رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپاردەیەک بۆ جێگیرکردنی شایستە داراییەکانی پێشمەرگە لە بودجەی ساڵی 2027ی فیدراڵی دەر دەکات

بە مەبەستی مسۆگەرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە فەرمانێکی حکومیدا، وەزارەتی دارایی و ئابووری و شاندی باڵای دانوستانکاری هەرێمی ڕاسپارد، بۆ ئەوەی کار بکەن لەپێناو جێگیرکردنی خەرجییەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکانی بودجەی فیدراڵیدا.

بەپێی نووسراوێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بە ژمارە (12,649) و لە ڕێکەوتی 6ی تشرینی یەکەمی 2026، جەخت لەوە کراوەتەوە، هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پشکی خۆی لە بودجەی فیدراڵییەوە بەشداری دەکات لە دابینکردنی خەرجییە سیادییەکان، کە خەرجییەکانی پێشمەرگەش دەگرێتەوە.

لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، پێویستە لە دانوستانەکانی بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2027دا، کار بکرێت بۆ دابینکردنی مووچە، دەرماڵە و تەواوی شایستە داراییەکانی پێشمەرگە (لەوانەش پرۆژەکان، ڕاهێنان و پڕچەککردن) بە پێوەری یەکسان وەک هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵیدا.

هەروەها جەخت کراوەتەوە سەر هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا، بە مەبەستی داکۆکیکردن لەم داواکارییە لە قۆناغەکانی ئامادەکردن و پەسەندکردنی بودجەی ساڵی 2027دا.