رۆژنامەی ھەولێر

ئەمریكا بەمەرج فڕۆكەی جەنگی F35 دەداتە توركیا

كارزان گلی – هە‌ولێر

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، وەكوو هەڕەشەیەك بۆ رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، لەرێگەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی دەڵێت ئەگەر سیستەمی بەرگریی S400 چارەسەر نەكەیت، فڕۆكەی جەنگی F35تان نادەینێ.

ماركۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لەكاتی سەردانیكردنی بۆ ئەسینای پایتەختی یۆنان، وەڵامی چەندین پرسی گرنگی دایەوە، بەتایبەت لەبارەی گرژییەكانی نێوان توركیا و یۆنان.
روبیۆ، بەگرنگەوە باسی لەیۆنان كرد، بەوەی هەماهەنگی زۆر گەورە لەنێوان ئەمریكا و یۆنان هەیە بۆ چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هەروەها وزە، بۆیە ئەو پەیوەندییە زیاتر بەرەو پێشەوە دەبەن.
زیاتر لە ١٠٠ ساڵە توركیا و یۆنان كێشەیان هەیە و چەندین جار كەوتوونەتە ناو شەڕێكی قورس، بۆیە هەر چەكێكی قورس لەلایەن ئەمریكاوە بۆ توركیا دابین بكرێت، یۆنان نیگەران دەبێت و هەموو هەوڵێك دەدات چەكی قورس بەتوركیا نەدرێت.
لەبارەی پێدانی فڕۆكەی جەنگی F35 بەتوركیا، كە یۆنان هەر لەسەرەتاوە دژی ئەو هەنگاوە بووە و بەمەترسی بۆ سەر خاكی یۆنانی زانیوە، روبیۆ ئاماژەی دا: ”بەهیچ شێوەیەك ئەو فڕۆكەیە نادرێتە توركیا، ئەمە بۆچوونی سەرۆك ترەمپیشە، تا ئەوكاتەی توركیا تاككلایەنانە بابەتی سیستەمی بەرگریی S400 چارەسەر نەكات.“
باسی لەوەش كرد، توركیا هەر لەسەرتاوە پارەی فڕۆكەی F35ی داوەتە ئەمریكا، بۆیە سەرۆك ترەمپ پێی باش بووە مادام توركیا پارەی داوە فڕۆكەكەی رادەست بكرێت، بەڵام بابەتەكە ئەوەندە ئاسان نییە و لەماوەیەكی نزیكیشدا ئەو فڕۆكەیە رادەستی توركیا ناكرێت.
گوتیشی: ”بەدڵنیاییەوە كاتی زۆر ماوە بۆ ئەوەی ئەو فڕۆكانە رادەستی وڵاتان بكرێت، توركیا پارەی دوو فڕۆكەی داوەتە ئەمریكا، لەناو كۆنگرێسی ئەمریكاش یاسایەك هەیە تایبەت بەو بابەتە، بەڵام لەیاسایەكەدا چەند مەرجێك دانراوە بۆ هەر وڵاتێك كە ببێتە خاوەنی فڕۆكەی F35، ئەگەر هەر وڵاتێك ئەو مەرجانە جێبەجێ نەكات، بەهیچ شێوەیەك فڕۆكەی نادەرێتێ. ئێمە ئەمەمان بەتوركیا راگەیاندووە و ئەوانیش بەدوای چارەسەرێكدا دەگەڕێن، بۆ نموونە لەبارەی S400 دەبێت توركیا ئەو بابەتە یەكلای بكاتەوە، چونكە تاوەكوو ئێستا لەڕووی یاساییەوە ئەو كێشەیە چارەسەر نەبووە، تاكوو چارەسەریش نەبێت ناتوانین ئەو فڕۆكەیەی بدەینێ.“
روبیۆ لەبارەی گرژی نێوان یۆنان و توركیا لەسەر ئیجە و قوبرس، پێیوایە ئەگەر گرژی نێوان توركیا و یۆنان لەبارەی ئیجە و قوبرس چارەسەر نەبێت، ئەمریكا دەستوەردان دەكات، ئەمەش بۆ پاراستنی ئاساییشی ئەمریكایە.
بەپێویستیشی نازانێت توركیا و یۆنان بكەونە شەڕ لەسەر ئیجە و قوبرس، چونكە هەردووكیان ئەندامی ناتۆن و روبیۆ پێیوایە، ئەمە بۆ ئەمریكاش باش نابێت و ئەنجامی زۆر خراپی دەبێت.
یۆنان پێیوایە، ئەگەر توركیا ببێتە خاوەن چەكی قورس، یەكەم وڵات كە زیانی پێدەگات یۆنانە، چونكە توركیا بەردەوام هەڕەشە دەكات، كە ١٢ دوورگەی سەر بەیۆنان دوورگەی توركین و دەڵێت پێویستە بدرێتەوە بەتوركیا، بۆیە دەبێت توركیا لەڕووی چەكەوە سنووردار بكرێت.
ئەم ترسەی یۆنان لەكاتێكدایە، دوورگەكانی نزیك توركیای پڕ چەكی قورس كردووە و بەردەوام توركیا هۆشداری دەداتە یۆنان، كە چەكی قورس لەو دوورگانە بكشێنێتەوە، بەڵام یۆنان گوێی پێنادات و تەنانەت ئەمریكا ئەو چەكانەی داوەتە یۆنان.