رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا دەکات

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 10/13، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە گوێندەلن (وێندی) گرین، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان و بەهێزترکردنی پەیوەندیی و دۆستایەتیی و هاپەیمانیەتی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و بە تایبەتی پەرەپێدانی لە بواری بازرگانی و فراوانکردنی زیاتری وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە هەرێمی کوردستان.

هەروەها جەخت لە پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا ، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و کرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستن و ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی و شایستە داراییەکان و تەرخانکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، تاوتوێ کرا.