ڕائیب جادر – هەولێر
ئەو پڕۆژەیاسایەی بەغدا پێشکەشی کردووە لای کوردستان جێگەی نیگەرانییە، ھەر لەسەر ئەو پرسە ئەم ھەفتەیە شاندێکی ھەولێر سەردانی بەغدا دەکات، چوونی ئەو شاندە بۆ گەرەنتیکردنی ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستانە لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ و داوا دەکات پشکی ھەرێمی کوردستان بە ١٤.١٤% جێگیر بکرێت. ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری ھەرێم، دەڵێت، کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان، پێچەوانەی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان و پێوەرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
ڕەشنووسەکە هێشتا لە قۆناخی ئامادەکردندایە
ئەو ھەواڵ و دەنگۆیانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا باسیان لەوە دەکرد کە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٧ لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە گەڕێندراوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی ڕاست نین، ڕەشنووسەکە تا ئێستا لە قۆناخی ئامادەکردندایە لە نێو وەزارەتی داراییدا و ھێشتا ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران نەکراوە تا بگەڕێندرێتەوە. شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، ھەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و گوتی: ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٧ کە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە کاری لەسەر دەکرێت، تاوەکو ئەم ساتەش ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نەکراوە، ئەمە لە کاتێکدایە پڕۆژەیاسای بودجە ھێشتا لە قۆناغی ڕەشنووسدایە و نەبووەتە پڕۆژەیاسای پەسندکراو، ڕەشنووسەکەش کاتێک دەبێتە پڕۆژەیاسا، لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسند بکرێت و بۆ پەرلەمانی عێراق بێتە ناردن.
شاندێک سەردانی بەغدا دەکات
پێشەوا ھەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، ئەم ھەفتەیە شاندێکی باڵای دانوستانکاری ھەرێم دەچێتە بەغدا، ئەوەش بە مەبەستی درێژەدان بە گفتوگۆکانی ڕەشنووسی بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ و جێگیرکردنی شایستە داراییە دەستوورییەکانی ھەرێم لە یاساکەدا.
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەش کرد، ڕەشنووسی پێشکەشکراو جێگەی نیگەرانییە، بۆیە ھەوڵ دەدەن لە ڕێگەی تێگەیشتنێکی ھاوبەش لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ، مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی، ھاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق بپارێزرێت و جێگیر بکرێت.
ئەم سەردانە درێژەپێدەری کۆبوونەوەکانی شاندی باڵای ھەرێمە لەگەڵ بەغدا کە بەرپرسانی دارایی، سامانە سروشتییەکان و پێشمەرگە لەخۆدەگرێت، بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە لەسەر شایستە دارایییەکان و پابەندییە نەوتییەکان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیدا.
سەبارەت بە پابەندییەکان و ماف و شایستەکانی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٧، ڕۆژی چوارشەممە ٧ی تشرینی یەکەم ٢٠٢٦، شاندێکی باڵای دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد، شاندەکە جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان، لەوانەش مووچە و شایستەکانی مووچەخۆران، لە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٧ بەشێوەیەکی ڕوون و یاسایی جێگیر و پارێزراو بن، بە جۆرێک ھاووڵاتییان و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان لەڕووی ماف و شایستە داراییەکانەوە ھاوتا بن لەگەڵ ھاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، ھەروەک دادگەی باڵای فیدڕاڵییش جێگیری کردووە.
دەستکاری ڕێژەی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان کراوە
بەپێی بڕگەی دووەمی ماددەی ٦٢ـی دەستووری عێراق، ماددەی ١٢ـی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠١٩ و بڕگەی سێیەمی ماددەی ١٧ـی یاسای پەرلەمانی عێراق ژمارە ١٣ـی ساڵی ٢٠١٨، دەسەڵاتی پەرلەمانی عێراق لە گۆڕینی بڕە داراییەکانی بودجەدا سنووردارە و تەنیا دەتوانێ گواستنەوە و کەمکردنەوە بکات، بۆ زیادکردنی خەرجییەکانیش تەنیا دەتوانێ پێشنیاز بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بکات نەک بڕیار بدات.
ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران کە ئەندامی شاندی دانوستانکاری ھەرێمی کوردستانیشە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا ڕایگەیاند، لە بڕگەی یەکەمی ماددەی دەیەم لە ڕەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٧، ڕێژەی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان بە ١٢.٧% دیاری کراوە، لە کاتێکدا بەگوێرەی دواین سەرژمێری ١٤.١٤% بووە، کەمکردنەوەی ١.٤٤% تەنیا کەمکردنەوەی ژمارە و ئامار نییە، بەڵکو دەبێتە ھۆی کەمکردنەوەی شایستە داراییەکان و کەمبوونەوەی پڕۆژەکان و خزمەتگوزارییەکان، بەگوێرەی ماددەی ١٢١ـی دەستوور بڕگەی سێیەم، ھەرێمی کوردستان مافی ھەیە پشکی دادپەروەرانە لە داھاتە فیدراڵییەکان بە ڕەچاوکردنی ڕێژەی دانیشتووان وەربگرێت.
ئامانج ڕەحیم، باس لە ناوەڕۆکی بڕیارەکان دەکات و دەڵێت، لە ھیچ شوێنێک دەسەڵات نەدراوە بە وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ دەستکاری ڕێژەی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان بکات، بۆیە ئەگەر بەبڕیاری تاکلایەنانە درابێت، شیاوی تانەدان و ھەڵوەشاندنەوەیە، پێشێلکارییەکی تر ئەوە بووە بەراوردکاری لە داتاکانی ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ نەکراوە و چەندان سەرپێچی تر لەو ناوچانە ئەنجام دراوە.
لە درێژەی ڕوونکردنەوەکەیدا ئامانج ڕەحیم باس لەوەش دەکات، پێویست بوو عێراق پابەندی پێوەرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت، چونکە لە یاسا عێراقییەکان ئاماژەی پێ کراوە و بەگوێرەی پێوەرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو کەسانەی لە ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن، بە دانیشتووی ھەرێمی کوردستان ھەژمار دەکرێن، ئاوارەکانیش مادەم بارگرانی لە خزمەتگوزارییەکان بۆ ھەرێمی کوردستان دروست دەکەن، پێویستە بە دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان ھەژمار بکرێن.
ئەو ئەندامەی شاندی باڵای دانوستانکاری ھەرێمی کوردستان، دوای ھەفتەیەک گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵ دەڵێت، پێوەرە ئامارییەکان پێویستە لە سەرجەم پارێزگاکان وەک یەک ھەژمار بکرێن نەک تەنیا لە ھەرێمی کوردستان، چونکە بەگوێرەی زانیارییە فەرمییەکان، ژمارەی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان لە شەش ملیۆن و ٥١٩ ھەزار و ١٢٩ کەس، کەم کراوەتەوە بۆ پێنج ملیۆن و ٨٠٥ ھەزار و ١٤٢ کەس کە کۆی گشتی ٧١٣ ھەزار و ٩٨٧ کەس کەم کراوەتەوە، لە کاتێکدا لەم ژمارەیە ٢٢٠ ھەزار و ٥٩١ کەسیان بیانین و عێراقی نین تا بگەڕێنرێنەوە سەر داتای پارێزگاکانی خۆیان، ئەم ڕێکارە لە پارێزگاکانی تر جێبەجێ نەکراوە.
ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان پێشێل کراوە
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماری وردی ناردنی پشکی بودجە لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، حکوومەتی فیدراڵ لە ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠٢٥ تەنیا تێکڕای ٢،٠٤%ی بودجەی گشتیی عێراقی بۆ ھەرێم ناردووە، کە تەنیا بەشی ٤٦ مووچەی فەرمانبەرانی کردووە لە کۆی ١٤٤ مووچە.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا داتای دارایی پەیوەست بە پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٤ تا ٢٠٢٥ بڵاوکردەوە، بەپێی داتاکان، تێکڕای ئەو ڕێژە کردارییەی بەغدا دوای لێبڕینە سیادییەکان، قەرز و پابەندییە داراییەکانی تر بۆ ھەرێمی کوردستانی ناردووە، تەنیا ٢،٠٤%ی کۆی بودجەی گشتی بووە، لە کاتێکدا دەبوو بەپێی شایستە یاساییەکان ڕێژەی ١٧% یان ١٢.٦٧% بێت.
وەزارەتی دارایی، ڕوونیکردووەتەوە، لە ماوەی ئەو ١٢ ساڵەدا، کۆی ئەو بڕە پارەیەی لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خراوەتە سەر ھەژماری وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان تەنیا ٤١ ترلیۆن و ٤٢ ملیار دینار بووە، لە کاتێکدا شایستەی ڕاستەقینەی ھەرێم لەو ماوەیەدا ٢١٢ ترلیۆن و ٧٦١ ملیار دینار بووە. ئەو بڕە پارە کەمەشی نێردراوە تەنیا بەشی دابینکردنی ٤٦ مووچەی فەرمانبەران و سوودمەندانی ھەرێمی کوردستانی کردووە لە کۆی ١٤٤ مووچە.
وەزارەتی دارایی، ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ساڵانی ٢٠١٤، ٢٠٢٠، ٢٠٢٢دا حکوومەتی فیدراڵ بە پاساوی نەبوونی یاسای پەسەندکراوی بودجە، تەواوی ئەو پارانەی بۆ ھەرێمی کوردستانی ناردووە وەک قەرز ھەژماری کردوون، تاوەکو دواتر و لە کاتی پەسەندکردنی بودجەی گشتیدا لە شایستە داراییەکانی ھەرێم ببڕێتەوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێم، ئاماژەی بە داتاکانی خودی وەزارەتی پلاندانانی عێراق کردووە کە لە ساڵی ٢٠٢٤ و لە دوای ئەنجامدانی سەرژمێریی دانیشتووان بڵاوکراونەتەوە و جەختی کردووەتەوە بەپێی ڕێژەی دانیشتووان، پشکی یاسایی و دادپەروەرانەی ھەرێمی کوردستان دەگاتە ١٤.١٤%ی تەواوی بودجەی گشتیی عێراق.

