عومەر چنگیانی
ئەمە بۆ جاری چوارەمە كە ئەم نووسینە دەخەمەوە بیری هەموو لایەك كە گوتوومە: (پشتیوان بەخوا بە ئەركی دەزانم گوڵخەرمانی ئەمڕۆم تەرخان بكەم بۆ بیرهێنانەوەی دوو نموونەی قورئان دەربارەی چاوپۆشینەكردنی خوا لە وتاری غروورئامێز با كەسەكە پێغەمبەری خوایش بووبێت!
نموونەی یەكەم: مووسا پێغەمبەر، سڵاوی خوای لێ بێت.
وەك سەرچاوە دروستەكان بۆمانی باس دەكەن، “رۆژێكیان مووسا پێغەمبەر سڵاوی خوای لێ بێ، لە نێو كۆمەڵێك لە شوێنكەوتووەكانیدا، سەرگەرمی ئامۆژگاریكردن و گەیاندنی پەیامی خوا دەبێت، كابرایەكی جوولەكەی خاوەنبڕوا، كە زۆر دەبێتە شەیدای گفتارەكەی مووسا و كار لە دەروونی دەكات، پێی دەڵێ: ئەرێ گەورەم! كەست شك دێت كە لە جەنابت شارەزاتر بێت؟ ئەویش بێ سێ و دوو لێكردن، دەفەرمێت: نەخێر! یەكسەر خوای گەورە نیگا دەنێرێ بۆ مووسا و پێی دەفەرمێت: بەڵێ بەندەی وامان هەیە كە لە تۆ زۆر شارەزاترە، ئیتر رێنمایی دەكات كە بڕوات بەندە لەو شارەزارترەكە ببینێت”1”.
قورئان لە ئایەتی 60-82 لە سوورەتی (كەهف)دا باسی لێ دەكات و چەندین فەرموودەی دروستی پێغەمبەریش، دروود و سڵاوی خوای لەسەر، بۆمانی ڕوون دەكاتەوە، كە ئەو گەشتە فەراهەم هات، كە “خدر” تیایدا چەندین دەرسی پێویست دادەدا بە مووسادا و، بچووكترینیان ئەوە دەبێت، كە هەر لەسەرەتای گەشتەكەدا دەبن، دەبینن: پەلەوەرێك نزم دەبێتەوە بۆ سەر دەریا و دەندووكێكی لێ دەدات و دەفڕێت، لەوێدا خدر لە مووسا دەپرسێ: “ ئەرێ ئەو پەلەوەرەی كە بینیت، توانیی چەند لەو ئاوە كەم بكاتەوە؟ دە بزانە چەندێتی نێوان ئاوەكەی دەنووكی ئەو و دەریاكە چۆنە، نێوان زانستی من و تۆ، لە ئاستی زانستی خوای پەروەردگار، هەرهێندەیە”. لێرەوە دەڵێین: باشە ئەگەر مووسا، كە پێغەمبەری خوا بووە و لە نێو هەموو پێغەمبەراندا، بە”كەلیم”، ناسراوە و زۆرجار راستەوخۆ بەبێ پێویستی بە جوبرائیلی فریشتەی نیگا، لەگەڵ خوادا دواوە، ئەمە حاڵی بووبێت كە خوا لیێ قەبووڵ نەكردبێت، تووشی حاڵەتی خۆنەناسی ببێت، داخۆ لەخۆباییبوون (غرور) لە هیچ كەسێكی دیكە قەبووڵ دەكرێت؟
جێی خۆیەتی هەموو گەورەیەك زۆر بە وردی رەفتار و هەڵسوكەوت بكات لەگەڵ ئەوانەدا كە دەیانەوێت بە پێداگوتنی بێسنوور و فێڵاوییەوە لەخشتەیان ببەن! مێژوو چەسپاندوویەتی كە زۆرجار ئەو جۆرانە ئیشەكەیان كاتی و بۆ بەرژەوەندی بووە و بەس.
نموونەی دووەم: لە جەنگی حونەیندا:
وەك سەرجەم سەرچاوەكانی تەفسیر و فەرموودە و سیرە بۆمانی باس دەكەن، دوای ئەوەی كە خوای گەورە سەركەوتنی زۆری کردە قسمەتی پێغەمبەرەكەی و یارانی و دوایین شوێنی زەوتكراوی گەورەی لای مسوڵمانان واتە مەككەیان ڕزگار كرد و لەو”فەتح”ـەدا زیاتر لە دەیان هەزار كەس لە خزمەت پێغەمبەردا بوو و خەڵكانێكی زۆر و خێڵەكییەكان هاتنە نێو بازنەی ئیسلامەوە و وای دەخواست كە بۆ دوایین جار ئەو ناوە پاك بكرێتەوە، ئیتر پێغەمبەر، دروود و سڵاوی خوای لەسەر و، زۆرێك لە یاران بە سوپایەكی گەورەوە، بەرەو”تایف”، بەڕێ كەوتن. ئەوە بوو لەوكاتەدا یەكێك لە یاران – خوایان لێ ڕازی بێت – كە چاوی بەو هەموو هێزە كەوت، لەخۆباییبوونێكی تووش بوو، گوتی: ئەمڕۆ ئێمە ئەوەندە بەهێزین كەس دەرەقەتمان نایەت! ئەوەندەی نەبرد لە دەیەم رۆژی مانگی شەوالی ساڵی هەشتی پێغەمبەرایەتیدا، لە شیوەڵی حونەیندا کەوتنە بەر بۆسەی “هەوازین”ـەكانەوە و، کۆمەڵێکی زۆریان لێ کوشتوبڕ کەوتن! یاران وەها شکان نەیاندەپەرژایە سەر پێغەمبەر گیانیش؛ خوای گەورە و میهرەبان لە ئایەتی ٢٥ و ٢٦ـی سوورەتی “تەوبە”دا، ناز دەكاتە سەر پێغەمبەر و یارانیدا، دروود و سڵاوی خوای گەورەیان لێ بێ و، دەفەرمێت:
“بەراستی خوای گەورە، لە زۆر جێگەدا یارمەتیتانی داوە؛ نەخاسمە لە ڕۆژی حونەیندا، ئەوکاتەی لە خۆتان بایی بوون و، بە زۆری و فرەییەکەی خۆتانەوە دەنازان و، ئەوەتان بەسەردا هات كە بەسەرتاندا هات؛ لەو زۆریەی خۆتان سەرتان سڕمابوو، کەچی هیچیشتان پێ نەكرا و، وەها ئەو زەوینە پان و بەرینەتان لێ تەسك هەڵگەڕا، پشتتان كردە دژمن! پاشان خوای گەورە ئۆقرەی باراند بەسەر پێغەمبەر و بڕواداراندا”.
دواوشە: لە كۆتاییدا ئەوەیش وەبیر دێنمەوە كە هەر لە سوورەتی كەهفدا و لە ئایەتی ٢٣ و ٢٤ـدا، ڕووی گوتاری دەكاتە محەمەد پێغەمبەر دروود و سەلامی لێ بێت و، پێی دەفەرمێت: (نەكەی بەبێ گوتنی پشتیوان بە خوا و، ئیشەڵاکردن، بڵێیت سبەی وا دەكەم؛ هەركاتیش فەرامۆشت کرد و لەبیرت چوو، بڵێ بەڵكو خوای گەورە ڕێنماییم بكات و نزیك ببمەوە لە ڕاستی).
پەراوێز:
*. فتح الباري شرح صحيح البخاري، فەرموودەی ژمارە ٧٤.

