هەڕەشەی مەترسیدارتر لە مووشەکباران و تیرۆر لەهەرێمی کوردستان دەکرێت

هەڕەشەکانی سەرهەرێمی کوردستان’ تەنیا تیرۆر و ئەو گوشارانە نین کە لەلایەن نەیاران و دوژمنانەوە دەخرێتە سەر ئەو پارچەیەی نیشتمان، بەڵکو هەندێک هەڕەشە هەن کە لە تیرۆر و مووشەکباران زۆر مەترسیدارترن و، دۆخەکە ئەوە دەخوازێت لایەنە پێوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکان و تاکبەتاکی هاووڵاتیان لە بەرپەرچدانەوەی ئەوجۆرە هەڕەشانە رۆڵ بگێڕن و، پارێزگاری لە ئاسایشی کۆمەڵایەتی، ئابووری و نەتەوەیی هەرێمی کوردستان بکەن.

وەک ئاشکرایە، هەرێمی کوردستان لە سەرچاوەی بازرگانی و بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکان نزیکە. لەم ساڵانەی دواییدا لە هەرێمی کوردستان خەڵکێکی زیاتر گیرۆدەی ماددەکە بوون و کەسانێکیش قاچاخی بە ماددەکەوە دەکەن. رۆژ نییە هەواڵێک لەسەر دەستگیرکردنی بازرگانێک یان دەستبەسەرداگرتنی بڕێک ماددەی هۆشبەر بڵاو نەکرێتەوە.
بۆ نموونە، هەر دوێنێ سێشەممە بنكه‌ی نه‌هێشتنی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانی سۆران رایگه‌یاند، دوای چاودێرییه‌كی ورد و وه‌رگرتنی زانیاری، توانییان بازرگانێكی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان به‌ بڕی دوو كیلۆگرام ماده‌ی هۆشبه‌ری جۆری تریاك و بڕی سێ كیلۆگرام حه‌شیش بگرن .بنکەکە باسی لەوەش کردووە، تۆمه‌تبار به‌پێی ماده‌ی٢٥ له‌ یاسای ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان، په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ی بۆ كراوه‌ته‌وه‌ و ڕه‌وانه‌ی به‌رده‌م دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ كراوه‌.
راستە، هەڵکەوتەی جوگرافی هەرێمی کوردستان لەوەدا رۆڵ دەبینێت بەشێک لە بازرگانان وەک ترانزێت سوودی لێ وەربگرن و هەوڵی ئەوە بدەن ئەو ماددەیە بۆ وڵاتانی تر بگوازنەوە، بەڵام هەندێک هۆکاری سیاسی و ئەمنی هەن کە مەبەستی لەپشتەوەیە و بە پیلان کار بۆ ئەوە دەکرێت گەنجانی هەرێمی کوردستان گیرۆدەی ئەو ماددە مەترسیدارە بکرێن و کۆمەڵگەیەکی لاواز لە هەرێمی کوردستان بنیات بنرێت کە توانای رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی نەبێت و ئاسانتر گوشارەکانی ملکەچکردن قبووڵ بکات.
لە وڵاتی دراوسێی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ساڵانە زۆرترین ماددەی هۆشبەر بەکار دێت و بازرگانی و بەقاچاخبردنی ماددەی هۆشبەر تیایدا بەرزە، یەکێک لە گەورەترین قەیرانە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو وڵاتە ئاڵوودەبوون بە ماددەی هۆشبەرە و بەشێک لە خێزانەکان بەدەستییەوە گرفتار بوون. ئێران هاوسنووری ئەفغانستانە و زۆربەی ماددەی هۆشبەری دنیا دوای هاوردەکردن، لە ئێرانەوە دەنێردرێت و هەندێک باند و گرووپی مافیایی هەن کە لەو بازرگانیکردنە رۆڵیان هەیە. مافیاکان لەگەڵ گرووپە میلیشیاکان دەستیان تێکەڵ کردووە و بازرگانیکردنیان تێکەڵ بە جێبەجێکردنی پیلانی ئەمنی و کۆمەڵایەتییش کردووە.
بەهۆی هاوسنووربوونی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەو مەترسییە بۆ سەر کۆمەڵگەی کوردستانیش لەئارادایە. بەو هەواڵ و زانیارییانەی لە میدیاکان لەبارەی دەستبەسەرداگرتن و دەستگیرکردنی قاچاخچییانی ماددەی هۆشبەر یان بەکاربەران بڵاو دەکرێتەوە دەرخەری ئەو راستیییەیە لە هەرێمی کوردستان دۆخەکە ساڵ بە ساڵ خراپتر دەبێت و ئەوە دەخوازێت لایەنە پێوەندیدارەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی زیاتری ئەو دیاردەیە هەنگاوی جیددی بنین.
بە پێی ئامارێکی رێکخراوی روشنبیری هۆشیاری دژی ماده‌ هۆشبه‌ره‌کانی هەرێمی کوردستانلە چوار ساڵی رابردوودا بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و ژمارەی ئەو کەسانەی بەو هۆیەوە گیراون نزیکەی پێنج هێندە بەرز بووەتەوە.
ماددەی هۆشبەر هیچی کەمتر نییە لە تیرۆر کە بە کۆمەڵ خەڵک لەناو دەبات، بەڵام ئەوەیان شیرازەی کۆمەڵایەتی لەناو دەبات و بۆیەش بۆ پاراستنی کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان لەو ماددە مەترسیدارە پێویست دەکات رێوشوێنە ئەمنی و یاساییەکان توندوتۆڵتر بکرێن. لە مەرزەکان ئامێری پێشکەوتووتر بۆ دۆزینەوەی ماددەی هۆشبەر دابنرێن و سزاکانیش لەسەر ئەو بازرگانانە قورستر بکرێن لەو پیلانە مرۆییەدا تێوە دەگلێن.
هەرێمی کوردستان خاوەنی دوژمن و نەیارێکی زۆرە و ئەوەی روودەدات تەنیا قاچاخچێتیکردن بە ماددەیەکی قەدەغەکراو نییە بەڵکوو کۆمەڵگە لە مەترسییەکی جیددیدایە و جگە لە پۆلیس و دامەزراوەکانی بنبڕکردنی ماددە هۆشبەرەکان دەبێت دادگا، زانکۆ و مزگەوت و لایەنە پەروەردەییەکان و سەرجەم دامەزراوەکانی کوردستان رووبەڕووی ئەو هەڕەشەیە ببنەوە. بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر مرۆڤ ئاڵوودە و بێ هیوا و لاواز بێ دەسەڵات دەکات، کاتێک ئیرادەی تاک و کۆمەڵگە تێک بشکێت بە خێراییش ملکەچی نەیارانی دەبێت.

ھەواڵی زیاتر