رۆژنامەی ھەولێر

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕێبەری ئەنجوومەنەکانی لێکۆڵینەوەی پەسەند کرد

لە چوارچێوەی پڕۆسەی چاکسازی لە پۆلیسی کوردستان و مەبەستی یەکخستن و ستانداردکردنی تەواوی ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە لە نێو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆدا، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، رێبەری ئەنجوومەنەکانی لێکۆڵینەوەی بە کۆی دەنگ پەسەند کرد.

بە ئامادەبوونی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی تایبەت سەبارەت بە تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندنی رێبەری ئەنجوومەنەکانی لێکۆڵینەوە بەڕێوە چوو.
وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: رێبەری ئەنجوومەنەکانی لێکۆڵینەوە، وەک یەکێک لە رێبەرە سەرەکییەکانی ئۆپەراسیۆنی پۆلیس هەژمار دەکرێت، کە پێشتر بە فەرمانی وەزاریی ژمارە (1075) لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2025 دەرچووە و لە هەشت رێبەری جیاواز پێکدێت.
بە پێی راگەیەنراوەکە، ئەم رێبەرە بە شێوازێکی زانستی و یاسایی سەرجەم رێکارەکانی لێکۆڵینەوە لە نێو دەزگاکانی پۆلیسدا لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرک و خزمەتدا رێکدەخات؛ لەوانەش پرۆسەی وەرگرتنی گوتە و گوێبیستبوونی شایەتحاڵەکان.
وەزارەتی ناوخۆ، ئەوەشی ڕاگەیاندووو؛ مەبەستی سەرەکی لە داڕشتنی ئەم رێبەرە ئەوەیە، کە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و لە نێو تەواوی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆدا، رێکارەکانی ئەنجوومەنی لێکۆڵینەوە یەکگرتوو، هاوتا و هاوئاهەنگ بن لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و یاسا و رێکارە سزاییە کارپێکراوەکاندا.
لە کۆبوونەوەکەدا، دوای هەڵسەنگاندنی وردی بڕگە و ماددەکان و ئاڵوگۆڕکردنی سەرنجەکان، رێبەری ئەنجوومەنی لێکۆڵینەوە بە کۆی دەنگی ئامادەبووان پەسەند کرا، بە لەبەرچاوگرتن و جێبەجێکردنی کۆمەڵێک گۆڕانکاریی پێویست؛ هاوکات بڕیارە لە ئاییندەیەکی زۆر نزیکدا ئەم رێبەرە بە فەرمی دەربچێت و بخرێتە بواری جێبەجێکردنی کردارییەوە.
داڕشتن و نووسینەوەی رێبەرەکانی لێکۆڵینەوە و تەواوی رێبەرەکانی ئۆپەراسیۆن، بەشێکی دانەبڕاون لە پڕۆژەی گشتگیری چاکسازی لە پۆلیسی کوردستان کە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆوە بۆ بە مۆدێرنکردنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ پەیڕەو دەکرێت.