رۆژنامەی ھەولێر

بەڕێوەبەری قوتابخانە چۆن بێت، قوتابخانەیش وا دەبێت

بەکر کەریم حەسەن
بێگومان مانەوەی بەڕێوەبەری قوتابخانە بۆ ماوەیەكی درێژخایەن لە شوێنی خۆی هێواش‌هێواش چەمكی (خزمەتكردنی گشتی) جێگای خۆی بۆ (خۆسەپاندن و خاوەنداریەتیی كەسی) چۆڵ دەكات و مانەوەی ساڵانێكی زۆر لە یەك شوێن، دەبێتە هۆی چەکەرەکردنی كولتوری خۆسەپاندن و قۆرخکردنی دەسەڵات لە قوتابخانە؛ بوار لە ئازادیی فكریی مامۆستایان دەسەنێتەوە و وزەی نوێگەری و داهێنان و بەرەوپێشبردن لە پۆل و حەوشە و قوتابخانەدا دەكوژێت. چونكە مانەوەی درێژخایەنی بەڕێوەبەر دەبێتە هۆی پەیدایشتی دەسەڵاتی ڕەها و چەقینی كارگێڕی و بێزاری و بێهیواکەوتنی كادیرانی پەروەردەیی و مامۆستاكان و كوشتنی وزەی داهێنان و نوێگەری لە قوتابخانەدا.
لەبیرمان نەچێت لەلایەكی ترەوە ئاڵوگۆڕكردن بەبێ پلان و بە میزاج لە پێناو تەنها دڵڕازیكردنێك بێت خراپتر دەبێت و سەقامگیریی دامەزراوەی پەروەردەیی تێك دەدات و كێشەكان قووڵتر دەكاتەوە و كەسانی دڵسۆز و شارەزا و پەروەردەیی سارد دەكاتەوە و دەبێتە هۆی بێمتمانەییەکی زیاتر.
بۆیە پێویستە پێوەری زانستی بۆ هەڵسەنگاندنی ئەدای پەروەردەیی بەڕێوەبەر و سنورداركردنی دەسەڵاتی كاتی بە پێی ڕێنمایی و هەبوونی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی ساڵانە بە چەندەها نیشاندەر و پێوەر دوور لە مەزاجی كەسی یان پەیوەندی كۆمەڵایەتی بە بەڵگە و پێوەرە زانستییەكان ڕێگەی سەرەكی بێت بۆ گۆڕینی كارگێڕیی قوتابخانە لە (حوكمكردنی تاكەكەسی)ـەوە بۆ (سەركردایەتی دامەزراوەیی پەروەردەیی) كە لە وتاری ئاییندەدا، پشتیوان بە خودای گەورە بۆ ئازیزان و خوێنەران باسی دەكەین.
هەمیشە گوتوومانە و دەیڵێینەوە قوتابخانە خاڵی هەرە لە پێشی پێشەوەی كۆی رەوتی پەروەردە و فێركردنە بە گشتی و، ڕۆڵی بەڕێوەبەر ڕۆڵی یەكلاكەرەوەیە لە كۆی رەوتەكەدا؛ بەڕێوەبەری قوتابخانە چۆن بێت، قوتابخانەیش وا دەبێت. سیستەمێکی زیندووی پەروەردەیی، بەردەوام پێویستی بە هەناسەی نوێ و وزەی نوێ و دیدگای تازە و نوێ هەیە، تاوەكو بتوانێت بەرەنگاری چەقین و ڕەگداكوتان ببێتەوە. ئاڵوگۆڕی زیندە و هۆشیارانە و بەپێوەر هەم ڕێگە لە خۆسەپاندن و چەقبەستن و خنكاندنی توانستەكان دەگرێت، هەم قوتابخانەش لە یاریی دەستكەوتە كەسییەكان و بەرژەوەندییە لابەلاكان دەپارێزێت، بەمەش قوتابخانە دەبێتەوە بە ناوەندی ڕاستەقینەی پێگەیاندن و تێگەیاندن و گەشەپێدان و پەرەپێدانی بەردەوام.

ڕاوێژكاری وەزارەتی پەروەردە
ماستەری كارگێڕیی پەروەردەیی