دوێنێ، شاندێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە مەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە کێشە و گرفتەکانی شارەکە سەردانی کەرکووکیان کرد و دواتریش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن باسی لە دۆخی پارێزگای کەرکووک کرد و ڕایگەیاند؛ لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانەوە بگرە تا خوارەوە، هیچ کوردێک بەرپرسی فەرمانگەیەکی ئەمنی نییە، ئەمەش نادادیەکی یەکجار گەورەیە.”
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، پارتی دیموکراتی کوردستان بەهۆی قورسایی و پێگەی لەناو پەرلەمانی عێراق، هەروەها هەبوونی ئەندام لە سەرجەم لیژنە گرنگەکانی وەک (نەوت، دارایی، خوێندنی باڵا، کشتوکاڵ و بازرگانی)، دەتوانێت رۆڵێکی کارا بگێڕێت و ببێتە هاوکارێکی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرکووک.
لەبارەی دابەشکردنی پۆستە ئەمنییەکانی کەرکووکەوە، ڕایگەیاند؛ لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانەوە بگرە تا خوارەوە، هیچ کوردێک بەرپرسی فەرمانگەیەکی ئەمنی نییە، ئەمەش نادادیەکی یەکجار گەورەیە.”
شاخەوان عەبدوڵا، باسی لە پرسی داگیرکاریی زەویی جووتیاران کرد و ڕایگەیاند؛ پرۆسەیەکی ناشرین دەستی پێکردووە و تەواو پێچەوانەی رێنماییەکانی ماددەی 140ـە. بۆ ئەم مەبەستەش گوتی “بە فەرمی نووسراومان ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە بۆ ئەوەی پرۆسەی وەبەرهێنان لەسەر ئەو زەویانە گابگیرێت.” هاوکات لە وەڵامی سکاڵای هاووڵاتییەکدا لەسەر هەمان پرس، ئاشکرای کرد، بەداخەوە لە هەندێک پرۆژەی داگیرکارییدا دەستی کوردی تێدایە، بەڵام جەختی کردەوە کە بە توندی رێگرییان لێ دەکەن و هەر هەمان رۆژ لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک کۆدەبێتەوە.
سەبارەت بە بۆشایی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، جموجۆڵی تیرۆریستان زیادی کردووە و بۆشاییەکە تەنیا لە کەرکووک نییە بەڵکو تا سنووری شنگال درێژ دەبێتەوە. هێمای بۆ ئەوەش کرد، ئەگەر هێزی هاوبەشیش نەبێت، دەبێت ئۆپەراسیۆنی هاوبەش هەبێت یان هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە بۆ پاراستنی ئەمنییەتەکەی. باسی لەوەش کرد کە پێشتر هێزێکی هاوبەشی 3777 کەسی پێکهێنراوە و لە ساڵی 2024دا لە سنووری سەرگەڕان بڵاوەیان پێکراوە، و بڕیاریشە فەوجێکیان رەوانەی سنووری پردێ بکرێت.
دەبێت بڕیاردان لەسەر پۆستی پارێزگار و پۆستە کارگێڕییەکان لەسەر بنەمای ئیرادەی خەڵکی کەرکووک بێت. گوتیشی “لە ئایندەیەکی نزیکدا گۆڕانکاری ئیداری دەکرێت، ئەگەر ئیرادەی کەرکووکییەکان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و ئەنجوومەنەکان رەچاو بکرێت، ئێمەش وەکو پارتی قسەی خۆمان دەبێت.”
لە کۆتاییدا، بەڵێنی بە کەرکووکییەکان دا کە لەگەڵ گەڕانەوەیان بۆ بەغدا و بەپشتبەستن بە دەستبەکاربوونی تەواوی وەزیرە پەیوەندیدارەکانی کابینەی حکوومەت، بە جدی کار لەسەر ئەو کەیسانە دەکەن و ئەنجامەکان بە هاووڵاتییان دەگەیەنن، چونکە پارتی کێشەکانی کەرکووکی خستووەتە ئەستۆی خۆی.

