کە ڕکەبەرەكەی هەست بە کۆنتڕۆڵکردنی گۆڕەپانەكە دەکات.
یانەکە لە وەرزی ٢٠٢٦–٢٠٢٧دا بە سەرپەرشتیاری خۆزێ مۆرینیۆ 23 گۆڵی كردووە، بۆیە هێشتا یەکێکە لە هێڵە هێرشکارە بەهێزەکانی خولەکە.

کیلیان مباپێ؛ مەترسیی سەرەکی بۆ بەرگریی بەرشلۆنە
لە یارییەکی وەک کلاسیکۆدا، بوونی یاریزانێکی خێرا، كە توانای تەواوکردنی هێرشەكانی هەیە، وەكوو کیلیان ئمباپێ دەتوانێت هاوسەنگیی یاری بگۆڕێت.
ئمباپێ دەتوانێت لە کەمترین بۆشاییدا بگاتە ناوچەی مەترسی و بەرگریی ڕکەبەر بخاتە ژێر فشارەوە.
بۆ بەرشلۆنە گرنگە، تەنیا چاودێریی ئەو یاریزانە نەكات كە تۆپیان پێیە، بەڵکوو جووڵەی ئمباپێ بەبێ تۆپیش لەبەرچاو بگرێت.
ئەگەر بەرگریی بەرشلۆنە زیاد بچنە پێشەوە، ناوچەی پشت یاریزانە بەرگرییەکان بەتاڵ بهێڵێتەوە، ڕیاڵ دەتوانێت لە ڕێگەی پاسە درێژەکان و گۆڕینی خێرای یاری مەترسی دروست بکات.

جود بێلینگهام؛ پەیوەندیی نێوان ناوچەی ناوەڕاست و هێرشبردن
جود بێلینگهام لە یاریزانانە گرنگ و كاراكانی ڕیاڵ مەدریدە، کە دەتوانێت لە ناوەڕاستەوە بگاتە ناو بۆكسی تیپی ڕکەبەر و بەشدار بێت لە دروستکردن و تەواوکردنی هێرشەكانی یانەی شایانەدا.
گرنگیی بێلینگهام لەوەدایە کە دەتوانێت لە نێوان هێڵە جیاوازەكانی بەرشلۆنەدا بجووڵێت و یاریزانانی بەرگریی ئەو تیپە بخاتە بەردەم دوو بژاردەوە، یان چاودێریكردنی ئمباپێ، یان ڕێگری لە بێلینگهام.
لە كاتێكدا ئەگەر بەرشلۆنە، كات و وزەی زۆری خۆی زۆر بۆ ئمباپێ چڕ بکاتەوە، بێلینگهام دەتوانێت بۆشاییەکان بەکار بهێنێت؛ بە پێچەوانەشەوە، ئەگەر بەرشلۆنە بتوانێت پەیوەندیی نێوان بێلینگهام و هێڵی پێشەوە ببڕێت، بەشێکی گرنگ لە هێزی هێرشی ڕیاڵ کەم دەبێتەوە.

ئەردا گولەر، توانای دروستکردنی هەل
ئەردا گولەر یەکێکە لە یاریزانانی ڕیاڵ کە دەتوانێت لە دۆخی تەنگانەدا و پێویستدا پاسی ورد یان لێدانی مەترسیداری هەبێت.
بوونی ئەو لە ناو هێڵی هێرشبەریدا دەتوانێت مەترسییەكانی ڕیاڵ لەسەر بەرشلۆنە زیاد بكات، بە تایبەت لە ڕێگەی پاسە ورد و كورتەكان و گۆڕینی ئاڕاستەی یارییەكەوە. بۆیە بەرشلۆنە دەبێ ئەو لایەنەش بە هەند وەربگرێت.

نائامادەیی ڤینیسیۆس جونیۆر، کێشە گەورەكەی ریاڵ
یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانی پێش کلاسیکۆ، نائامادەیی ڤینیسیۆس جونیۆرە.
یاریزانی بەڕازیلی بەهۆی سزای چوار یارییەوە ناتوانێت لەم کلاسیکۆیەدا بەشداری بکات؛ بڕیارێک کە دوای ڕووداوەکەی یاریی ڕیاڵ لە دژی ڤیاریال دەرچوو، بە هۆی ڕاكێشانی پرچی یاریزانیكەوە. نەبوونی ڤینیسیۆس بۆ ڕیاڵ تەنیا لەدەستدانی یاریزانێکی هێرشبەر نییە؛ بەڵکوو لەدەستدانی یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوەکانی خێراكردنی ڕیتمی یاریی ریاڵ و دروستکردنی مەترسی.
هاوكات بوونی هەریەك لە یاریزانان ئمباپێ، بێلینگهام و گولەر، دەتوانێت بەشێک لە کاریگەریی نەبوونی ڤینی پڕ بكاتەوە.

شەڕی تاکتیکی فلیک و مۆرینیۆ
یەکێک لە لایەنە سەرنجڕاکێشەکانی کلاسیکۆ، ڕووبەڕووبوونەوەی دوو فەلسەفەی جیاوازی یاریكردنە، بەرشلۆنە بە گشتی هەوڵ دەدات یارییەکە بە کۆنتڕۆڵی تۆپ و فشارخستنە سەر ڕكەبەر ئیدارە بدات، ئەوەیش بۆ کەمکردنەوەی کاتی بوونی تۆپ لای یاریزانانی ریاڵ، ناچارکردنی ڕیاڵ بە تەرخانكردنی وزە بۆ بەرگریكردن و وەرگرتنەوەی تۆپ. دروستکردنی بۆشایی لە نێوان هێڵەکانی یاریكردنی تیپی ڕكەبەر. هەروەها گەیشتن بە ناوچەی مەترسیدار، لە ڕێگەی پاسە خێراكان و هاوئاهەنگیی یاریزانان.
بەڵام دەبێ بزانرێ، ئەم شێوازەیش مەترسیی خۆی هەیە؛ چونکە لەو دۆخەدا لە هەر تێكچوونێكی هاوئاهەنگیدا، مەترسییان لەسەر دروست دەبێت.
هەرچی فەلسەفەی ڕیاڵ مەدریدە، ئەوەیە كە دەتوانێت لە کاتێکدا کە تۆپ لە كۆنتڕۆڵیدا نییە، بە ڕێکخستنی بەرگری و چاوەڕوانیی هەڵەی ڕکەبەر، دەمودەست بۆ هێرشێكی خێرا و مەترسیدار بیگۆڕێت. ئەمە بە واتەی ئەوە نییە کە ڕیاڵ هەمیشە بەرگری دەکات؛ بەڵکوو توانای گۆڕینی شێوازی یاریی بە پێی دۆخەکەی هەیە. ئەگەر بەرشلۆنە بتوانێت ڕیاڵ ناچار بکات زۆر بەرگری بکات، دەرفەتی کۆنتڕۆڵی یاریی زیاتر دەبێت. بەڵام ئەگەر ڕیاڵ بتوانێت تۆپەکان بەدەست بهێنێتەوە و لە چەند چرکەیەکدا بگاتە ناوچەی مەترسیدار، بەرشلۆنە ناچار دەبێ بە زوویی بگەڕێتەوە بەرگری.

سێ پرسیارە گرنگەكە
ئەوەی یارییەكە یەكلا دەكاتەوە، وەڵامی ئەم سێ پرسیارەیە
– کام یانە دەتوانێت تۆپ بە ئاسانی وەربگرێتەوە؟
– کام یانە دەتوانێت پاسەکانی، تیپی ڕکەبەر ببڕێت و هێرشی لەناكاو دەست پێ بكات؟
– کام یانە دەتوانێت لە کاتی لەدەستدانی تۆپدا، زوو خۆی ڕێک بخاتەوە؟
هاوكات لە یارییەکی لەو ئاستەدا، هەڵەیەکی تاکتیکی یان هەڵەیەکی کەسی، دەتوانێت چارەنووسی یارییەکە بگۆڕێت. بەڵام جیاوازیی گرنگ لەوەدایە کە هەر یانەیەک چۆن بەرگریی خۆی بەرانبەر شێوازی هێرشی ئەوی دیکە، ڕێک دەخات.
لە کلاسیکۆدا، تیمێک کە بتوانێت هێرشەکانی ڕکابەر بە کەمترین مەترسی بپچڕێنێ، دەتوانێت لە کاتی گونجاودا بە یەک هێرشی بەرهەمدار یارییەکە بگۆڕێت.