رۆژنامەی ھەولێر

ئەیوبەگڕە نازانێت مێژوو ئەسپێکە و بە کەس لغاو ناکرێت!

چاودێرێک
هەموو ڕووداوەکان یەک لەدوای یەک دەچنە ناو مێژووەوە، لەنێویشیاندا پەڕەی ڕەشی غەدر و خیانەت لەنێو تۆمارەکەی مێژوودا بە کەس کاڵ ناکرێتەوە. ئاخر لە ڕووی دەروونییەوە ئەوە ساغ بووەتەوە کە سازشکار و کەتنکەرەکان هەمیشە خواستیان ئەوەیە لە دوای ئەنجامدانی خیانەت و کەتنەکەیان، پەنا بۆ پاساوهێنانەوە ببەن و لەم ڕووەشەوە دریغی ناکەن لە هۆنینەوەی بوختان و هەڵپەکردنی زۆر بۆ شێواندنی گێڕانەوەکان. خەیاڵیان لە شێواندن و چەواشەکردنی مێژوودایە، بێئاگا لەوەی کە هیچ هێزێک نییە بتوانێت ڕەوتی ڕووداوە مێژووییەکان بگوڕێت.
خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئه‌و پەڕە ڕەشەی ناو مێژووە و هیچ پاساوێکی نییە، کەچی ئەیوبەگڕە لە دیدارێکیدا دەیەوێت پارتی بکاتە شەریک لەم سازشەدا! ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەشێک لەو سەرکردانەی یەکێتی کە ئەیوب خۆی لێیانەوە نزیک بووە لە ساتەوەختی خیانەتەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەردا و لە ڕێی بەیاننامەوە بە فەرمی ئەوەیان ڕاگەیاند کە بەشێک لە سەرانی نێو یەکێتی ئەم پیلانەیان ئەنجام داوە و بە كاڵفام و کەتنکەر ناویان بردن، هاوکات بە ئاشکرا پروتیستیان کرد. کەسی یەکەمی ناو یەکێتیش بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە خاوەنی ئاجێنداکەن.
کەچی ئەیوبەگڕە لەو دیدارەدا دەیەوێت بەبێ هیچ بەڵگە و ئارگیومێنتێک پشکی ئەم خیانەت و سازشە ببەشێتەوە! هەر لە میانەی ئەم دیدارەیدا نیازی ئەوە بووە پارتی تاوانبار بکات؛ لانی کەم بیری لەوە نەکردووەتەوە کە زەین و بیرکردنەوەی هاونیشتمانییان ئاوەدانە بە ڕۆڵی بەرگریکارانەی پارتی، ئەو دەمەی لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕووبەڕووی پیلانگێڕییەکە بووەوە و لە داستانی پردێدا قارەمانێتیی پێشمەرگەی نەخشاند و قەوارەی هەرێمی کوردستانی پاراست.
هەرکەس لەلای خۆیەوە توانای ئەوەی هەیە حیکایەتێک بە دڵی خۆی بهۆنێتەوە، بەڵام ڕاستیی ڕووداوەکان ڕوون دیارن و بەری خۆرەتاو بە بێژنگ ناگیرێت؛ هەر بۆیە کەس مافی ئەوەی نییە و ناشتوانێت مێژوو بشێوێنێت.