بڕیارە هەرێمی کوردستان کارگەی مردەوژیکردنی لێ دابمەزرێ

زۆرینەی ئەو دەفرە پلاستیکیانەی کە لەلایەن ماڵانەوە بەکار دەھێنرێت و دواتر دەبێتە پاشماوە دەرکەوتوە کە توانای دووبارە بەکارھێنانەوەیان نیە.

ئەو تێکەڵەیەی کە پێکھاتەی دەفرە پلاستیکیەکانی وەکو ماست و خۆراکی پارازتە یاخود ئامادەکراو و ھەندێ دەفری تری لێ پیک ھاتوە وزۆرجار توانای دووبارە بەکار ھێنانەوەیان سنووردارە.
شارەزایانی بواری مردەوژیکردن یاخود ریسایکلینگ ئاماژە بەوە دەکەن کە تەنھا سێیەکی ئەو ماددە پلاستیکیانەی لە جیھاندا بۆ لەقوتوونانی خواردەمەنی بەکاردێن توانای دووبارە بەکارھێنانەوەیان ھەیە و ئەوەی کە دەمێنێتەوە دەنێردرێت بۆ زبڵدانە گەورەکان، کە ئەمەش زەنگێکی مەترسیی گەورەیە بۆ سەر ژینگە.
ئەوانەی بواری پیشەسازیدا کار دەکەن ئاماژە دەدەن کە ٨٠٪‏ ی مادەکانی کە لە قوتوناندا بەکاردێت دەتوانرێت بە شێوەیەک دروست بکرێت کە زیاتر بواری دووبارە بەکار ھێنانەوەی تێدا بێت و داوا لە کارگەکانی لە قوتونانی خواردەمەنی دەکات کە ئەو مادە پلاستیکیانە بەکار بهێنرێن کە توانستی دووبارە بەکارھێنانەوەیان ھەیە بەمەبەستی پاراستنی ژینگە لە پیسی.
بە پێی ئامار، لە بەریتانیا ساڵانە نزیکەی ٥٢٥٠٠٠ تەن پلاستیک لەلایەن ماڵانەوە بەکار دەھێنرێت بەڵام تەنھا ١٦٩٠٠٠ تەن لەو بڕە دەتوانرێت دووبارە بەکار بهێنرێتەوە و بڕەکەی تریش دەبێتە ھۆی پیسداگەڕانی ژینگە و، بۆ ئەمەش لۆمەی وەبەرھێنەران دەکات کە تێکەڵەی ماددەی پۆلیمیر بەکار دەھێنن کە ھەندێکیان کوالیتیان زۆر خراپە.
لەگەڵ ئەمانەشدا شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە گۆرانکاری لە نێوان ماددەکاندا جیاوازیەکی گەورەی ھەیە بۆ نمونە ئەو مادە پلاسیکیانەی کە بۆ ژەمە خۆراکە کانی ناو مایکرۆ ئامادە کراوە زۆرینەی لە پلاستکی ڕەش دروست دەکرێت وە ماددە پلاستیکیە رەشەکان تاکە ماددەن زور ئەستەمە مردەوژی (ڕیسایکلینگ) بکرێن چونکە گۆڕانکاری لە ڕەنگی ماددەکاندا توانستی دووبارە بەکارھێنانەوەیان کەم دەکات.
کۆمپانیاکانی وەبەرھێنانی خواردەمەنی ئاماژە بەوە دەکەن کە تاکە ھۆکاری بەکارھێنانی پلاستیکی ڕەش ئەوەیە کە خواردەمەنیەکان لە ناویاندا زیاتر سەرنجراکێش دەردەکەون.
لە بارەی ئەو پلاستیکانەی کە سەوزە و میوەیان تێدا ھەڵدەگیرێت بە گشتی لە سێ جۆر ماددە بەرھەم دەھێنرێن کە لە ناویاندا ماددەی پۆلیسترین ھەیە کە دووبارە بەکارھێنانەوەی ئەستەمە.
خەمخۆرانی ژینگەش داوا دەکەن بۆ پاراستنی ژینگگە، بەکارھێنانی ئەو ماددانە قەدەغە بکرێت کە مردەوژی ناکرێنەوە.
لە کوردستانیشدا وا بڕیارە کارگەی مردەوژیکردن (ریسایکڵینگ) لە سەرجەم شارەکانی ھەرێمدا دروست بکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زبڵ و خاشاک. ھەربۆیە نوێنەری خزمەتگوزاری لە شارەوانی ھەولێر رایگەیاند لە شاری ھەولێر كارگەیەكی گەورەی ریسایکلینگ لەسەر ئاستی ھەرێمیكوردستان دروست دەكرێت، كە رۆژانە دەتواندرێت دوو ھەزار و٤٠٠ تۆن زبڵ و خاشاكی تێدا بەكار بێنن، ئەمەش وا دەكات كێشەی زبڵ و خاشاك بە تەواوی لە شاری ھەولێر چارە بكرێت.
وتەبێژی وەزارەتی شارەوانی ڕایگەیاند کارگەیەكی گەورەی ریسایكلین لە شاری ھەولێر دروست دەكرێت و ئێستاش وەزارەتی شارەوانی سەرقاڵی دەرخستەیەكە، بۆ ئەوەی دەست بە دروستكردنی كارگەكە بكرێت و چەند شارەزایەكی ئەورووپاییش بەشداری لە دروستكردنیدا دەكەن و هەروەها لەلایەن وەزارەتی شارەوانیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیشەوە، لیژنەیەكی بۆ تەرخان کراوە.
جگە لە شاری ھەولێر وا بریارە لە سەرجەم شارەکانی ھەرێم کارگەی ریسایکلین بەرھەم بھێنرێت کە ئەمە ھەواڵێکی باشە بۆ ڕزگاربوون لە خۆڵ و خاشاک و پاراستن ژینگە و لەلایەکی تریشەوە ڕخساندنی ھەلی کار بۆ زۆرێک لەوانەی بێکارن.

ھەواڵی زیاتر