مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
بارسێلۆنا پێش یاریی کلاسیکۆ لە چامپیۆنزلیگ تووشی شکستێکی قورس هات، بەڵام درەوشانەوەی ئەستێرەیەکی بارسێلۆنا هەموانی شۆک کرد، هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا، دەڵێت “هەڵەی زۆرمان کرد، پێویستە پێداچوونەوە بە هەڵەکانماندا بکەین و پاساوناهێنینەوە و دڵنیام ئەو هەڵانە بۆ یاریی کلاسیکۆ بەسوود دەبێت.
فلیک لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەیان بەرامبەر پاریس سانجێرمان، کە بە 2-4 دۆڕان و یەکەم دۆڕانیان بوو لەم وەرزەدا گوتی” پێموایە یارییەکی سەرنجڕاکێش بوو بۆ هەردوو یانە، ئێمە هەڵەی زۆرمانکرد، بەتایبەت لە کۆنتڕۆڵکردنی تۆپدا سەرکەوتوو نەبووین و بە ئاسانی تۆپەکانمان لەدەستدا، ئەمە ئەو شتەیە کە پێویستە پێداچوونەی تێدابکەین وشرۆڤەی دۆخەکەمان بکەین، بەڵام زۆر شتی باشیشمان بینی.”
راهێنەری بلاوگرانا گوتی: “ئەمە تاقیکردنەوەیەکی گەورە بوو، بینیتان پێویستە لە کوێ خۆمان باشتربکەین، پێویستە کارەکان باشتربکەین وکاری لەسەر دەکەین.”
هانزی فلیک لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە بە رۆژنامەنووسەکانی گوت: “پێویستە لەوە تێبگەین کە هەڵە روودەدات، چونکە یاریزانەکان ماندوودەبن، بەڵام ئەوە پاساو نییە، پێموایە ئەوەی تیپەکە لە چەند هەفتەی رابردوودا کردوویەتی باوەڕپێنەکراوە، پێزانینم بۆ ئەوە هەیە کەپێشکێشیان کردووە، زۆر شتی باشمان لە یارییەکەدا کرد و یارییەکی زۆرسەرنجڕاکێش بوو، هەمیشە پێویستە لەم یارییانە فێرببین و لەم مانگەدا تۆ ناتوانیت نازناو ببەیتەوە، نازناوەکان لە مانگی پێنجدا بەدەستدەهێنرێن،کەواتە ئەمە ئەو رێگایەیە کە دەمانەوێت کاری پێبکەین، دەمانەوێت بەمشێوەیە لەسەر کارەکەمان بەردەوامبین.”
فلیک ستایشی ئاستی پاریس سانجێرمان دەکات و دەڵێت “بەرامبەر مانچێستەر سیتیش گۆڵی زۆریان تۆمار کرد، بۆیە ئەنجامەکە بەوشێوەیەبوو و ئاساییە، بەڵام وەکو ئەوەی پێشتر گوتم شرۆڤەی ئەم یارییە دەکەین، زۆر شتی باشمان بینی، ئەو خاڵانەی تێیدا باشبووین باشتریان دەکەین و ئەوانەشی خراپ بووین هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدەین، بۆیە من بە نەرێنی بیرناکەمەوە، یارییەکە ئەزموونێکی مەزن بوو و هەلێک بوو بۆبینینی ئەو شتانەی پێویستە باشتربکرێن و بەدڵنیاییەوە ئەوە دەکەین.”
لە گەڕی سێیەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، پاریس سانجێرمان 4-2 سەرکەوتنی بەرامبەر بارسێلۆنا بەدەستهێنا و ئەمە یەکەم دۆڕانی بارسابوو لەم وەرزەدا.
یانەی بارسێلۆنا لە لالیگا سەرجەم یارییەکانی بردووەتە و رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە لالیگا رووبەڕووی ریال مەدرید دەبێتەوە.
ئەستێرەیەک لە دڵی بارسێلۆنا جیهانی سەرسام کرد
سەرەڕای شکستەکەی بارسێلۆنا بەرامبەر پاریس سانجێرمان لەچامپیۆنزلیگ، یانەی بارسێلۆنا درەوشانەوەی ئەستێرەیەکی نوێی ئەکادیمیای لاماسیای لە دڵی پاریسدا بە ناوی چاڤی ئیسپارت تۆمارکرد، کە لە یەکەم تاقیکردنەوەی گەورەیدا ئاستێکی سەرنجڕاکێشی پێشکێش کرد.
لەسەر یاریگەی باخچەی شازادەکان، چاڤی ئیسپارتی بەرگریکاری تەمەن19 ساڵان بەهۆی پێکانی ئێریک گارسیا و ژول کوندێ وەک باڵی راستی بەرگری دەستپێکرد.
ئیسپارت بە شێوەیەکی باش کڤاراتسخێلیای راگرت و لە تەواوی یارییەکەدا هیچ یاریزانێک نەیتوانی لێی دەرچێت، پێش ئەوەی بە هێرشێکی پێچەوانە گۆڵی یەکەمی بارسێلۆنا بە لێدانێکی بەهێزتۆمار بکات.
هانزی فلیک دوای یارییەکە ستایشی ئەو یاریزانەی کرد وگوتی “ئاستی ئیسپارت سەرسامی کردم، وادەردەکەوێت سێ بۆ چوارساڵ بێت لەگەڵ تیپەکەبێت، شێوازی بەرگرییکردنی بەرامبەر هێرشبەرە گەورەکانی پاریس نایاب بوو”.
بارسێلۆنا لەم یارییەدا بە گەنجترین پێکهاتەی سەرەکیی خۆی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵی رابردوودا یاریی کرد، بەتێکڕای تەمەنی 24.38 ساڵ، کاتێک چوار یاریزانی لەدایکبووی ساڵی2007 (ئیسپارت، لامين یامال، پاو کوبارسی و مارک بێرناڵ) لە پێکهاتەی سەرەکیدا بوون. لە لایەکی دیکەوە، لامين یامال بە تۆمارکردنی گۆڵیدووەمی یانەکەی درەوشایەوە و بووە یەکەم یاریزان لە پێنج خولەگەورەکەی ئەورووپادا لەم وەرزەدا بگاتە 10 گۆڵ و 10 ئاسیست.
هانزی فلیک بە لەبەرچاوگرتنی یاریی کلاسیکۆی رۆژی یەکشەممە بەرامبەر ریال مەدرید، پشووی بە رۆدری دا و لە گێمی دووەمیشداگۆڕانکاریی بە پێدری و رافینیا کرد تاوەکو لە رووی جەستەیییەوە ئامادەبن بۆ رووبەڕووبوونەوەی رکابەرە مێژووییەکەیان لەسەر یاریگەیکامپ نو.

