شێرکۆ حەبیب
کوردستان ئەمڕۆ لە قۆناغێکی گرنگدایە، قۆناغێک کە پێویستی بە دیدگایەکی ڕوون، بڕیاری جددی و کاری بەردەوام هەیە، گۆڕانکارییەکانی ناوچە و ئاستەنگە سیاسی و ئابوورییەکان لە عێراق، پێویست بەوە دەکەن کە کوردستان دەستکەوتەکانی بپارێزێت، دامەزراوەکانی بەهێز بکات و بۆ داهاتوویەکی سەقامگیرتر و باشتر کار بکات، نیگەرانی بۆ داهاتووی کوردستان نیشانەی خەمۆکی نییە، بەڵکو دەربڕینی دڵسۆزییە بۆ خاک و گەلەکەمان، پرسیاری گرنگ ئەوەیە: چۆن دەتوانین لە ئاستەنگەکانی ئەمڕۆدا تێپەڕین و بناغەیەکی بەهێزتر بۆ نەوەکانی داهاتوو دابنێین؟
چارەسەر، نەک تەنها لێدوان
پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا، بە تایبەتی لە بابەتی مووچە، بودجە، نەوت و مافە دەستوورییەکان، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هەیە، دووبارەبوونەوەی لێدوان و کۆبوونەوەکان بەبێ گەیشتن بە چارەسەری بەردەوام، متمانەی خەڵک لاواز دەکات، پێویستە هەردوو لایەن پابەندی ڕێککەوتنێکی ڕوون و جێبەجێکراو بن، چونکە سەرکەوتنی گفتوگۆکان بە ژمارەی کۆبوونەوە و بەیاننامەکان ناپێورێت، بەڵکو بەو ئەنجامانە دەسەنگێندرێت کە هاووڵاتی لە ژیانی ڕۆژانەیدا هەستی پێ دەکات.
دەستکەوتەکان و بەرپرسیاریی داهاتوو
لە هەڵسەنگاندنی ئەزموونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێویستە بە دادپەروەریەوە بڕوانین و سەیری ئەو پرۆژە و هەنگاوانە بکەین کە لە میانەی سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی لە ساڵی ٢٠١٩ەوە خرایە بواری کار و جێبەجی کردن، لەوانە پڕۆژەی (ڕووناکی) بۆ دابینکردنی کارەبا بەردەوام، پڕۆژەی (هەژماری من) بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و پارەدانی ئەلیکترۆنی، هەروەها پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان و ژێرخان، رێگاو بان ….هتد
ئەم هەنگاوانە گرنگن، چونکە نوێکردنەوەی خزمەتگوزاری و بەڕێوەبردن دەتوانێت کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ژیانی خەڵک و ژینگەی وەبەرهێنان هەبێت بۆیە، ئەو هەوڵانە شایانی هەڵسەنگاندن و پەرەپێدانن، بەڵام پێوەری سەرەکیی سەرکەوتن، ئەنجامی ڕاستەقینە و کاریگەریی ئەو پرۆژانەیە لەسەر ژیانی هاووڵاتیان.
سەرۆکایەتیی حکوومەت تەنها بە دانانی پلان و ڕاگەیاندنی پڕۆژەکان هەڵناسەنگێندرێت، بەڵکو بە توانای جێبەجێکردن، چارەسەرکردنی کێشەکان و بەردەوامبوون لە چاکسازییەکانیش دەسەنگێندرێت، بۆیە گرنگە ئەو دەستکەوتانەی بەدەستهاتوون بپارێزرێن و پەرەیان پێ بدرێت، لە هەمان کاتدا ئەو کەموکوڕییانەش بە ڕوونی بناسرێن کە پێویستیان بە چارەسەر هەیە.
داننان بە دەستکەوتەکان مانای پشتگوێخستنی کەموکوڕییەکان نییە، هەروەها ڕەخنەی بەرپرسانەش بە مانای نکۆڵیکردن لە هەوڵەکانی حکوومەت نییە. هەردووکیان پێویستن بۆ پەرەپێدانی کار و بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتیان.
خەڵک کرداری دەوێت، نەک تەنها ئاخاڤتن
پەیامم بۆ هەموو بەرپرسان ڕوونە: خەڵک لە بەڵێنی دووبارە و لێدوانە میدیاییەکان ماندوو بوون. کۆنفرانس و کۆڕ و کۆبوونەوەکان دەتوانن بۆ ڕوونکردنەوەی سیاسەت و پلانەکان گرنگ بن، بەڵام ئەگەر بە ئەنجامی ڕاستەقینە نەگەن، ناتوانن متمانەی خەڵک بەهێز بکەن.
هاووڵاتی مووچەی ڕێکوپێک، کارەبای جێگیر، خزمەتگوزاریی باشتر و دەرفەتی کاری ڕاستەقینە بۆ منداڵەکانی دەوێت، گەنجانیش پێویستیان بە دەرفەتی دادپەروەرانە هەیە، نەک تەنها بەڵێنی نوێ.
کاتێک بەرپرس باس لە پەرەپێدانی ئابووری دەکات، دەبێت ئەنجامی کارەکەی لە دەرفەتی کاردا ببینرێت. کاتێک باس لە چاکسازی دەکات، دەبێت هاووڵاتی کاریگەرییەکەی لە کەمبوونەوەی ڕۆتین، باشترکردنی خزمەتگوزاری و ڕوونیی کارگێڕیدا هەست پێ بکات.
کاتێک بەرپرسێکی حزبی باس لە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی سیاسی دەکات، دەبێت لەسەر بنەمایەکی دروست و تەندروست بێت، نەک بۆ ریگڵام، و بەڵێنەکانی جێ بەجێ بکات.
بۆیە، داواکاریی ئێمە ڕوونە: کردار، نەک زۆر گوتن ئەنجام، نەک بەڵێن، و کارێکی دیار لەسەر زەوی، نەک تەنها بانگەشەی میدیایی. بەرپرسیاری سەرکەوتوو ئەوەیە پابەندی بەڵێنەکانی بێت، هەڵەکانی چاک بکاتەوە و بە ڕوونی بڵێت چی تەواو بووە و چی ماوە.
ئابوورییەکی بەرهەمهێنەر و داهاتووی گەنجان
داهاتووی کوردستان نابێت تەنها پشت بە داهاتی نەوت ببەستێت. پشتگیریی کشتوکاڵ، پیشەسازی، گەشتوگوزار، تەکنەلۆژیا و وەبەرهێنانی تایبەت، دەتوانێت سەرچاوەی نوێی داهات و دەرفەتی کاری بەردەوام دروست بکات، ئەمەش پێویستی بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ئاسانکردنی ڕێکارە کارگێڕییەکان، پاراستنی پێشبڕکێی دادپەروەرانە و پەیوەستکردنی خوێندن بە پێداویستییەکانی بازاڕی کار هەیە. گەنجان دەبێت لە ناوەندی سیاسەت و بەرنامەکانی حکومەتدا بن، چونکە سەرکەوتنی حکومەت بەوەش دەسەنگێندرێت کە تا چەند دەتوانێت داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەی نوێ دابین بکات.
داهاتوو بە کردار دروست دەبێت
وەک نووسەر و ڕۆژنامەنووس و چاودێری کاروباری کوردستان، پێم وایە دڵسۆزی بۆ هەرێم تەنها بە ستایشکردنی دەستکەوتەکان نییە، بەڵکو بە باسکردنی ڕاستگۆیانەی کێشەکان و داواکردنی چارەسەریش دەبێت، ڕەخنەی بەرپرسانە دژایەتی نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ باشترکردنی کار و پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی.
سەرۆک ئەنجوومەنی وەزیران مەسرور بارزانی و حکومەتی هەرێم لە زۆر بواردا هەنگاویان بۆ نوێکردنەوەی خزمەتگوزاری و بەڕێوەبردن ناوە، و پێویستە ئەو هەنگاوانە بەردەوام بن و ئەنجامەکانیان بە شێوەیەکی ڕوون بخرێنە بەردەم هاووڵاتیان. ئەوەی گرنگە، بەردەوامیی چاکسازی، چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان و گەیاندنی سوودی پڕۆژەکانە بە هەموو ناوچەکانی هەرێم.
کوردستان پێویستی بە دامەزراوەی بەهێز، ئابوورییەکی بەرهەمهێنەر، خزمەتگوزاریی جێگیر و دەرفەتی دادپەروەرانە بۆ گەنجان هەیە، ئەم ئامانجانە بە قسە و بەڵێن بەدەست نایەن، بەڵکو بە بڕیاری جددی، کارکردنی بەردەوام و لێپرسینەوەی ڕوون دەستەبەر دەبن.
کوردستان شایانی داهاتوویەکی باشترە، داهاتوویەک کە تەنها بە قسە دروست نابێت، بەڵکو بە کردار دروست دەبێت کە خەڵک لە ژیانی ڕۆژانەیاندا ئەنجامەکانی ببینن.

