رێکەوتنی نێو ماڵی شیعە گرێکوێرەی کێشەکان دەکاتەوە

دوای نزیکەی ٤ مانگ لەڕاگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان و مانۆڕی کۆبوونەوەکان و مشتومڕی نێو ماڵی شیعە لەسەر گەورەترین کوتلەی براوە و کاندیدی سەرۆکوەزیران خەریکە دەکەنە ڕێککەوتن لەسەر کاندیدێکی ھاوبەش بۆ سەرۆکی کابینەی داھاتوو، بە گوتەی لایەنەکان ئەگەری زۆرە لەو مانگەدا ھەڵبژاردنی سەركۆمار و سەرۆکوەزیران یەکلا بکرێنەوە.

پێنج مانگە پرۆسەی سیاسی گەیشتووتە بنبەست، لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر پەیوەندیی بە سەرۆک بارزانی و لایەنەکانی دیکەوە کردووە، ئەوەش ھۆکار بوو کە گرێکوێرەکان بکرێنەوە، ئەمە لە کاتێکدایە لەڕووی دەستوورییەوە کاتی کەم ماوە بۆھەڵبژاردنی سەركۆمار و سەرۆکوەزیران، شێروان دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر لیستی پارتی، بۆ “ھەولێر” دەڵێت: ناوەکانی پۆستی سەركۆمار پۆلێن کراون و ڕەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون، چاوەڕان دەکرێت، لەو دوو ڕۆژەدا ناوەکان بگەڕێنەوە پەرلەمان و ئەو کاتە لەلایەن پەرلەمانەوە ناوەکان بەشێوەیەکی فەرمی ڕادەگەیەنرێن، لە دوایڕاگەیاندنی ناوەکان بەپێی یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١٢ ئەو ناوانەی کە دوور خراونەتەوە سێڕۆژ بۆ تانە دانراوە و ئەو کەسانە مافیان ھەیە کە تانە لە بڕیارەکە بدەن، دوای ئەوە سەرۆکایەتیی پەرلەمان ھەموو ھەوڵێک دەدات نزیکترین کات دەست نیشان بکات بۆ ئەوەی پەرلەمان کۆبێتەوە و سەركۆمار ھەڵبژێردرێت، کە چاوەڕوان دەکرێت دوای جەژنی نەورۆز پەرلەمان کۆ بێتەوە و کاندیدی پارتی ببێت بە سەركۆماری داھاتووی عێراق.
ئەو پەرلەمانتارە، دەشڵێ: کێشەی سەرەکی نەک پۆستی سەركۆمارە، بەڵکو کێشەی سەرەکی لە ماڵی شیعەیە، زەختێکی دەرەکی ھەیە کە نێو ماڵی شیعە بگەنەڕێککەوتن و کەسێک دەست نیشانبکەن بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، دەستپێشەری سەرۆک بارزانی بۆ لایەنە شیعەکان ھۆکار بوو بۆ ئەوەی ئەو لایەنانە لەیەکدی نزیک ببنەوە، کە کێشەی ناو ماڵی شیعە کاریگەریی لەسەر نێو ماڵی کوردیش ھەیە، ئەگەرنا بەپێی ئەو ھاوپەیمانەتییەی کە لە نێوان پارتی، سەدر و سوننەکان ھەیە لە دانیشتنییەکەم بە زۆرترین دەنگ بەربژێری پارتی دەنگی پێویست بەدەست دەھێنێت و دەبێتە سەركۆمار، ئەمە لە کاتێکدایە ھەندێک لایەن ھەوڵ دەدەن ئەو ھاوپەیمانەتییە سەر نەگرێت و ئەو پۆستە بۆ پارتی نەبێت، بەڵام بەس دانیشتنی پەرلەمان بکرێت کاندیدی پارتی دەبێتە سەرۆ کۆمار، بۆیە چاوەڕوانی ڕێککەوتنی نێو ماڵی شیعەینە، بۆ ئەوەی پۆستی سەركۆمار یەکلا بکەینەوە و عێراق لەو کێشەی کە تێکەوتووە ڕزگار بێت.

ھەواڵی زیاتر