رۆژنامەی ھەولێر

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر: لە چەندان بەروبوومی بنەڕەتیدا قۆناغی خۆبژێوی و ئاسایشی خۆراك تێپەڕێندراوە

فەیسەڵ شێخانی – هە‌ولێر

هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر له‌ ديمانه‌يه‌كی “هه‌ولێر”ـدا ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو:” و پێشبینی دەكەین تا بەهاری داهاتوو بتوانین 50%ی كۆی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی لە دەوروبەری بازنەی تەواوی هەولێر بە ئەنجام بگەیەنین” ئاماژه‌ی به‌وه‌يش كرد:” ، تائێستە پرۆسەی دابەشكردنی شایستە داراییەكانی بەبازاڕكردنی گەنمی ساڵی 2025 بەتەواوی كۆتایی نەهاتووە، ئەمەش ئاستەنگ و گرفتێكی گەورەی بۆ جووتیاران دروست كردووە”.

دەمەوێ سەرەتا لەو پرسیارەوە دەست پێ بكەم پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی بە كوێ‌ گەیشت؟
سەبارەت بە پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر؛ ئەم پڕۆژەیە یەكێك بوو لە خەونە لەمێژینەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان، كە لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی كرا بە ڕاستی، پاش هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی هەولێر و جێگیركردنی نەخشەی پشتێنەكە لە ناویدا، پڕۆژەكە بە شێوەیەكی كردەیی كەوتە جێبەجێكردنەوە، پڕۆژەكە بە گشتی لە هەشت قۆناغی سەرەكی پێكهاتووە؛ خۆشبەختانە قۆناغی یەكەم بەتەواوی كۆتاییی پێ هاتووە و ئێستەیش كاركردن لە قۆناغی دووەمدا بەردەوامە، پرۆسەی دارچاندن بەستراوەتەوە بە وەرزی گونجاوەوە، بەتایبەت وەرزەكانی پاییز و بەهار كە باشترین كاتن بۆ چاندنی نەمام و درەخت، كارەكانی پڕۆژەكە بە خێراییەكی زۆر باش بەرەو پێش دەچن، سەرقاڵی ئامادەكاری تەواوین بۆ دەستپێكردنی هەڵمەتی دارچاندنی وەرزی پایز، و پێشبینی دەكەین تا بەهاری داهاتوو بتوانین 50%ی كۆی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی لە دەوروبەری بازنەی تەواوی هەولێر بەئەنجام بگەیەنین.

قەرەبوو كردنەوەی ئەوانەی لەو سنوورەن چۆن دەبێت و كەی دەست پێ دەكات؟ قەرەبووەكە بە پارەیە یان زەوی؟
سەبارەت بە پرسی قەرەبووكردنەوەی خاوەن دامەزراوە و زەوییەكان، لەسەر ڕاسپاردە و فەرمانی ڕاستەوخۆی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیار دراوە بە قەرەبووكردنەوەی تەواوی ئەو هاووڵاتیانەی كە زەویان داچێنراو، یا زەوییەكانیان كەوتوونەتە ناو ناوچەی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی قةرةبوو بكريَنةوة و پرۆسەی قەرەبووكردنەوەكە بە شێوەیەكی خێرا و كارا بەڕێوە دەچێت، بەجۆرێك كە كارەكانی قۆناغی یەكەم لە قۆناغی كۆتاییدان. هاوكات دەستمان كردووە بە ئامادەكاری و دارشتنی پلانی قەرەبووكردنەوەی قۆناغی دووەم، تا ڕێگری بكرێت لە دروستبوونی هەر ئاستەنگێك بۆ هاووڵاتییان، ئاستەنگە داراییە بەردەوامەكانی حكوومەتی عێراقی زۆرجار كێشەی بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكان و پابەندبوونی دارایی حكوومەت بەرانبەر هاووڵاتیان دروست كردووە؛ بەڵام بۆ ڕێگریكردن لە دواكەوتنی مافی هاووڵاتییان و وەك نیشاندانی بایەخدان بە ژیان و بژێوییان، سەرۆكی حكوومەت بڕیاری دا كە پرۆسەی قەرەبووكردنەوەكە بە جۆرێك بێت مافی كەس زەوت نەبێت بە جۆرێك، خاوەن دامەزراوە و داچێنراوەكان، بە زەوی قەرەبوو دەكرێنەوە كە خاوەن زەوییەكان، زەوییەكەیان بە زەویی نیشتەجێبوون قەرەبوو دەكرێتەوە.

پرۆسەی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ئەمساڵ كۆتایی هاتووە؟ یان بەغدا چەند قەرزارە؟
سەبارەت بە شایستە داراییەكانی جووتیاران؛ بەداخەوە ماوەی دوو ساڵە حكوومەتی فیدراڵی بە شێوازێكی زۆر خاو و سست ئەو ئەركەی بەرانبەر بە برا جووتیارانی هەرێمی كوردستان لەسەر شانیەتی جێبەجێی دەكات، تائێستە پرۆسەی دابەشكردنی شایستە داراییەكانی بەبازاڕكردنی گەنمی ساڵی 2025 بەتەواوی كۆتایی نەهاتووە، ئەمەش ئاستەنگ و گرفتێكی گەورەی بۆ جووتیاران دروست كردووە، بەتایبەت لەم وەرزەدا كە كاتی ئامادەكاری و دەستپێكردنی پرۆسەی چاندنی نوێیە و جووتیاران پێویستیی مادیی بەپەلەیان بەو شایستانە هەیە. بۆیە داواكارین لە حكوومەتی فیدراڵی پرۆسەی خەرجكردنی شایستەكان خێراتر بكات، چونكە تا ئێستە بەشێك لە پارەی گەنمی ساڵی 2025 لای حكوومەتی عێراق ماوەتەوە و وەرنەگیراوە، جگە لەوەی پابەندبوونی شایستە داراییەكانی ساڵی 2026یش وەك ئەركێك لەسەر شانی حكوومەتی فیدراڵی ماوەتەوە و پێویستە بێ دواكەوتن بدرێتەوە، بەپێی ئەو پاڵپشتییە بەردەوامەی كە كابینەی نۆ بۆ كەرتی كشتوكاڵ دابینی كردووە و كە بە شۆڕشی كشتوكاڵی ناوزەد دەكرێت، توانراوە ڕێگەچارە بدۆزرێتەوە، بەجۆرێك لە ڕێگەی ئەو كۆمپانیایانەی بە هاوبەشی لە نێوان حكوومەتی هەرێم و كەرتی تایبەت دامەزراون، تەواوی ئەو بڕە گەنمەی لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە ناكڕدرێت، لە جووتیاران بكڕدرێتەوە و بەبازاڕ بكرێت تا ئاستەنگ بۆ بژێوی و ڕەنجیان دروست نەبێت.

لەم كابینەیە بەروبوومی كشتوكاڵی گەشەی زۆری كرد تا ئەو رادەی هەناردەی دەرەوە كرا، بۆ ئەمساڵ چ بەروبوومێك دەچێتە دەرەوە؟
پاڵپشت بە دیدگا و ئاڕاستەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پشتیوانیكردنی كەرتی كشتوكاڵ، ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵ ئاسانكاریی تەواو دەكەین بۆ هەناردەكردنی هەر بەرهەمێك كە لە پێداویستیی ناوخۆ زیاد بێت، بۆ ئەمساڵیش، بەروبوومی پەتاتەی هەرێمی كوردستان لە سەرووی لیستەكەیە كە بەهۆی كوالێتی بەرزییەوە خواستێكی زۆری لەسەرە و بەردەوام هەناردەی وڵاتانی كەنداو دەكرێت. هاوكات لە ڕێگەی كارئاسانییەكانمانەوە، ڕۆژانە زیاتر لە ٢٠٠٠ تا ٢٥٠٠ تۆن لە سەوزە و میوەی هەمەجۆری برا جووتیارانمان دەبرێتە بازاڕەكان و خواستێكی زۆری بازرگانانی عێراقی لەسەرە بۆ پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور، جگە لەوەش، بەهۆی پشتیوانییە بەردەوامەكانی سەرۆكی حكوومەت، بەرهەمی كەرتی پەلەوەر لە هێلكە و گۆشتی سپی گەیشتووەتە زیاتر لە سێ هێندەی پێداویستیی ناوخۆ و توانای تەواومان هەیە بۆ هەناردەكردنیان.

ئایا كوردستان لە چ بەروبوومێك گەیشتووەتە قۆناغی خۆبژێوی؟
بەپێی ئەو پلانە ستراتیجییەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتیوانیی لێ دەكات و بە شۆڕشی كشتوكاڵی ناوزەد دەكرێت، توانراوە لە چەندان بەروبوومی بنەڕەتیدا قۆناغی خۆبژێوی و ئاسایشی خۆراك تێپەڕێنرێت. لە سەرووی هەمویانەوە بەرهەمی دانەوێڵە و بەتایبەت گەنمە كە بەرهەمەكەی سێ هێندەی پێداویستیی ناوخۆییە، هەروەها بەرهەمی پەتاتە زیاتر لە چوار هێندە و كەرتی پەلەوەر لە هێلكە و مریشك زیاتر لە سێ هێندەی پێداویستیی هاووڵاتییان بەرهەم دەهێنرێت. لە وەرزی پێگەیشتنیشدا، سەوزە و میوە وەرزییەكانی وەك تەماتە و بەرهەمەكانی تر بەتەواوی سەبەتەی خۆراكی ناوخۆ پڕ دەكەنەوە. ئێمەش لە ڕێگەی جێبەجێكردنی ووردبینییانەی ڕۆژمێری كشتوكاڵییەوە، لە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆدا سنوورەكان دەبەستین تا دەرفەتی بەبازاڕكردنی زیاتر بۆ جووتیارانمان بڕەخسێنین.

ئێستە چی لە بازاڕی كشتوكاڵی كوردستان كەمە؟
لە وەرزی پێگەیشتندا بەرهەمی ناوخۆ تەواوی پێداویستیی بازاڕەكانمان پڕ دەكاتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی كەشوهەوای شارەكانی هەرێم لە یەكترەوە نزیكن، بەروبوومەكان لە یەك كاتدا پێدەگەن و ناتوانرێت چوار وەرزی ساڵ هەموو بەرهەمێك بخرێتە بازاڕەوە، ئەمەش دیاردەیەكی سروشتییە و لە وڵاتانی دراوسێشدا هەمان حاڵەت هەیە. لە ئێستادا تەنها ئەو بەرهەمانەی لە ژینگەی هەرێمدا بەپێی پێویست بەرهەم نایەن، وەك پرتەقاڵ و هەندێك میوە ترشەمەنییەكان یان بەروبوومەكانی دەرەوەی وەرزی پێگەیشتنی ئاسایی، ڕێگرییان لە هاوردەكردن ناهێنرێت. لە ڕێگەی ڕۆژمێری كشتوكاڵییەوە هاوسەنگییەكان ڕادەگرین؛ لە وەرزی پێگەیشتندا باج دەخەینە سەر بەرهەمی هاوردە بۆ پاڵپشتیی جووتیاران، و لە وەرزی كەمیشدا ڕێگە بە هاوردەكردن دەدەین تا پێداویستیی هاووڵاتیان بەبێ كەموكوڕی دابین بێت.

بەرهەمی پەتاتە لە چ ئاستێكدایە، باس لەوە دەكرا كارگەی گەورە لە كوردستان بەكاری دەهێنێتەوە؟
لە سایەی پشتیوانییە بەردەوامەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرهەمهێنانی پەتاتە لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە ئاستێكی زۆر بەرز و بووەتە پیشەیەكی مسۆگەر و سەركەوتوو بۆ جووتیارە دەستڕەنگینەكانمان، بەجۆرێك لە ئێستادا بەرهەمی پەتاتە گەیشتووەتە چوار هێندەی پێداویستیی ناوخۆ. لە هەمان كاتدا، بەپێی پلانەكانی حكوومەت، ڕێژەی پرۆژەكانی وەبەرهێنانی كشتوكاڵی لە كابینەی نۆییەمدا لە سەدا یەک بۆ سەدا یانزە زیادی كردووە، كە ئەمەش بووەتە هۆی كاراكردنەوەی كارگە وەستاوەكان و دروستبوونی دەیان كارگەی نوێی پیشەسازی، بەتایبەت كارگەكانی چپسی پەتاتە لە سەرانسەری هەرێمدا كە پشتی تەواو بە بەرهەمی پەتاتەی پیشەسازیی جووتیارانی خۆمان دەبەستن. لەبەر ئەم گەشەسەندنە بەرچاوەش، هاوردەكردنی پەتاتە بۆ دوانزدە مانگی ساڵ بە یاسا قەدەغەكراوە. هاوكات لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی ساردخانە نوێیەكان كە وەك ژێرخانێكی بەهێز بۆ كۆگاكردنی بەرهەمی پەتاتە بەكاردێن، توانراوە هاوسەنگیی بازاڕ بپارێزرێت تا لە وەرزەكانی تردا بەبێ بەرزبوونەوەی نرخ، ئەم بەرهەمە بۆ هاووڵاتیان بەردەست بێت.

ناردنی بەروبوومی ناوخۆ بۆ خوارووی عێراق هەیە؟ یان بازگەكان كێشە دروست دەكەن؟
بەڵێ، هەناردەكردنی بەرهەمی برا جووتیارانمان بۆ شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق ڕۆژانە بە شێوەیەكی بەردەوام هەیە و ڕێژەكەشی بەرچاو زیادی كردووە، بەجۆرێك ڕۆژانە زیاتر لە ٢٥٠ بارهەڵگر كە نزیكەی هەزار و ٢٠٠ تۆن بەرهەمی سەوزە و میوەی ناوخۆیی دەگوێزنەوە، ڕەوانەی ئەو شارانە دەكرێن. سەبارەت بە گرفتەكانی بازگەكان، بەداخەوە ماوە ماوە ئاستەنگ بۆ بازرگانان و جووتیارانمان دروست دەكرێت، بەڵام لە چوارچێوەی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پاڵپشتیكردنی جووتیاران، لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنەكانەوە توانراوە ئەو گرفتانە بەراورد بە ساڵانی پێشوو زۆر كەم بكرێنەوە. ئەگەرچیش بەتەواوی بنبڕ نەبوون، بەڵام كارئاسانییەكان و كەمبوونەوەی ئاستەنگەكان ڕێگەی خۆشكردووە كە بەرهەمی جووتیارانمان بە ڕێژەیەكی زۆر زیاتر ڕەوانەی بازاڕەكانی عێراق بپەڕێتەوە.

كێشەی ئەو سەوزواتانە كۆتایی هات كە بە ئاوی پیس ئاو دەدران؟ پلانەكە چۆن جێبەجێ كرا؟
لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و تەندروستیمان بەرامبەر بە هاووڵاتیان و ژینگەی شاری هەولێر، بەدواداچوونێكی زۆر فراوانمان بۆ بنبڕكردنی دیاردەی ئاودانی سەوزەوات بە ئاوی پیس دەست پێكرد. بەداخەوە خەڵكانێك نە زەوییەكانیان كشتوكاڵی بوو و نە خۆشیان جووتیار بوون، بە شێوازێكی ناپەروەردەیی و دوور لە بەها تەندروستییەكان ئەم كارەیان دەكرد. بەڵام ئێمە توانیمان زیاتر لە دوو هەزار و هەشسەد دۆنم لەو زەوییانە بەتەواوی لە بەرهەمی ناتەندروست خاوێن بكەینەوە و مەترسییەكانیان لەسەر تەندروستیی هاووڵاتیان بڕەوێنینەوە. ئێستە پرۆسەی چاودێریكردنەكە بووەتە ئەركێكی مانگانە و وەرزیی بەردەوام و لە دوا هەڵمەتیشماندا هەفتەی ڕابردوو توانیمان زیاتر لە چواردە دۆنمی تر خاوێن بكەینەوە؛ بۆیە دەتوانم بڵێم بەرگرتن لەم دیاردەیە گەیشتووەتە قۆناغێكی زۆر باش و بەرهەمهێنانی سەوزە بە ئاوی پیس بەرەو بنبڕبوون چووە.

خزمەتی زۆر بە جووتیاران كرا، ئێستە پلانی نوێتان بۆ جووتیاران چییە؟
پلانی نوێمان لەسەر ئەو بنەمایە داڕێژراوە كە ژێرخانێكی ئابووری و كشتوكاڵیی زۆر پتەو و بەردەوام دابمەزرێنین. ئێستا بە پشتیوانیی دیدگا و ڕوانگەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەت، شاری هەولێر لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لە پلەی یەكەمدایە؛ بەجۆرێك زیاتر لە 570 پرۆژەی پەلەوەری و 29 كارگەی دروستكردنی ئالیك و زیاتر لە 27 پرۆژەی بەرهەمهێنانی هێلكەمان هەیە، كە بەرهەمی هێلكە چوار هێندەی پێداویستیی ناوخۆ و گۆشتی سپیش سێ تا چوار هێندە بەرهەم دەهێنرێت. ئەم ژێرخانە بەهێزە ڕێگەی خۆشكردووە كە پلانە ستراتیژییەكانمان فراوانتر بپەڕێنین و جۆرایەتیی بەرهەمەكان هەمەجۆر بكەین؛ وەك پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی فستەق كە ڕووبەرێكی زۆری داپۆشیوە، هاوكات زیادبوونی بەرچاو لە بەرهەمی زەیتی زەیتون و گەنمەشامی و سوودوەرگرتن لە تەكنەلۆجیای هاوچەرخ. لە چوارچێوەی هەمان تێڕوانینی ستراتیژیشدا، پلانی داهاتوومان دامەزراندنی كارگەی گەورەی بەرهەمهێنانی پەینی كیمیایی و دەرمانی قڕكەری پێویستە بۆ جووتیارەکانمان لە ناوخۆی هەرێم و بەتایبەت لە هەولێر، چونكە گەشەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ و پاراستنی ئەم ئاستە بەرزەی بەرهەمهێنان بەبێ دابینكردنی پەین و قڕكەری كوالێتی بەرز بەردەوام نابێت.