رۆژنامەی ھەولێر

نەخشی بیرەوەرییەکانم ئاسۆس جاف

یاسین قادر بەرزنجی
نزیکەی ٤٥ هەزار ساڵ پێش لەدایک بوون، مرۆڤ ئاشنا بووە بە هونەری پەیکەرسازی، ئەم هونەرە دێرینترین جۆری هونەرە کە مرۆڤ لەسەر گۆی زەوی بینیویەتی، دەکرێ وەک قەوارە پەیکەر بچووک یاخود گەورە بێت، لە کاری پەیکەرتاشیندا دەتوانرێ چەندین کەرەستە بەکار بهێنرێت، وەکو
قوڕ،بەرد، گەچ، دار، پلاستیک، قوماش و کانزای وەک برۆنز.
پەیکەر یان کۆتەڵ، شێوەی کەسێکە یان بابەتێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی، دەبێت لە چوار لاوە پەیکەر بینرێت، یان لە ڕووی بەرامبەرەوە.
خاتوو ئاسۆس جاف یەکێکە لەو هونەرمەندانەی کە لە بواری پەیکەرسازیدا ناوێکی دیارو درەوشاوەیە، ساڵانێکی زۆرە بە سەلیقەیەکی وردو هەستیاری خانمانەوە بابەتی بەرهەمەکانی هەڵدەبژێرێت و لە فۆرمی کاری پەیکەرسازیدا دەیانخاتە بەرچاو، بابەتەکانی ئەو نیشتمانی و کۆمەڵایەتی و کەسایەتی هونەری و ئەدەبیی میللەتەکەمانن، لەگەڵ ژان و ئازارو خەونەکانی ژنانی کورددا.
خاتوو ئاسۆس ساڵی ١٩٨٩ لە سلێمانی لەدایک بووەو دەرچووی بەشی پەیکەرسازییە لە کۆلیژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی، خاوەنی چەندین پڕۆژەی پەیکەرسازییە کە زۆربەیان لە شارەکەی خۆیدا دانراون.
ئاسۆس دەڵێت :
(یەکەمین کچم لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا کاری سەر شەقامم نمایش کردووەو نازناوی کچە تاقانەی پەیکەرسازیان پێ بەخشیوم، ساڵی ٢٠٠٧ لە پیشانگایەکی سەنتەری چالاکیی گەنجاندا یەکەمین پەیکەرم نمایش کردووە).
ئەم هونەرمەندە هێژایە پەیکەرەکانی لەسەر شەقامەکانی ناوەو دەرەوەی شاری سلێمانی دانراون، چەندین پەیکەری بچووکیشی هەیە کە جارێ نەبینراون، لە ٢٣ پیشانگای هاوبەشدا بەشداریی کردووە، ئەوانیش لە کوردستان و بەغداو ئێران و تورکیاو فەڕەنساو هۆڵەنداو کەنەداو نەرویج کرابوونەوە،
لەو پەیکەرانەی تا ئێستا درووستی کردوون بریتین لە :
سێکوچکەی شاعیرانی بابان و شەماڵ سائیب و هۆمەر دزەیی و ئارین جاندۆو حاجی باقی بەنگینەو دایکی نەوەی ئەنفال و ژەنینی پێڵاو، زۆربەی کارەکانی بە برۆنزو بەردو پلێت و دار درووست کردووە.
ئاسۆسی هونەرمەند دەڵێت :
(هونەری پەیکەرسازیی لای ئێمە لە ئاستێکی باشدایەو چەندین پەیکەرسازی باشمان هەن، من هەمیشە هاوکارو پشتیوانی ئەو کەسانە دەبم کە بیانەوێ لەم بوارەدا کار بکەن).
هونەرمەند شێوەکاری ناسراو د.ڕێبوار سەعید دەربارەی ئەم هونەرمەندە دەڵێت :
[ئەزموونی ئاسۆس جاف هەنگاوی گرنگ و ئازایانەیە لە مێژووی هاوچەرخی پەیکەرسازیی کوردیدا، بەتایبەت لە ڕووی واڵاکردنی دەرگاوە بۆ ڕەگەزی مێ، بەڵام بە داخەوە پێگەی ڕاستەقینەی ئەم ئەزموونە لە بازنەی ژینگەیەکی کەم توانای هونەریدا دەخولێتەوە، کە تێیدا گەشەکردنی هونەرمەند پێویستی بە بەردەوامییە لە تاقیکرنەوەی تەکنیکی و پێویستی بە پاڵپشتیی جدیی کەرتی کلتورییە].
هیوام بەردەوامی و داهێنانی دیکەیە بۆ ئەم هونەرمەندە ئازیزەمان کە لەیەک کاتدا بووەتە مایەی شانازیی بۆ هونەری کوردی و ژنانی نەتەوەکەمان.