رۆژنامەی ھەولێر

هاتوچۆی هەرێم دەنگۆی پێدانی تابلۆی ئەمنی بە ئۆتۆمبیلی بێ سەرەتا ڕەتدەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان دەنگۆی پێدانی کۆد و تابلۆی ئەمنی بە ئۆتۆمبیلی بێ سەرەتا ڕەتکردەوە و هۆشداری دا لەوەی تەنیا بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ مافی فەرمیی پێدانی تابلۆیان هەیە و سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاوی کردەوە: لە هەندێک کەناڵی میدیاییدا باس لە پێدانی کۆد و تابلۆی ئەمنی بە ئۆتۆمبیلی بێ سەرەتا و تۆمارنەکراو دەکرێت، ئەم دەنگۆیانە هیچ پەیوەندییەکیان بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆوە نییە کە تاکە لایەنی فەرمین بۆ تۆمارکردن و پێدانی تابلۆ بە ئۆتۆمبیل و ماتۆڕسکیل، لەبەر ڕۆشنایی یاسا و ڕێنمایییەکانی بواری هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستاندا.

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە: بەدەر لە ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و ڕێکارە فەرمییەکان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ، ئەرک و دەسەڵاتی هیچ دامەزراوەیەکی دیکە نییە بە هیچ ناوێک و لەبەر هەر هۆکارێک بێت، ڕێکار بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل دابنێت.

هاتوچۆی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەش کردووەتەوە، هەر ئۆتۆمبێلێک بە فەرمی لە یەکێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ تابلۆی یەکێک لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستانی پێنەدرابێت، یان هەڵگری تابلۆی پارێزگاکانی عێراق یاخود تابلۆی فەرمیی بیانی نەبێت، بە “بێ تابلۆ” هەژمار دەکرێت، هەر ئۆتۆمبیلێکی لەو شێوەیەش بکەوێتە بەرچاوی مەفرەزە و تیمەکانی پۆلیسی هاتوچۆ، ڕووبەڕووی ڕێکاری توندی یاسایی دەبێتەوە.