رۆژنامەی ھەولێر

ئەمڕۆ زاخۆ و هەولێر لە یاریی دێربی کوردستان رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە

ئەسعەد ئیسماعیل – هە‌ولێر

 

یانەکانی زاخۆ و هەولێر پێش ئەوەی لە دێربی کوردستان رووبەڕووی یەکتر ببنەوە بە دۆخێکی خراپ تێپەڕ دەبن، زاخۆ 3 یاریی لەسەریەکی دۆڕاندووە و هەولێریش لە دوایین 3 یاریی رابردوو تامی سەرکەوتنی نەکردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە لە گەڕی یازدەیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە یاریی دێربی کوردستان زاخۆ لەبەردەم 30 هەزار هاندەر میوانداریی هەولێری پایتەخت دەکات.

هەولێر داهاتووی راهێنەرەکەی یەکلایی کردەوە
دوای ئەوەی لوئەی سەڵاح دەستی لەراهێنەرایەتی هەولێر کێشایەوە، کارگێری یانەی هەولێر بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و بەکۆی دەنگ نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی لوئەی سەڵاحیان رەتکردەوە.
هەولێر لە بەیاننامەکەیدا نووسیویەتی: لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی کە بە ئامادەبوونی سەرۆک و سەرجەم ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەکەمان بەڕێوەچوو، دوای تاوتوێکردنی بارودۆخی تیم و پێویستییەکانی قۆناخی ئێستا دەستەی کارگێڕی بە کۆی دەنگ بڕیاری دا داواکاریی دەستلەکارکێشانەوەی ڕاهێنەری یانەکەمان، لوئەی سەلاح، ڕەت بکاتەوە و بۆ ئامادەکاری یانەکەی بۆ یاریی زاخۆ دەگەڕێتەوە راهێنانەکانی هەولێر.
هەولێر دەشڵێت: دەستەی کارگێڕی پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ لوئەی سەلاح و سەرجەم ستافەکەی دووپات دەکاتەوە و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە متمانەی تەواوی بە تواناکان، شارەزایی و کارامەیی ئەوان هەیە. هەروەها، دەستەی کارگێڕی پێی وایە کە هاوکاری، یەکگرتوویی و دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام و ئەرێنی، گرنگترین هۆکارەکانن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی یانەکە و بەردەوامبوون لە ڕکابەریی و پاڵەوانیەتیەکان.

هەولێر ئەستێرەیەکی بۆ گەڕایەوە
هەولێر بۆ ئەم یارییە توانایەکانی ئیبراهیم باییشی بۆ گەڕاوەتەوە، بەڵام هومام تاریق دەبێتە دەیەمین یاریی لە یاریکردن بێبەش دەبێت.
هەولێر سێیەمین یارییە لەسەریەک ناتوانێت براوە بێت، بە کۆکردنەوەی 18 خاڵ بۆ پلەی پێنجەم دابەزی.
لە لەلایەکی دیکەشەوە، یانەی زاخۆ بە دۆخێکی زۆر خراپ تێپەڕ دەبێت و سەرەڕای ئەوەی زۆرترین پارەی بۆ دروستکردنی تیپەکە خەرج کردووە، بەڵام لە کۆی 10 یاری ئەم وەرزە تەنیا دوو سەرکەوتنی بەرامبەر یانەکانی مووسڵ و گازی باکوور بەدەستهێناوە و پێنج یاریشی دۆڕاندووە.
زاخۆ لە ئەگەری شکستی دەبێتە چوارەمین شکستی لەسەریەک و پێشبینی دەکرێت راستەوخۆ تەڵال بلووشی راهێنەری قەتەری یانەکە دووربخرێتەوە.