رۆژنامەی ھەولێر

بە پێی راپۆرتێكی نەتەوەیەكگرتووەكان، ساڵانە نزیكەی ١٩٪ی تەواوی خۆراكی بەكارهێنەران بە فیرۆدەچێـت

ئاریان دەرگەلەیی – هە‌ولێر

كاتێك خۆراكێك فڕێ دەدرێت، لەگەڵ خۆیدا تەواوی ئەو ئاو، وزە و خاكەی بۆ بەرهەمهێنانی بەكارهاتووە بەفیڕۆ دەچێت.

ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لە تازەترین تویژینەوەی خۆیدا دەڵێت ئێمە بڕوامان وایە پاراستنی هەسارەكەمان لە ناو ماڵەكانمانەوە دەست پێدەكات؛ چوونكە بەفیڕۆدانی خۆراك تەنها زیانێكی ئابووری یان ڕەوشتی نییە، بەڵكوو بارگرانییەكی گەورە و مەترسیدارە لەسەر زەوی، ئاو و سەرچاوە سرووشتییەكانمان.
ریكخراوەكە چەند داتایەكی نوێی ئاشكراكرد،ووە كە ئەمانەی خوارەوەن
بەفیڕۆدانی ئاو و سەرچاوە ئاوییەكان.
كشتوكاڵ و بەخێوكردنی ئاژەڵان ٧٠٪ی ئاوی بەكاربراوی جیهان داگیر دەكەن، فڕێدانی هەر ژەمە خۆراكێك بە مانای بەفیڕۆدانی ئاوی شیرین دێت لە كاتێكدا جیهان و ناوچەكەی ئێمەش ڕووبەڕووی كەمیی ئاو دەبينەوە:
گۆشتی مانگا، فڕێدانی ١ كیلۆگرام گۆشتی مانگا یەكسانە بە بەفیڕۆدانی ٥٠,٠٠٠ لیتر ئاو.
شیر، ڕشتنی ١ پەرداخ شیر یەكسانە بە بەفیڕۆدانی ١,٠٠٠ لیتر ئاوی شیرین.
سامانی دەریایی، لە كاتێكدا بەكارهێنانی ماسی لە زیادبووندایە، وڵاتانی ئەورووپا ٤٠٪ بۆ ٦٠٪ی ماسییە گێڕدراوەكانی ماركێتەكان فڕێ دەدەن تەنها بەهۆی بەدەستنەهێنانی ستانداردە بازرگانییەكان.

كاریگەری لەسەر گۆڕانی كەشوهەوا.
خۆراكی بەجێماو لە زبڵخانەكاندا شی دەبێتەوە و گازی میپان (CH4) بەرهەم دەهێنێت، ئەم گازە ٢٨ تا ٣٦ جار لە دووەم ئۆكسیدی كاربۆن (CO2) بەهێزترە لە گەرمكردنی زەویدا و بۆ ماوەی ١٢ ساڵ لە هەوادا دەمێنێتەوە.
بەپێی كۆتا ڕاپۆرتەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان (UNEP)، ساڵانە زیاتر لە ١.٠٥ ملیار تۆن خۆراك (نزیكەی ١٩٪ی تەواوی خۆراكی بەكارهێنەران) بەفیڕۆ دەچێت.
پشكی گازەكان، بەفیڕۆدانی خۆراك بەرپرسە لە ٨٪ بۆ ١٠٪ی كۆی گشتیی دەردانی گازە گەرمكەرەكان لە جیهاندا.
پلەبەندی جیهانی، ئەگەر بەفیڕۆدانی خۆراك وەك وڵاتێك ئەژمار بكرێت، دەبێتە سێیەم گەورەترین وڵات لە دەردانی گازی گەرمخانەیی لە دوای چین و ئەمریكا.
دەرفەتی چاكسازی، جێبەجێكردنی سیستەمێكی كارامەی بەڕێوەبردنی پاشماوە دەتوانێت ١١٪ی دەردانی گازی گەرمخانەیی جیهانی كەم بكاتەوە.

تێكچوونی زەوی و لەدەستدانی جۆراوجۆری بایۆلۆجی.
كشتوكاڵ ١١.٥ ملیۆن هێكتار لە ڕووبەری زەوی داگیر دەكات و ٩٠٠ ملیۆن هێكتار زەوی ناچێنراو بۆ بەخێوكردنی ئاژەڵ بەكاردێت. بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر گۆشت، دارستانەكان دەبڕدرێن و دەگۆڕدرێن بۆ لەوەڕگە، ئەمەش دەبێتە هۆی تێكدانی زنجیرە خۆراكییەكان و لەناوچوونی شوێنی ژیانی ئاژەڵ و ڕووەكە كێوییەكان.

ڕەوشی بەفیڕۆدان لە عێراق و هەرێمی كوردستان.
لە عێراقدا، بەپێی داتاكانی UNEP، هەر تاكێكی عێراقی ساڵانە بە تێكڕا ١٠١ كیلۆگرام خۆراك تەنها لە ماڵەوە فڕێ دەدات، كە كۆی گشتییەكەی دەگاتە زیاتر لە ٤.٥ ملیۆن تۆن خۆراكی بەفیڕۆچوو لە ساڵێكدا.
لە هەرێمی كوردستاندا، بەپێی خەمڵاندنی لایەنە پەیوەندیدارەكان، نزیكەی ٥٠٪ بۆ ٦٠٪ی پاشماوەی ڕۆژانەی شارەكان پاشماوەی ئەندامییە (خۆراك و سەوزەوات)ن، ئەمەش بەهۆی كڕینی لەپێویست زیاتر، زێدەڕۆیی لە میوانداری، و سستی لە پڕۆسەی جیاكردنەوە و مردەوەژی (ڕیسایكلكردن).

چۆن بەرپەرچی ئاستەنگەكە بدەینەوە؟.
كڕینی پێویست، تەنها بەپێی پێداویستیی واقیعی خۆراك بكڕە و دووربكەوەرەوە لە زێدەڕۆیی.
پەنابردن بۆ(ڕیسایكڵین) ، پاشماوەی خۆراك و سەوزەوات بگوێزەرەوە بۆ پەینی سرووشتی (كۆمپۆست).

بەخشینی خۆراك، خۆراكی زیادەی بۆنە و ژەمەكان ببەخشە بە كەسانی پێویست.
پەسەندكردنی فەرمی، لە ١٩ی دیسەمبەری ٢٠١٩ق، كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ڕێگەی بڕیارنامەی (74/209) بە فەرمی ڕۆژی ٢٩ی سێپتەمبەری وەك ڕۆژی جیهانیی هۆشیاری لەسەر كەمكردنەوەی بەفیڕۆدانی خۆراك دیاری و پەسەند كرد.
بۆ یەكەم جار لە ٢٩ی سێپتەمبەری ٢٠٢٠، ئەم ڕۆژە بە شێوەیەكی فەرمی لە جیهاندا یاد كرایەوە، بەستنی ئەم یادە هاوكات بوو لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای كۆڤید-١٩، كە دۆخەكە زیاتر گرنگی زنجیرەی دابینكردنی خۆراك و ئاسایشی خۆراكی لە ئاستی جیهاندا زەق كردەوە.