شاندێکی پەرلەمانی عێراق سەردانی شوێنی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێریان کرد

دوێنێ، شاندێکی پەرلەمانی عێراق، کە پێکهاتبوون لە؛ هەردوو جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حاکم زاملی و شاخەوان عەبدوڵڵا، نایف موکەیف ئەلشمری جێگری سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە، عەتوان سەید حسێن عەتوانی سەرۆکی فراکسیۆنی دەوڵەتی قانون، عەباس شعیل ئەلزاملی، سەرۆکی فراکسیۆنی فەتح، هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی.

شاندەکەی پەرلەمانی عێراق لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، لەلایەن هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و جێگری پارێزگاری هەولێرەوە پێشوازیان لێکرا.
مەبەستی سەردانەکەش، وەک حاکم زاملی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەی مەیدانییە لە ڕووداوەکە و بەرزکردنەوەی ڕاسپاردەی خۆیان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
زاملی، ڕایگەیاند؛ سەردانی هەولێریان کردووە بۆ بینین و زانینی راستیەکان و هۆکارەکانی ئەو بۆردومانە.
ئەوەشی ڕاگەیاند؛ بە شێوەیەکی مەیدانی لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەکەین، باش دەزانین بە ئامانجگرتنی هەر شوێنێکی عێراق، بەئامانجگرتنی هەموو عێراقە، پەرلەمانی ئەمجارە جیاوازە، چونکە گرنگیەکی زۆر بە تەواوی گەلانی عێراق دەدات.
گوتیشی؛ ئەوان بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە هاتوونەتە هەولێر و راسپاردەکانی خۆیان بەرز دەکەنەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران.
لە درەنگانی شەوی ١٣ی ئەم مانگە، لە ڕێگای ژمارەیەک مووشەکی بالیستی دوورهاوێژەوە، کە لە دەرەوەی خاکی عێراقەوە ئاراستەکرابوون، چەند شوێنێکی مەدەنی لە شاری هەولێر بە ئامانجکرد، لە ئاکامدا ٢ هاووڵاتی بریندار بوون و زیانێکی زۆری ماددی بە موڵکی هاووڵاتیان گەیاند.

ھەواڵی زیاتر