رۆژنامەی ھەولێر

ریکلامکردن بۆ ڤیزای شنگن لە هەرێمی کوردستان قەدەخە کرا

بڕیار درا لە هەرێمی کوردستان هەر کۆمپانیا و نووسینگەیەک ریکلامی وەرگرتنی ڤیزای شنگن بکات، رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبێتەوە.

لە پۆستێکدا، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە تێدا هاتووە، ”ماوەیەکە بەشێک لە کۆمپانیا و نووسینگەکانی گەشتیاری ریکلامی بێ بنەما بۆ وەرگرتنی ڤیزای شنگن و بەریتانیا دەکەن، ئەم کۆمپانیایانە پارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان وەردەگرن و بەهۆیەوە زیانی دارایی بە بەشێکیان گەیشتووە، بۆیە داوای راگرتنی ئەو جۆرە رێکلامانەیان لێدەکەین چونکە پێچەوانەی ئەوە رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبنەوە.

دەشڵێ، ئەم بانگەشانە بوونەتە مایەی نیگەرانیی ئۆفیس و کونسوڵخانەکانی وڵاتانی دۆست لە هەرێمی کوردستان، وەرگرتنی ڤیزا رێکاری یاسایی و کارگێڕیی تایبەتی خۆی هەیە و تەنانەت کونسوڵخانەکانیش هیچ گرەنتییەک بۆ وەرگرتنی ڤیزا بە کەس نادەن. بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکەم تەنیا بە رێگەی سیستمی فەرمیی ئۆنلاینی ڤیزای وڵاتان کار بکەن و دۆکیۆمێنتی پێویست پێشکەش بکەن.

لە کۆتایشدا هێمن میرانی داوای لە هەموو نووسینگە و کۆمپانیاکانی گەشتیاری و فڕۆکەوانی و هەر پلاتفۆرمێک کرد کە ریکلامی ڤیزای شنگنی بەریتانیا، ئەمریکا، کەنەدا و وڵاتانی دیکە دەکەن، بەپەلە ریکلامەکانیان بسڕنەوە و چیتر ئەو بانگەشانە نەکەن.