كارزان گلی – هەولێر
تەلەڤزیۆنی (خەڵك تیڤی)، كە تەلەڤزیۆنێكی بێلایەن بوو و وەكوو ئۆپۆزسیۆن خۆی نیشان دەدا، لەلایەن وەزارەتی ناوەخۆی توركیاوە هەڵكوترایە سەری و جیا لەوەی پەخشی تەلەڤزیۆنەكە وەستێنرا، قەیومیشی لەسەر دانرا و، جەعفەر ماهیرئۆغڵوش، بەڕێوەبەری كەناڵەكە گیرا.
كەناڵی (خەڵك)، بینەرێكی زۆری لە توركیا هەبوو، زۆربەی بەرنامە و راپۆرتەكانی دژی حكوومەتی توركیا بوو، بەردەوام باسی لە تاكڕەویی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا دەكرد، بەڵام كەناڵەكە قەیوم كرا و ئیدی حكوومەت بۆ خۆی كەسێك دەكاتە بەڕێوەبەری كەناڵەكە.
داواكاری گشتی ئیستانبۆڵ بڵاوی كردەوە، لەسەر داوای ئەوان كەناڵەكە قەیوم كراوە، چونكە بەڕێوەبەری ئەو كەناڵە بەرتیلی وەرگرتووە و هەروەها پێگەی خۆی بۆ كاری خراپ بەكار هێناوە، بۆیە قەیوم كراوە.
بەگوێرەی ئەو راگەیێنراوە بێت كە داواكاری گشتی بڵاوی كردووەتەوە، بەڕێوەبەری ئەو كەناڵە ١٤ملیۆن و ٤٦٤هەزار لیرەی وەكوو بەرتیل وەرگرتووە، بۆیە هەڵیانكوتاوەتە سەری.
لەو ئۆپەڕاسیۆنەی دژی ئەو كەناڵە كراوە، داوا كراوە ١٧ كەس دەستبەسەر بكرێت، بەڵام تاوەكوو ئێستا ١١یان دەستبەسەر كراوە و وەكوو ئەوەی داواكاری گشتی بڵاوی كردووەتەوە، ئەوانە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت.
سیاسییەكانی توركیا لەسەر هەڵكوتانە سەر تەلەڤزیۆنی خەڵك و قەیومكردنی ئەو كەناڵە هاتنە دەنگ و بە پێشێلکرانی ئازادیی تاك و پێشێلی مافی چاپەمەنی ناویان بردووە.
ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی پارتی نوێ، لەبارەی قەیومكردنی كەناڵی خەڵك ئاماژەی دا، ئەوە بەو مانایە دێت كۆتایی ئاكەپە و دەسەڵات نزیك بووەتەوە، چونكە هەموو دەسەڵاتخوازێك كاتێك لەكۆتایی نزیك دەبێتەوە ئەو جۆرە هەڵسوكەوتانە دەكات، بۆیە چاوەڕوان بوو كەناڵی خەڵك قەیوم بكرێت.
گوتیشی: ”ئەمە كاری دكتاتۆرەكانە، بەداخەوە وڵاتیان بەرەو ئەو رەوشە بردووە، میللەت لەخەمی ئەوەیە قەیرانی دارایی كۆتایی بێت، لەخەمی ئەوەیە عەدالەت بۆ وڵات بگەڕێتەوە، كەچی كەناڵی تەلەڤزیۆنی دادەخەن.“
كەناڵی تەلەڤزیۆنی خەڵك، ١٠/١/٢٠٠٥ دەستی بە پەخش كرد، بینەرێكی یەكجار زۆری هەبوو و تەلەڤزیۆنەكەش ١٠٠٪ سیاسییە و وەكوو ئۆپۆزسیۆن خۆی نیشان دەدات، بەڵام راپۆرت و بەدواداچوونەكانی ئەو كەناڵە نیشانی دەدا، لە پارتی نوێ و ئۆزگوور ئۆزەلەوە نزیكە.
چەندین سەركردەی تری توركیا، دژی ئەو هەنگاوە قسەیان كردووە و دەڵێن ئەوەی بەرامبەر بەخەڵك تیڤی كراوە، سووكایەتییە بە ئازادیی بیروڕا و، وای لێ دێ لەمەولا هەر كەناڵێک سەر بە حكوومەت نەبێت، پەخشی رابگیرێت.

