رۆژنامەی ھەولێر

چل مۆم بۆ ڕۆحی مامۆستا مەلا جەرجیس هەولێری؛ کەسایەتی و بلیمەتێکی دیاری پیرەهەولێر

جەمال دیلان
ئەوەی لە هەولێردا ژیابێت و ڕێی کەوتبێتە قەیسەری و مەچکۆ و پیرەقەڵات و تەعجیل و عەرەبی کۆن، ناو و ناوبانگی زانایەکی خاکەڕەوی وەک مامۆستا (جەرجیس هەولێری)ـی بیستووە، کە بە گەنجینەیەکی دەوڵەمەند و شارەزا لە ئایین و مێژووی سەرهەڵدانی بڵاوکردنەوەی پەیامی خودا و ڕێگای ڕاست هەژمار دەکرا؛ چل ڕۆژ لەمەوبەر لە نێو ئاپۆڕای جەماوەریدا، هەولێر بە فرمێسکی گەرمەوە ماڵئاوایی لە کەسایەتیەکی ئایینی خودان هەڵوێست و بلیمەت کرد، کە تەواوی ژیانی لە خزمەت ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا بوو، تەنانەت لە گەنجایەتیەوە و تا دوا هەناسە لە ژیان وەک وتارخوێنێکی ناسراو و خاوەن ئەزموون لە مینبەری مزگەوتدا وانەی ڕێگەی ڕاستی فێری گەنجان دەکرد و بەردەوامیش وەک پیاوێکی سەنگین بە دوای چارەسەردا دەگەڕا بۆ گرفتە کۆمەڵایەتیەکان و هەوڵی دەدا ئاشتەوایی بخاتە نێو دڵی ئەوانەی، کە هەناسەکورتن بەرامبەر بە گرفتەکانی ژیان و ناتوانن بەرگەی بچووکترین ئازاری بگرن.
مامۆستا مەلا (جەرجیس هەولێری) لە دەسپێکی دەرکەوتنی وەک مامۆستایەکی ئایینی لە قەڵای سەرکەشی هەولێرەوە بەو پێیەی نزیکی لەگەڵ خانەوادەی قازی ڕەشاد موفتی هەبوو هەنگاوی بۆ خزمەتکردنی ئایین و پەروەردەکردنی نەوەیەکی لەخواترس و ئاییندۆست بوو، پاشان بە چەند وێستگەیەکی دیکەی ژیاندا تێپەڕی و بوو بە یەکێک لە دیارترین کەسایەتیە ئایینیەکان و مامۆستای مزگەوتی حاجی حوسێن لە گەڕەکی منارە و، وتاری هەینیانی پێشکەش دەکرد و ئێوارانیش لە مزگەوتی سەدیقە خاتوون مێزگەردی ئایینی و تێبینی و سەرنجەکانی وەک شارەزایەک لە بوارەکە بۆ مامۆستایانی ئایینی و میوانانی دەخستە ڕوو، هەمیشەش هەوڵی دەدا بە خەندە و پێکەنین و ڕوخسارێکی جوان و بە ساناییەوە پەیامی ئایینەکە بگەیەنێتە خەڵکی ئەو شارە.
هەر ئەوەش وای کردبوو، کە خۆشەویستیەکی تایبەت لە دڵی هەمووان دروست بکات و گەنج و پیری هەولێر بۆ پرسێکی ئایینی وەک مامۆستایەکی بلیمەت و خاوەن ئەزموون ڕووی تێ بکەن و بە چەند دێڕێک لە پەیامی خودا گرفت و چارەسەرەکان ڕوون بکاتەوە و ڕێگەی ڕاستی نیشانی هەمووان بدات.
مامۆستا جەرجیس لەدایکبووی ساڵی ١٩٤٨ بوو لە کۆڵانە تەسکەکانی گەڕەکی عەرەبی کۆن چاوی بەدنیا هەڵهێنابوو، ئەگەرچی ژیان مەودای نەدا، بەڵام نیوسەدەی بێ دابڕان خزمەتی ئەو شارەی کرد، بەڵام هێشتا هەگبەی پڕ بوو لە زانستی قورئان خوێندن و پەنجە خستنە سەر ڕاستیەکانی ژیان و تەفسیرکردنەوەی ئایین، کە نەوەیەک لە بەر دەستی ئەو کەسایەتیەدا هەڵکەوت و ئێستاش وەک مامۆستایەکی وتارخوێن لە فێرگە ئایینیەکاندا پەیامی پاکی قورئان دەگەیەننە موسڵمانان و بۆ ئەوەی ڕێگەی خوداپەرستی هەڵبژێرن و خۆیان دوور بگرن لە دنیای فانی و کورتمەودا.
مخابن، چل ڕۆژی تەواو بەسەر کۆچی ناوادەی ئەم کەسایەتیە ئایینیە ناسراوەی هەولێردا تێپەڕی، کە بە نەخۆشیەکی سەختەوە ڕۆژی ١٤ـی ئاب، بە هێمنی ژیانئاوایی کرد و لە گۆڕستانی ئیمام محەمەددا بەخاک سپێردرا.