وەرگێڕانی شۆڕش غەفووری
(نەوەی زێد – Gen Z) کە زۆرینەی خۆپێشاندەرە فەڕەنسییەکان پێکدێنن، بۆ ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانیان هێمایەکیان بەدەستەوەیە کە لە مانگایەکی (ڕۆمانگرافیکی – Manga) بەناوبانگ وەریانگرتووە. ئێستا ئیتر لە خۆپێشاندانەکانی فەڕەنسا و وڵاتانی دیکە، ئاڵای (وەن پیس – One Piece) بووەتە هێما و سیمبوولی یاخیبوون.
هەرکاتێک جەحێڵەکان دەکەونە ئاڵنگاریی دەسەڵات و خۆپێشاندان دەکەن و پشێوی دەنێنەوە، پشت بە سیمبوول و نیشانە و هێما خەیاڵی یان فەرهەنگییە جەماوەرییەکان دەبەستن و دەیانکەنە دروشم بۆ کۆکردنەوەی جەماوەر.
لە بەنەر و لافیتە و پلاکارد و درووشمی خۆپێشاندەرە فەڕەنسییەکان، ئاڵایەکی ڕەش بە وێنەی کەلەسەرێکی پێکەنیو و کڵاوێکی حەسیری دەبینرێت. ئەم هێمایەی لایەنگرانی کۆمەڵە مانگای (وەن پیس)، لە هەمان ئاڵای (Jolly Roger) واتە دزانی دەریایی وەرگیراوە و یەکێکە لە ناسراوترین لۆگۆ و ئاڵاکانی دونیا.
ئەم هێمایە پێشتر لە ناڕەزایەتییەکانی سێپتەمبەری ساڵی ڕابردوو لە فەڕەنسا بینرا و ئێستاش لە خۆپێشاندانەکانی خوێندکاران و لە شەقامەکانی فەڕەنسا و بەلجیکا و ئیتالیا و یۆنانیش دووبارە دەبینرێتەوە. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئاخۆ ئاڵای دزانی دەریایی (وەن پیس) چۆن بووە هێمایەک دژی سەرکوت و گەندەڵیی دەوڵەت و وڵاتانا و تەنانەت کیشوەرەکانیشی تەنی؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، پێویستیمان بە کەمێک زانیاریی زیاترە. بۆ ئەوانەی نازانن (وەن پیس) چییە، پێویستە ڕوونی بکەینەوە کە مانگایەکی ژاپۆنیی بەناوبانگە کە (ئیچیرۆ ئۆدا – Eiichiro Oda) دروستی کردووە. بە کورتی مەبەستی لەو تاقمە دزە دەریاییە کڵاوبەسەرانەیە کە بەرگری لەو کەسانە دەکەن کەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی فەرمانڕەوا سەرکوتکار و گەندەڵەکانەوە، واتە شۆڕش دژی ستەمکاری لە ژێر ئاڵای (Jolly Roger).
بۆ یەکەم جار ئەم کتێبە ڕۆمانگرافیکییە (مانگا) لە ساڵی ۱۹۹٧ بڵاوکرایەوە، ساڵێک کە هاوكاتە لەگەڵ لەدایکبوونی نەوەی زێد. ئەم کۆمەڵە کتێبە تا ئەوڕۆ بووەتە دیاردەیەکی جیهانی و زیاتر لە ٥٠٠ ملیۆن دانەی لێ فرۆشراوە و بۆ ٤٠ زمانیش وەرگێڕدراوە و تەنانەت ڕیکۆردی (گینسی جیهانی – Guinness World )ی بۆ زۆرترین نووسخەی چاپکراو لە کۆمەڵە کۆمیکی نووسەرێک شکاندووە و زنجیرەیەکی (ئەنیمەیشنی – تەلەڤزیۆنی) و زنجیرەیەکی (لایڤ ئەکشن – Live Action)ی لە نێتفلیکس و چەندین فیلمی لەسەر دروست کراوە. هەر لە وڵاتی فەڕەنساش، ئەم بەرهەمە زۆر خۆشەویستە و لە پڕفڕۆشترینەکانە.
لەم ساڵانەی دوایی و لە خۆپێشاندانەکانی نیپاڵ، ئەندۆنیزیا، فلیپین، مەغریب، ئیتالیا و بەریتانیا، ئەم ئاڵایە بە کەلەسەرە پێکەنیوەکەیەوە بینرا و لەم چەند حەفتەیەی خۆپێشاندانەکانی فەڕەنساش بە دەست جەحێڵەکانەوە بوو.
وێنەی (وەن پیس) چ لە خۆپێشاندانی خوێندکاران ببێنرێت یا لە خۆپیشاندان دژی توندوتیژیی پۆلیس و یا ناڕەزایەتییەکانی دژ بە سنووردارکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن دەوڵەت و یا ڕێپێوان بۆ پشتیوانی لە فەلەستین، هەر هەمووی یەک ڕووی هاوبەشیان هەیە، ئەوەی کە چۆن ئەم هێمای مانگایە بووەتە ڕەنگ و دەنگی نەوەی زێد، نەوەیەک کە کردوویانە بە سیمبوولی سەرپێچی و هیوا.
ئەم هێمایە هێندەش شتێکی کتوپڕ و سەیر و سەمەرە نییە، چونکە لە خودی چیرۆکەکەشدا و بۆ گرووپێکی یاخی و پەرتەوازە بەڵام نوێنەری ئازادی و بەرگری و خەبات دژ بە سەرکوتە و لە دونیای ڕاستەقینەدا لەگەڵ لاوانی بێهیوا و نەوەی زێد دەدوێت، نەوەیەک کە تینووی بیستن و بینینن.
گۆڕینی دونیای خەیاڵی بۆ دونیای ڕاستەقینە، گواستنەوەیەکی بەسوودە، چونکە گێڕانەوە و بەهاکانیان نابەسترێتەوە بە سنوور یان داواکارییەکی تایبەت. لە بەرامبەردا هەستی یەکگرتنی جیهانی و زمانێکی هاوبەشی هاوکاری دروست دەکات.
ئەم گواستنەوەیە سوودێکی گرنگیشی هەیە، ئەویش گۆڕینی خەیاڵە بۆ سەرپێچی، بەمەش ئەرکی دەوڵەتە زۆردار و سەرکوتکارەکان سەخت و سەرکوتکردنی ئەم هێمایانە دژوارتر دەکات.
جارێکی تر بەکارهێنانەوە و دەرکەوتنەوەی (Jolly Roger)، نیشاندەری ئەوەیە کە فەرهەنگ و سیاسەت لێکجیانابنەوە، بەتایبەت بۆ چالاکوانە گەنجەکان و نەوەیەک کە ئاشنای دیجیتاڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە و لەگەڵ ئاماژە فەرهەنگییەکان بەکاریان دەهێنێت بۆ دەربڕینی دڵەراوکێ و ترس و خواستەکانی خۆی.
تەنها ئاڵای (Jolly Roger) نییە کە بووەتە هێما و سیمبوولی خەبات و خۆپێشاندان، بەڵکو زۆر نموونەی لێکچووی دیکەش هەن کە لە ساڵانی ڕابردوو و لە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانەکان هەڵکراون. لە خوارەوە دەتوانین پێنج نموونەی دیکەتا بیربخەینەوە کە لە ١٥ ساڵی ڕابردوو، بوونە ئامرازی دەربڕینی خواستە سیاسییەکانی خەڵک و گەنجان:
یەکەم: (ڤی فۆڕ ڤێندێتا – V for Vendetta)
گرووپی نێودەوڵەتیی (هێکتیڤیست – Anonymous)(هاککەرە چالاکەکان) بە ئیلهاموەرگرتن لە فیلمی (V for Vendetta) کە لە ساڵی ٢٠٠٥ بەرهەم هێنرا، ماسکە بەناوبانگەکەی (گای فۆکس – Guy Fawkes)یان لە خۆپێشان و بۆ داپۆشینی ڕووخساریان بەکارهێنا.
ئەم ماسکە لە ساڵی ٢٠١١ و لەگەڵ بزووتنەوەی (Occupy) بووە هێمایەکی گشتگیر و تا ئەوڕۆش وەک ڕووکاری ناڕەزایەتی دژ بە سیستەم و دەوڵەتە گەندەڵەکان بەکاردەهێنرێت. ڤی لە فیلمەکەدا دەڵێت: «پێویست ناکات خەڵک لە دەوڵەتەکانیان بترسن، ئەوە دەوڵەتەکانن کە دەبێت لە خەڵکەکەی خۆیان بترسن.»
دووەم: (یارییەکانی برسیەتی – The Hunger Games)
کۆمەڵە کتێبی مێرمنداڵان لە نووسینی (سوزان کۆلینز – Suzanne Collins) و فیلمە دروستکراوەکانی سەر ئەم کۆمەڵە کتێبە بە ڕۆڵگێڕانی (جێنیفەر لۆرێنس – Jennifer Lawrence)، چەندین هێمای بەرگرییان لێ دروست بوو، هەر لە (دەمبووز – Mockingjay)ەوە بگرە تا سڵاو بە سێپەنجە. ئەم جووڵە بێدەنگە کە لەلایەن کەسایەتیی (کەتنیس ئۆڤەردین – Katniss Everdeen)ەوە بکار هات، سەرپێچییەک بوو بۆ نیشاندانی هاوپشتیی لە زوڵملێکراوان و لە ساڵی ٢٠١٤یشەوە لە نێو خۆپێشاندانەکان بینرا، بەتایبەت لە ڕێپێوانەکانی دژ بە کودەتا سەربازییەکەی تایلەند و خۆپێشاندانەکانی هۆنگ کۆنگ بۆ مافی دەنگدانی گشتی.
سێیەم: (بەسەرهاتی کڵفەتەکان – The Handmaid’s Tale)
لە ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨، ژنانی ئەمریکا دژی لەباربردنی کۆرپەلە و سیاستە چەوتەکانی بەرامبەر مافی منداڵبوون، عەبا سوور و کڵاوە سپییەکانیان بەکارهێنا کە ئیلهامەکەی لە ڕۆمانی (بەسەرهاتی کڵفەت)ی (مارگارێت ئاتوود – Margaret Atwood) و زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکەی وەرگیرابوو.
لەو کتێب و زنجیرە تەلەڤزیۆنییە خەیاڵ تاریکەدا، ژنە کڵفەت و خزمەتکارەکان بەپێی یاساکانی وڵاتی خەیاڵیی (گیلاد) ناچارن ئەو جلە سوورە بپۆشن و ژنانی دووگیان دەکرێنە کۆیلەی منداڵبوون. لە چەندین خۆپێشاندان و ڕێپێوانی وڵاتانی دونیا، ژنان بەم جلە سوورانەوە دەرکەوتن، بۆ نموونە لە ناڕەزایەتییەکانی ٢٠١٨ی ئەرجەنتین بۆ مافی لەباربردن و خۆپێشاندانی ٢٠١٩ دژی سەردانی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بۆ بەریتانیا.
چوارەم: (جۆکەر – Joker)
دوای شەڕی ناوخۆیی، خۆپیشاندەرانی لوبنان لە ساڵی ٢٠١٩، دژی پاکێجە ئابوورییە قوورسەکانی دەوڵەت خۆپێشاندنیان دەکرد و زۆربەیان ماسکی «شازادەی تاوانی لێبۆک»یان وەک هێمایەک هەڵبژارد و خۆپێشاندەران ڕووخساریان وەک ڕووخساری (واکین فینێکس – Joaquin Phoenix) لە فیلمی جۆکەر نیشان دا و ئەمەش وای کرد دەنگیان ببیسترێت.
ئەم شێوازە ڕووخسارەی جۆکەر کە لە دونیا زۆر ناسراوە، هێمای یاخیبوون و دژایەتیی نەریت و یاسا سواوەکانی کۆمەڵگەیە. بەکارهێنانی ڕووخساری لێبۆکەکە، بیرخەرەوەی بێڕێزیکردنە بە سیستەم و هەر ئەمەش کردیە یەکێک لە هێما بەناوبانگ و خۆشەویستەکانی گەنجان.
پێنجەم: (بۆقە پەپێ – Pepe the Frog)
(بزووتنەوەی ڕاستی توندڕەو – MAGA) و خودی دۆناڵد ترەمپ کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ٢٠١٦ی ئەمریکا، میمێکی پەپێ تویت کرد، ئەم بۆقە سەوزەیان بۆ ڕاکێشانی سەرنجی گەنجان بەکارهێنا.
(مەت فیوری – Matt Furie)، کارتۆنیستی ئەمریکی، ئەم وێنەیەی لە ساڵی ٢٠٠٥ کێشا و زۆریش تووڕە بوو لەوەی کارە هونەرییەکەی بۆ ڕق و توندوتیژی بەکارهێنراوە و لە وتارێکدا کە ساڵی ٢٠١٦دا لە گۆڤاری (TIME) بڵاو بووەوە، نووسی: «ئەوە شێتم دەکات کە (پەپێ) وەک هێمای ڕق و کینە ناوی دێت و ڕەگەزپەرست و دژە یەهوودییەکان، بۆقە ئاشتیخوازەکەم وەک نیشانەی ڕق بەکاردەهێنن.»
سەرەڕای بەکارهێنانی پەپێ لەلایەن ڕاستە توندڕەوەکانی ڕۆژئاوا، کەچی ئەم هێمایە لە ساڵی ٢٠١٩ و لە خۆپێشاندانەکانی لایەنگرانی دیموکراسیی هۆنگ کۆنگ بەکارهاتەوە و دووبارە خۆپێشاندەرانی ئاشتیخواز گەڕاندیانەوە بۆ خۆیان.
سەرچاوە: www.euronews.com

